ئێستا خەڵكی كوردستان بۆ چارەسەر، كەمتر روو لە دەرەوەی وڵات دەكەن

10:55 - 2025-07-30
ڕاپۆرت
58 جار خوێندراوەتەوە
نەشتەرگەریی یەكێكە لە رێگە چارەكان بۆ نەخۆش

ئا: تەها عەبدوڵڵا

نەشتەرگەریی یەكێكە لە رێگە چارەكان بۆ نەخۆش، ئەگەر بە دەرمان  چارەسەر نەكرێت ئەوا  بە رێگەیەكی دیكە نەخۆش چارەسەر دەكرێت، كە ئەویش بریتییە لە نەشتەرگەریی، بێگومان دوای وەرگرتنی رەزامەندی خۆی یان كەسوكارەكەی.
د. ئامانج وەفایی رەشید پزیشكی پسپۆڕ و نەشتەرگەریی گشتی بە لاپەڕەی تەندروستی راگەیاند: نەشتەرگەریی بەگشتی دابەش دەبێتە سەر دوو جۆر، یەكێكیان لەناكاو و كتوپڕە، ئەوانەن كە لە ئەنجامی رووداوێك تووشی كەسێك دەبێت، ئەو كەسە بەسەختی بریندار دەبێت، یانیش لەكاتی كون بوونی ریخۆڵەكان و گەدە و ئەستوربوونێكی ترسناك، جۆری دووەمیش بریتییە لە نەشتەرگەرییە ساردەكان، ئەو جۆرەیان لەو رۆژە ئەنجامنادرێت، بەڵكو كاتێكی بۆ دیاری دەكرێت.
د. ئامانج روونیشیكردەوە: لە هەموو حاڵەتەكاندا، بەر لە ئەنجامدانی نەشەرگەریی، پشكنینی پێویست بۆ نەخۆشەكە دەكرێت، بۆ دڵنیابوون لە جۆری نەخۆشییەكە و شێوازی ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەكە، هەروەها دابینكردنی پێداویستی نەشتەرگەری، وەك ئامێر و پزیشكی پسپۆڕ و كارمەندانی پێویست، هاوكات نەشتەرگەریی بەدوو شێواز دەكرێت، یەكەم بە شێوازە كۆنەكە كە ئەویش كردنەوەیە واتە (فتح)، شێوازەكەی تر بە ئامێری هەناو بینین (نازوور) دەكرێت، نەشتەرگەریی بە شێوازی یەكەم كە كردنەوەی هەناوە، چەند لێكەوتەیەكی هەیە، لەوانە شوێنەكەی دیار دەبێت و هەندێكجار تووشی هەوكردن و ئەستوربوون (فتق) دەبێت، هەروەها كەسەكە زیاتر هەست بە ئازار دەكات و درەنگتر دەگەڕێتەوە سەر دۆخی ئاسایی خۆی.
ئەو پزیشكە پسپۆڕە وتیشی: ئەوەی دووەم كە بە شێوازی نازوورە، لە رێگەی ئامێرەوە دەكرێت، بەبێ ئەوەی كرداری كردنەوەی هەناوی بۆ بكرێت، ئەو شێوازە رێژەی هەوكردن و ئازاری كەمترە و نەخۆش زووتر چاكدەبێتەوە، هەروەها مەترسییەكانی ئەستوربوون (فتق)ی كەمترە، هەندێك لە نەخۆشییەكان پێویستیان بە كردنەوەی هەناوە و ناتوانرێت بە نازوور بكرێت، بە تایبەتی لە حاڵەتی تەقینی ریخۆڵە كوێرە، یان ئەو كاتانەی كە بە نازوور سەركەوتوو نابێت و بڕیار لە جۆری دووەم دەدەن، كە كردنەوەی هەناوە، هاوكات هەندێكجاریش پێویستە ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەكە دوابخرێت، تا ئەو كاتەی چارەسەری پێویست وەردەگرێت، بۆ ئەوەی تەواو ئامادەبێت، لە كاتی خۆی نەشتەرگەرییەكەی بەسەركەوتوویی بۆ بكرێت.
د.ئامانج ئاماژەی بەوەشكرد: ئەنجامدانی نەشتەرگەریی دوا كرداری چارەسەركردنی نەخۆشییەكانە، چونكە پزیشكەكان هەوڵ دەدەن لە رێگەی چارەسەر و دەرمان نەخۆشییەكە كۆنتڕۆڵ بكەن، بەڵام ئەگەر نەتوانرا ئەوە بكرێت، ئەوە بڕیار لەسەر ئەنجامدانی نەشتەرگەری دەدرێت.
دەشڵێت: ئێستا ئاستی زانستی لە قۆناغێكی زۆر پێشكەوتوودایە، دیارە هەرێمی كوردستانیش بێبەش نییە لەو پێشكەوتنە، بەجۆرێك زۆربەی نەشتەرگەرییە زەحمەتەكان لە كوردستان دەكرێت، كە پێشتر دەبوو لە دەرەوەی وڵات بكرایە، لەوانە بڕبڕەی پشت و مێشك و چاندنی جگەر و گورچیلە، لەگەڵ ئەوەش هێشتا پێویستمان بە هەنگاوی زیاتر هەیە، كە تاكو ئێستا نەتوانراوە لەناوخۆ بكرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان