یانەی هەولێر لە دووڕیانێكی سەختدا

01:40 - 2025-07-30
وەرزش
35 جار خوێندراوەتەوە

ستادیۆم

ماوەیەكی زۆرە، هاندەران و هەوادارانی یانەی هەولێر لە  گێژاوی ئەنجامی خراپی تیپەكەیان چ لە خولی كوردستان و چ لە خولی ئەستێرەكانی عیراق لە لایەك و كێشە و ناتەبایی دەستەی بەڕێوەبەریی یانەكە لەلایەكی ترەوە، دەناڵێنن و هاندەرانی یانەكە بەگشتی زۆر تووڕەن.
ئەم توڕەبوونەی هاندەرانی یانەكە هەر لە خۆوە نییە و بێ بنەما نییە، ئەوەتا وەرزی نوێی خولەكانی عیراق و كوردستان هیچی وایان نەماوە دەستپێبكەن، تائێستا دیار نییە ئەم وەرزە لە هەردوو خولەكەدا كێ بۆ تیپی یانەی هەولێر یاریی دەكات، سەرجەم یانەكان بە تایبەتیش یانەكانی كوردستان كە بەشداریی خولی ئەستێرەكانی عیراق دەكەن، لەگەرمەی هێنانی یاریزانی باشدان، بەڵام كاتێك سەیری یانەی هەولێر دەكەیت، وەك ئاشكرا بووە 13 یاریزانی تیپەكە رۆیشتونەتە تیپی یانەیەكی تر لەوانە: ئوسامە رەشید، هێلیۆ مۆنتیرۆ، هیگۆر ڤیدال، فرانك سیدریك، خالید كوردۆغلی، عەلی رەحیم، رێبین سۆلاقە و چەند یاریزانێیكیتر، ئالەم كاتەدا دیار نییە ئیدارەی یانەكە كێ دەكاتە جێگرەوەی ئەو هەموو یاریزانە رویشتووە.
لەلایەكی ترەوە، گێژاوی هەڵبژاردنی دەستەی بەڕێوەبەری نوێ و هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ و دەستەیەكی بەڕێوەبەری شیاو سەرئێشەیەكی خراپی بۆ یانەكە دروستكردووە، ئەمەش خۆی بۆ خۆی كاردانەوەی خراپی لەسەر ئاستی سەرجەم تیپەكانی دروسكردووە، ماوەیەك لەمەوبەر هەڵبژاردن بۆ دەستەی نوێی بەڕێوەبەریی كرا، شەش كەس بۆ دەستەی بەڕێوەبەری دیارییكران، بەڵام وەك باس دەكرێت، بەهۆی دەستتێوەردانی حزبییەوە، داوا دەكرێت زۆربەیان دەست لەكار بكێشنەوە، تەنانەت باسی ئەوە دەكرێت كە دەرگای یانەکە بەڕووی دەستەی نوێدا داخراوە و رێگاشیان نادەن بچنە ناو بارەگای یانەكە، ئەمەش نەك هەڵبژاردنەكە بەڵكو یانەكەشی خستۆتە قەیرانێكی گەورەی ترەوە.
ئێستا هەوڵێك لە ئارادایە بۆ دەربازكردنی یانەكە لەم قەیرانانە، ئەوەیش ئەوەیە دەستەیەكی كاتی پێكبهێنرێت و ئەو دەستە كاتییە یانەكە بخەنەوە سەر سكەو كەمێك لە كێشەو قەیرانەكانی كەم بكەنەوە و ئارامی بۆ یانەكە دەستەبەر بكەن و دڵی هاندەرانی ماندو و شەكەت و تووڕە خۆشبكەن.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان