ژنێک دەبێت بە سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا

09:15 - 2022-09-06
جیهان
629 جار خوێندراوەتەوە

لیز تراس بە سەرۆكی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا هەڵبژێردرا و بووە سەرۆك وەزیرانی نوێی وڵاتەكەشی.
ئاژانسەكانی هەواڵ بڵاویانكردەوە «بڕیارە بەم نزیکانە لیز تراس كابینەی نوێی حكومەتی بەریتانیا رابگەیەنێت».
دوای زیاتر لە 10 کەمپەین بەرامبەر رکابەرەکانی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، دواجار (لیز تراس) بە سەرۆکی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا هەڵبژێردرا.
دوێنێ دووشەممە لیز تراس بە 81 هەزارو 327 دەنگی ئەندامانی پارتی پارێزگاران، بە سەرۆكی حزبەکە هەڵبژێردرا، بەمەش بەشێوەیەکی راستەوخۆ دەبێتە سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا.
لیز تراس سەرۆکی نوێی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا  لە لێدوانێکدا وتی: شانازی دەکەم کە وەکو سەرۆکی پارتی پارێزگاران هەڵبژێردرام، بە هەموو توانامەوە کار دەکەم بۆ ئەوەی ئامانجە هاوبەشەکانمان بەدیبهێنم.
لیز تراس ئاماژەی بەوەشکرد، کە پلانێکی گەورە جێبەجێدەکات بۆ ئەوەی باجەکان کەم ببنەوە و ئابووریی بەریتانیاش ببوژێنێتەوە.
لیز تراس، ساڵی 1975 لە شاری ئۆکسفۆرد لەدایکبووە و لە خوێندنگە حکومییەکان خوێندوویەتی و پێشتر ئەندامی حزبی لیبراڵ دیموکرات بووە و ساڵی 1994 لە کۆنفرانسی ساڵانەی ئەو حزبەدا پێگەی  بەهێزی هەبووە.
لیز تراس لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا لە ساڵەکانی 2001 و 2005 کاندیدبووە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. دواجار ساڵی 2010 بە پشتگیریی دەیڤید کامیرۆن سەرۆک وەزیرانی ئەو کات، توانی بچێتە پەرلەمان. دوو ساڵ دواتر وەک یاریدەدری وەزیری پەروەردە یەکەم ئەرکی حکومی وەرگرت و ساڵی 2014 بوو بە وەزیری کشتوکاڵ و ژینگە، تراس تا ساڵی 2021 وەک وەزیری داد، بریکاری وەزارەتی دارایی و وەزیری بازرگانیی نێودەوڵەتی کاریکردووە و لەو ساڵەدا بوو بە وەزیری کاروباری دەرەوەی بەریتانیا.

سەرچاوە: ئاژانسەکان

#بەریتانیا

بابەتە پەیوەندیدارەکان