کورد و رێنسانسی ئەدەبی عەرەب

10:04 - 2024-03-24
کەلتور
169 جار خوێندراوەتەوە

عەلی عەبدولسەمەد


کەم نەبوون ئەو کەسایەتی و نووسەر و ئەدیب و بیرمەندانەی کە خزمەتی ئەدەبیات و رۆشنبیریی عەرەب و فارس و گەلانی دیکەیان کردووە، کە لە بنچینەشدا لە نەتەوەی کوردبوون و رەگ و ریشەشیان بۆ خاک و ئاو و هەوای کوردستان دەگەڕێتەوە، بەڵام مەخابن بەهۆی نەبوونی دەوڵەت و خاکێکی دوور لە شەڕ و گرفت، باب و باپیرانیان کۆچیان کردووە بۆ خاک و وڵاتانی دیکە و داهێنان و شاکاری نەوەکانیان، بە زمانی ئەو وڵاتانەی کۆچیان بۆ کردوون نووسراوە، نەوەک بە زمانی شیرینی کوردی.
ئەگەرچی زۆر کاتیش دەبیستین و دەبینین کە باس لە رەگ و ریشەی  دەیان کەسایەتی عەرەب، یاخود فارس و تورک دەکرێت و دەوترێت کە بنچینەیان کورد بووە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم جۆرە قسانە زۆرجار بەبێ بوونی بەڵگەیەکی باوەڕ پێکراو وتراون، بەڵام لەپەرتوکی (رۆڵی کورد لە سەردەمی بوژاندنەوەی ئەدەبی و رووناکبیری عەرەبیدا)، بە بەڵگەی مێژوویی و زانستییەوە، ئەو راستیە سەلمێندراوە، کە چەندین ئەدیب و نووسەر و گەورە بیرمەندی جیهانی عەرەبی، لە بنچینەدا کوردبوون و لە کوردستانەوە باوباپیرانیان کۆچیان کردووە بۆ وڵاتانی عەرەبی.
پەرتوکی (رۆڵی کورد...) کە نووسەر و رۆژنامەنوس (گۆران فەتحی)، لە دوو توێی زیاتر لە سەد پەڕەدا نووسیویەتی، تێیدا چەندین بەڵگەی مێژوویی و زانستی دەخاتەڕوو کە  دەیسەلمێنێت چەندین کەسایەتی دیار و کاریگەری ناو ئەدەبیات و رۆشنبیری عەرەب، لە بنچینەدا کوردبوون و نەک هەر ئەوەش بەڵکو بەڵگەنامەی کوردبوونیان لەنێو پەڕتوک و سەرچاوە عەرەبیەکاندا باسکراوە و سەلمێندراوە.
ئێمە لێرەدا نموونەی چەندین کەسایەتی دیار و بەرچاو، کە لەم پەرتوکەدا باسکراون دەخەینەڕوو کە لەبنچینەدا کوردبوون و خزمەتی گەورە و بەرچاویان بە ئەدەبیات و نووسین و رۆشنبیری عەرەبی کردووە، بەدەر لەوانەش ئەوەی جێگەی سەرنجە لەم پەڕتوکەدا کە باسکراوە رەگ و بنچینەیان کوردە، بنەماڵەی «سەفەوی»یەکانن کە ئەمەش بابەتێکی نوێیە و بۆ یەکەمجار باسی لێوەکراوە.

بەشێک لەو ئەدیب و رووناکبیرانەی نێو کتێبەکە
ئەحمەد شەوقی- گەورەترین و مەزنترین شاعیری وڵاتانی عەرەبییە، وەک خۆی باسی دەکات، ساڵی 1868 لە قاهیرە لەدایک بووە، لەنێو بنەماڵەیەکی دەوڵەمەند،  یەکەم کەس لە بنەماڵەکەیان کە هاتۆتە میسڕ، باپیری بووە لە باوکیەوە. شەوقی بەمجۆرە باس لە رەگەزی خۆی دەکات و دەڵێت: (گوێم لەباوکم بوو دەیوت رەگەزمان دەگەڕێتەوە سەر کورد ئینجا عەرەب) ئەگەرچی شارەزیان پێیانوایە بنەماڵەی شەوقی بەهیچ شێوەیەک رەگەزی عەرەبی تێکەڵ نەبووە.
محەمەد عەبدە- ئیمامی چاکسازی و ئەدیب و سیاسەتمەدار و موفتی وڵاتی میسڕ بووە، ئەم کەسایەتییە بە کورد و تورکمانیش ناوی دێت لە سەرچاوەکاندا و سەبارەت بە کوردبوونی محەمەد ئەمین زەکی دەڵێت: (شێخ محەمەد عەبدە کورد نەژادە و بە کوردی داناوە، قاسم ئەمینی هاوڕێی زۆر خۆش دەویست و رەنگە ئەوەش بگەڕێتەوە بۆ ناسنامە کوردییەکەی، چونکە قاسم کوردێکی تەواو بوو.)
عەبدولڕەحمان کەواکیبی- نووسەر و بیرمەند، بەیەکێک لە ناودارانی سەردەمی رێنسانسی عەرەبی و هەروەها بیری نەتەوەیی عەرەب دادەندرێت، هەرچەندە وەک سیمبولی نەتەوەیی و هەستانەوەی عەرەب هەژمار دەکرێت، بەڵام ئەسڵی بنەماڵەکەیان واتە کەواکیبی کوردە و لەگەڵ بنەماڵەی حەیدەرییەکانی کوردستانی عیراق و سەفەوییەکانی ئێران، لەیەک بەرەبابن و باپیرە گەورەیان کەسایەتییەکی کوردی سوننە بووە کە ئەویش شێخ سەفیەدینی ئەردەبیلییە.
جەمیل سدقی زەهاوی- شاعیر و فەیلەسوفی گەورەی عیراق، لەباوانیەوە دەگەڕێتەوە سەر میرانی بابان، نازناوی (زەهاو)ی لە نەنکی باوکییەوە وەرگرتووە کە خەڵکی زەهاو بووە لە ئێران.
مەعروف رەسافی- شاعیری گەورەی عیراق، لەلایەنی باوکییەوە کوردە و خەڵکی شاری کەرکوکن و باوکی سەرباز بووە لە سوپای عوسمانی و لە عەشیرەتی جەباری بوون.
ئەم کەسایەتییانە نموونەیەکی کەمن و مشتێکن لە خەرمانێک لەو دەیان، ئەدیب و زانا و بیرمەند و نووسەر و شاعیرانەی کە بەڕەگ و رەچەڵەک کوردبوون و لەنێو جیهانی عەرەبیدا ژیاون و بەرهەمەکانیان بە زمانی عەرەبی نووسیوە.
لە کۆتاییدا دەڵێین پەرتوکی (رۆڵی کورد لەسەردەمی بوژاندنەوەی ئەدەبی و رووناکبیری عەرەبیدا)، هەوڵێکە بۆ پاراستن و ئەرشیفکردنی ئەو بەڵگە و سەرچاوە مێژووییانەی باسیان لەکوردبوونی ئەو کەسایەتییە گەورانە کردووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان