راپۆرتی: ئیبراهیم قامیشلۆیی
ئامانجی سەرەکی له جێبه‌جێكردنی پرۆژەی پشتێنه‌ی عه‌ره‌بی لە سوریا، گۆڕینی دیمۆگرافیای خاكی رۆژئاوای کوردستان و بەعەرەبکردنی ناوچە کوردییەکان بوو، پشتێنەکە كه به هێڵی 10 ناسراوه، درێژییەکەی زیاتر 300 کیلۆمەتر و پانییەکەی 15 کیلۆمەتر ده‌بوو، له پارێزگای حه‌سه‌كه به درێژایی سنووری توركیا جێبه‌جێ كرا، کە له سه‌رێ كانییەوە ده‌ستیپێده‌كرد و له گوندی عین دیوه‌ر له‌سه‌ر رووباری دیجله له دێریكی حه‌مكۆ ته‌واو ده‌بوو.
پشتێنه‌ی عه‌ره‌بی
فارس عوسمان پسپۆری مێژوویی له قامیشلۆ له‌وباره‌یه‌وه، به كوردستانی نوێی راگه‌یاند: پشتێنه‌ی عه‌ره‌بی پرۆژەی محەمەد تەڵەب هیلال بوو، كه بەرپرسی شوعبه‌ی حزبی به‌عس بوو لە پارێزگای حەسەکە، كه عه‌ره‌بێكی شۆڤێنی بوو.
بە درێژایی سنووری تورکیا جێبه‌جێ كرا
ئەو پسپۆرەی مێژوو وتیشی: له ساڵی 1963 ده‌سه‌ڵاتدارانی سوریا دوای چه‌ندین شیکاری و بە هۆی رق و کینه‌ی مێژوویی به‌رامبه‌ر گەلی کورد له سوریا، پرۆژه‌که‌یان په‌سه‌ند کرد، به‌ڵام لە ساڵی 1974دا پرۆژەی پشتێنەی عەرەبی لەسەردەمی حافز ئه‌سه‌د له ناوچەی جه‌زیرەی پارێزگای حەسەکە له رۆژئاوای كوردستان بەدرێژایی سنووری تورکیا جێبه‌جێ كرا.
فارس عوسمان: ئامانجی سەرەکی پشتێنەی عەرەبی، گۆڕینی دیمۆگرافیای خاكی رۆژئاوای کوردستان و بەعەرەبکردنی ناوچە کوردییەکان بوو، دەرکردنی کورد و دەستبەسەراگرتنی زەوییەكانیان بوو لە پارێزگای حەسەکە
گۆڕینی دیمۆگرافیای رۆژئاوای کوردستان
ئه‌و مێژوونووسه روونیشی دەکاتەوە و ده‌ڵێت: ئامانجی سەرەکی پرۆژەکە گۆڕینی دیمۆگرافیای خاكی رۆژئاوای کوردستان و بەعەرەبکردنی ناوچە کوردییەکان بوو، پشتێنەی عەرەبی مەبەست لێی دەرکردنی کورده‌كان و دەستبەسەرداگرتنی زەوییەكانیان بوو لە پارێزگای حەسەکە، کە زیاتر لە 40 هەزار عەرەبی هاورده له‌وكاته‌دا له 38 گوندی کوردی نیشته‌جێكران و چەندین گوندی نوێش بۆ ئەو عەرەبە هاوردانە لەسەر خاكی رۆژئاوای کوردستان دروستکرا.
روونیشیكرده‌وه و وتی، دەسەڵاتدارانی بەعس لە پرۆژەكه‌دا نەیانتوانی هاووڵاتیانی کورد دەربکەن، به‌ڵام به‌شێكی زۆری زه‌وییه کشتوکاڵییه‌کانیان له‌ژێر ناوی (موڵکی ده‌وڵه‌تدا) لێسەندن و عەرەبیان لە پارێزگای حەلەب و رەققەوە هێنا و له‌سەر گوندی کوردان نیشته‌جێیان كردن.
به‌شێكی زۆری کورد له رەگەزنامە بێبه‌شكران
فارس عوسمان ئاماژەی بەوە کرد کە «تا ئێستا ئه‌م كێشه‌یه بەردەوامە و له خاڵە سەرەکییەکانی دانوستانەکانی نێوان وەفدی هاوبەشی کورد و حکومەتی شام ده‌بێت»، لە بەردەوامیی قسەکانیدا وتی: دوای شۆڕشە کوردییەکان لە باشووری کوردستان لە ساڵانی شەسته‌كان و حەفتاکانی سه‌ده‌ی رابردوودا، حکومەتی سوریا به جددی هەوڵی دەرکردنی کوردی دا لە ناوچەی جه‌زیرەی رۆژئاوای کوردستان و به‌شێكی زۆری کوردی ناوچەکەش له رەگەزنامەی سوریی بێبه‌شكران.
هاوشێوەی نیشتەجێكردنی جولەکە لە فەلەستین بوو
سەبارەت بە چۆنێتی دەرکردنی کورد و پلانی بەعس وتی: پلانی نیشتەجێكردنی عەرەبی هاوردە لە ناوچە کوردنشینەکان، هاوشێوەی نیشتەجێكردنی جولەکەکان بوو لە فەلەستین، هەروەها بەعس دەیزانی نه‌وت و کێڵگەی نەوت لە ناوچە کوردییه‌كانی سوریا هەیە، بۆیە بە جددی کاری لەسەر پرۆژەکە دەکرد.
وتیشی: لە 11ی تشرینی دووەمی ساڵی 1964، حكومه‌تی ئه‌وكاته‌ی سوریا ته‌واوی پارێزگای حه‌سه‌كەی وه‌ك ناوچه‌یه‌كی سنووری راگه‌یاند، لە ساڵی 1965یش، کاتێک محەمەد تەڵەب هیلال وه‌ك پارێزگاری حەسەکە دیاریكرا، پلانەکە جددیتر بوو بۆ جێبەجێکردنی پێشنیارەکانی بۆ دروستکردنی پشتێنەی عەرەبی بەدرێژایی سنووری تورکیا لەگەڵ سوریا، دواتر هیچ مافێکی راستەقینەی بۆ خاوەن زەوییەکانی پارێزگاکە نه‌هێشته‌وه و زیاتر لە سێ ساڵ کشتوکاڵكردن لە جووتیارانی کورد قه‌ده‌غه‌كرا.
دژی بڕیارەکە وەستانەوە
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد کە «لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 1966دا و لە وەرزی دروێنەی گەنم و جۆدا، ملازمی یەکەم رەمەزان عوبەید و به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی عامودا، دانیشتوانی گونده‌كانی سورکا، غەزالیکی، مۆزان، حاسدە، قەرقوب، باب خەیر، سمیتک و گوندەکانی دیكه‌ی سنووری عامودای ئاگادار کردەوە كه پێویسته ئامادەبن ماڵ و گوندەکانیان جێبهێڵن و یەکێک لە ناوچەکانی باشووری پارێزگای حەسەکە هەڵبژێرن، بەڵام هەر زوو ئەم داواكارییه لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە رەتکرایەوە و بووه هۆی شه‌ڕ و برینداربوونی چه‌ندین هاووڵاتیی كورد، بەوەش بڕیارەکە راگیرا، بەڵام دواتر له ساڵی 1974 دا جێبەجێکرا.
شایه‌نی باسـه، یەکێک لە خاڵەکانی كۆنفرانسی یه‌كڕیزی و یه‌كهەڵوێستی کورد لە قامیشلۆ، لە 26ی نیسانی 2025، گێڕانه‌وه‌ی گوند و زەوییە كشتوكاڵییه‌كانی هاووڵاتیان و جووتیارانی كورد بوو، کە لە ساڵی 1974ەوە له‌ژێر ناونیشانی جیاجیای شۆڤێنی عەرەب داگیرکراون و عه‌ره‌بی هاورده له سه‌ر زەوی كورد لە رۆژئاوای کوردستان جێگیركراون.
محەمەد تەڵەب هیلال
ژمارەی عەرەبی هاوردە
سەبارەت بە ژمارەی عەرەبی هاوردە وتی: ژمارەی عەرەبی هاورده‌ی ساڵی 1974 ئێستا لە ناوچه كوردنشینه‌كان، نزیکەی 70 هەزار کەسن، ئەمەش گرێ كۆێره‌یه‌كی دیکەی دانوستانەکانی نێوان کورد و حکومەتی شامە.