قوباد تاڵەبانی لەگەڵ سەرۆکی ئەرمینیادا کۆبۆوە

06:26 - 2024-02-29
کوردستان
522 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران  لەگەڵ ڤاهگن خاچاتوریان، سەرۆکی ئەرمینیا کۆبۆوە و باسی چۆنێتی پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان هەردوولا لە بوارە جیاوازەکان و چەند پرسێکی دیکەش تاوتوێ کران.

کۆبوونەوەکە سەرلەئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 29ی شوباتی 2024 لە هەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا هەر یەکە لە رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و دارا رەشید، وەزیری پلاندانان و سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی و دابان شەدەڵە، جێگری سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم ئامادەی بوون.

هەردوولا بە گرنگییەوە باسیان لە پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەرمینیا کرد و جەختیانکردەوە لەسەر پتەوکردن و زیاتر بەرەوپێشبردنی ئەو پەیوەندییانە لە بوارە جیاوازەکاندا، بە تایبەتیش لە بوارەکانی تەکنەلۆژیا، بازرگانی و وەبەرهێنان، کشتوکاڵ، تەندروستی و خوێندنی باڵادا. لەمبارەیەوە گفتوگۆ لەسەر میکانیزم و ڕێوشوێنەکانی چۆنییەتی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەو بوارانەدا و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ئەرمینیا کرا.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی دۆخی سیاسی و ئەمنی ناوچەکە بە گشتی کرا. هەردوولا هاوڕابوون کە ناسەقامگیری ناوچەکە لە بەرژەوەندی هیچ گەلێکدا نییە و پێویستە هەموو لایەنەکان بۆ رێگریکردن لە قوڵبوونەوەی ناکۆکییەکان، سیاسەتی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن و چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوەی ئاشتییانە بگرنەبەر.

پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو. جێگری سەرۆک وەزیران روونیکردەوە کە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوا هەرێم و بەغدا بەپێی دەستوور، بە جۆرێک کە لە بەرژەوەندی هەموو گەلانی عیراقدا بێت.

# قوباد تاڵە‌بانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان