فیلیب سیب
خوێندنه‌وه‌ی: د. یه‌حیا عومه‌ر رێشاوی
ئه‌زموونی تۆڕی ئاسمانیی ئه‌لجه‌زیره یه‌كێكه له ئه‌زموونه میدیاییه جیاوازه‌كانی جیهانی عه‌ره‌بی و له سه‌ره‌تای دروستبوونی ئه‌م تۆڕه میدیاییهوە وه‌ك كه‌ناڵێكی ئاسمانی له سه‌ره‌تاكانی ساڵی 1994-ەوە تا ئێستا، به ده‌یان كتێبی له‌سه‌ر نووسراوه و به سه‌دان توێژینه‌وه‌ی زانستیی له زانكۆكان و سه‌نته‌ره‌كانی توێژینه‌وه له‌سه‌ره کراوە، جگه له سه‌دان وتار و دیمانه‌ی ته‌لەفزیۆنی و دیبه‌یت و كۆڕ‌و سیمینار و كۆنفراس بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌م ئه‌زموونه و تیشك خستنه‌سه‌ر لایه‌نه شاراوه‌كانی.
ئەلجزیرە نەیویست دووبارەکەرەوەی ئەزموونەکانی پێش خۆی بێت
ئه‌گه‌رچی ئه‌م ئه‌زموونه میدیاییه وه‌ك هه‌ر كه‌ناڵێكی ئاسمانیی دیكه ده‌ستی به په‌خشی به‌رنامه‌كانی كرد، به‌ڵام هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه نه‌یویست دووبارهكهرهوهی هه‌مان ئه‌زموونه‌كانی پێش خۆی بێت و به گوتارێكی میدیایی جیاواز ده‌ستیپێكرد و له ماوه‌یه‌كی زه‌مه‌نیی زۆر كه‌مدا ناوبانگێكی میدیایی گه‌وره‌ی بۆخۆی په‌یداكرد و له بواری كه‌ناڵه هه‌واڵییه‌كانی ناوچه‌كه‌دا، بووه ژماره یه‌ك و زۆرێك له‌و ئه‌زموونه میدیاییانه‌ی كه دوای ئه‌و هاتن، به‌جۆرێك له جۆره‌كان لاسایی كه‌ره‌وه‌ی ئه‌م بوون.
تۆڕی ئه‌لجه‌زیره له ماوه‌ی 30 ساڵه‌ی ته‌مه‌نییدا - ئه‌گه‌رچی ئێمه له‌گه‌ڵ ئایدیا و فه‌لسه‌فه‌ی پشت كاركردنی بین یا نا- توانیی نه‌ك ته‌نها كاریگه‌رییه‌كی میدیایی دروستبكات، به‌ڵكو بوو بە فاكته‌رێكی گرنگ له كایه‌ی سیاسیی ناوچه‌كه‌دا و بگره جیهان و میرنشینی (قه‌ته‌ر)ی له وڵاتێكی بچووك و په‌راوێزه‌وه كرده وڵاتێكی گه‌وره و كاریگه‌ر. ئه‌لجه‌زیره له‌و ماوه‌یه‌دا هه‌رایه‌كی میدیایی و سیاسیی گه‌وره‌ی ناوه‌ته‌وه و له نێوان پشتگیر و دژدا زۆرترین مشتومڕی وه‌ك كه‌ناڵ و ئه‌زموونێكی میدیایی ناوه‌ته‌وه كه مایه‌ی سه‌رنج و تێڕامانه.
لە هەشت بەش و تەوەردا
یه‌كێك له‌و كتێبه گرنگانه‌ی كه به زمانی ئینگلیزی چه‌ند ساڵێك لهمهوپێش له‌سه‌ر ئه‌م ئه‌زموونه میدیاییه نووسراوه، كتێبی نووسه‌ری ئه‌مریكی (فیلیپ سیب)ه به ناونیشانی: (تاثير الجزيرة كيف يعيد الاعلام العالمي الجديد تشكيل السياسة الدولية - كاریگه‌ریی ئه‌لجه‌زیره، میدیای جیهانیی نوێ چۆن سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تیی داده‌ڕێژێته‌وه).
كتێبه‌كه له‌لایه‌ن (عیزەدین عەبد ئەلمەولا)وه وه‌رگێڕدراوه‌ته سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی و به قه‌باره‌ی 455 لاپه‌ره لە ساڵی 2011دا له‌لایه‌ن هه‌ردوو دامه‌زراوه‌ی (الدار العربية للعلوم ناشرون) و (مركز الجزيرة للدراسات)ەوە چاپكراوه.
كتێبه‌كه پێكهاتووه له پێشه‌كی و ده‌ستپێك و هه‌شت به‌شی سه‌ره‌كیی:
به‌شی یه‌كەم به ناونیشانی: (مابعد صدام الحضارات– له پاش پێكدادانی شارستانییه‌كان).
به‌شی دووەم به ناونیشانی (قنوات والمزید من القنوات – كه‌ناڵ و به‌رده‌وام كه‌ناڵی تر).
به‌شی سێیەم (تدفق الانترنت – هه‌ڵقوڵانی ئینته‌رنێت).
به‌شی چوارەم (صعود الدولة الافتراضية – هه‌ڵكشانی ده‌وڵه‌تی گریمانه‌یی).
به‌شی پێنجەم (ترابطات عالمية، إرهاب عالمي– هاوپه‌یوه‌ستبوونی جیهانی، تێرۆری جیهانی).
به‌شی شهشەشەم (النضال الألكتروني من أجل الديمقراطية– تێكۆشانی ئهلەكترۆنی له‌پێناوی دیموكراسیدا).
به‌شی حه‌وتەم (إعادة تشكيل الشرق الأوسط – دووباره پێكهێنانه‌وه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست).
به‌شی هه‌شتەم (ماذا يعني كل ذلك؟ – هه‌موو ئه‌مه چی ده‌گه‌یه‌نێت؟).
پاش ئه‌مانه په‌راوێزه‌كان و سه‌رچاوه‌كان و پوخته‌یه‌ك له ژیانی نووسه‌رە.
کەمکردنەوەی رۆڵی حکومەتەکان لە کۆنترۆڵکردنی بیرکردنەوەی خەڵکدا
له پێشه‌كی كتێبه‌كه‌یدا نووسه‌ر باس له هه‌ڵكشانی كاریگه‌ریی ئه‌لجه‌زیره ده‌كات و پێیوایه كه: (توانای حكومه‌ته‌كان له كۆنترۆڵكردنی جۆری بیركردنه‌وه و زانیاریی خه‌ڵكدا رۆژ به‌ڕۆژ كه‌متر ده‌بێته‌وه، به‌هۆی كاریگه‌ریی ئه‌لجه‌زیره)وە، هه‌روه‌ها پێیوایه كه ئامرازه میدیاییه‌كان له وڵاته تازه گه‌شه‌سه‌ندووه‌كاندا له گه‌شه‌كردنێكی هێواشدان، به‌ڵام به جێگریی گه‌شه ده‌كه‌ن و له كۆتایی پێشه‌كیه‌كه‌یدا نووسه‌ر ده‌ڵێت: (باوه‌ڕێكی ته‌واوم هه‌یه كه ئه‌گه‌ر ئازادیی ته‌واو به خه‌ڵك بدرێت له دیاریكردنی سیاسه‌تی خۆیان و شێوازی ده‌ستخستنی زانیارییه‌كاندا، ئه‌وانه ئه‌م جیهانه‌مان ده‌بێته شوێنێكی باشتر و ره‌نگه ئه‌لجه‌زیره‌ش پاڵپشتی ئه‌مه بێت).
نووسه‌ر له سه‌ره‌تای كتێبه‌كه‌یدا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه كه جه‌نگی به‌ده‌ستهێنانی عه‌قڵه‌كان و دڵه‌كان له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا به ته‌نها له شه‌قامه‌كانی به‌غدادا به‌رپا ناكرێت (دیاره یه‌كێك له هۆكاره‌كانی ناوبانگی ئه‌لجه‌زیره رووماڵی راسته‌وخۆی جه‌نگی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان بوو بۆ سه‌ر عیراق و رژێمی به‌عس)، به‌ڵكو له بڵاوكراوه هه‌واڵیی و پڕۆگرامه گفتوگۆئامێزهكانی ئهلجهزیرەدا بەرپا دەکرێت.
لە تیۆرەکەی هانتینگتۆن-ەوە
پاشان نووسه‌ر دێته سه‌ر باسی تیۆری (پێكدادانی شارستانییه‌كان)ی نووسه‌ری به‌ناوبانگی ئه‌مریكیی (سامۆیل هانتنگتۆن)، كه چۆن میدیا رۆڵێكی كاریگه‌ر له‌نێو گه‌رمه‌ی ئه‌م ململانێ و پێكدادانه‌دا ده‌بینێت و چۆن میدیای نوێ نه‌وه‌یه‌كی نوێی له چالاكوانی نێو تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا دروستكردووه و رۆژ به‌ڕۆژ كاریگه‌رییان زیاتر ده‌بێت. هه‌روه‌ها باس له رۆڵی میدیا له نێو جه‌رگه‌ی ململانێی شارستانی ناو خۆرهه‌ڵات و خۆرئاوا ده‌كات.
له به‌شێكی دیكه‌دا نووسه‌ر باس له زۆربوونی كه‌ناڵه میدیاییه‌كان له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ده‌كات و ده‌یەوێت له پێگه‌ی ئه‌لجه‌زیره له نێو ئه‌م جه‌نجاڵییه میدیاییه‌دا بدوێت و چۆن له پاش ئه‌لجه‌زیره هه‌ندێك كه‌ناڵ و ئه‌زموونی میدیایی دیكه دروستبوون و ده‌یانه‌وێت كێبڕكێ له‌گه‌ڵ ئه‌لجه‌زیره‌دا بكه‌ن و جێی پێ لێژ بكه‌ن و چۆن هه‌ریه‌ك له‌و كه‌ناڵانه نوێنه‌رایه‌تی ئاڕاسته‌یه‌كی سیاسی دیاریكراو ده‌كه‌ن و ئه‌جێندای لایه‌نێك جێبه‌جێ ده‌كه‌ن.
کێبڕکێی نێوان کەناڵە ئاسمانییەکان
نووسه‌ر جه‌خت له‌بڵابوونه‌وه‌ی ئینته‌رنێت و په‌یدابوونی بلۆگه‌ر و گه‌شه‌كردنی خێرای تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌كاتەوە و باس له‌و كێبڕكێیه ده‌كات كه له نێوان كه‌ناڵه ئاسمانییه‌كان و فه‌زای ئینته‌رنێتیدا دروستبووه، به‌تایبه‌تی له كاره‌ساتی تسۆنامی و یازده‌ی سێپته‌مبه‌ری ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا.
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه له‌م كتێبه‌دا نووسه‌ر نزیك له 10 لاپه‌ڕه‌ی ته‌رخانكردووه بۆ باسی كورد و رۆڵی میدیا و كه‌ناڵه ئاسمانییه‌كان له ناساندنی پرسی كورد به جیهان. نووسه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ی له میانه‌ی باسی دروستبوونی ده‌وڵه‌تی گریمانه‌یی ده‌كات و كورد و كوردستانی وه‌ك نموونه هێناوه‌ته‌وه.
نووسه‌ر پێیوایه كه راسته كورد ده‌مێكه خه‌ونی دروستكردنی ده‌وڵه‌تی هه‌یه، به‌ڵام له‌دوای دروستبوونی كه‌ناڵه ئاسمانییه كوردییهكانەوە ده‌وڵه‌تێكی گریمانه‌یی میدیایی بۆ كورده‌كان دروستبووه و له‌و رێگه‌یه‌وه ته‌عبیر له خۆیان ده‌كه‌ن.
هه‌روه‌ها له میانه‌ی ئه‌م باسه‌یدا تیشك ده‌خاته سه‌ر هه‌وڵی فه‌له‌ستینییه‌كانیش بۆ بوون له فه‌زای میدیاییدا و چۆن میدیا و كه‌ناڵه ئاسمانییه‌كان و فه‌زای ئینته‌رنێتیی ده‌نگی فه‌له‌ستینییه‌كانی گه‌یاندووه به جیهان.
بڵاوکردنەوەی بیری توندڕەویی و تیرۆر بەبێ سانسۆر
له به‌شێكی دیكه‌ی كتێبه‌كه‌یدا فیلیپ سیب ده‌یه‌وێت باس له رۆڵی میدیا له ناساندنی سه‌ركرده ئیسلامییه‌كاندا بكات و نموونه به زانای كۆچكردوو (یوسف القرضاوي) ده‌هێنێته‌وه كه چۆن شاشه‌ی ئه‌لجه‌زیره ده‌بێته پاڵپشتێكی گرنگ بۆ گه‌یاندنی په‌یامه‌كانی. نووسه‌ر پێیوایه كه (یوسف القرضاوي) زۆر به‌باشی فه‌زای میدیای نوێ بۆ ئه‌جێندا ئاینییه‌كانی خۆی به‌كارهێناوه و له رێگه‌ی فه‌زای ئینته‌رنێتیی و كه‌ناڵی ئه‌لجه‌زیره‌وه گه‌وره‌ترین كاریگه‌ریی دروستكردووه نازناوی (موفتی جیهانیی) بۆ موسڵمانان لێده‌نێت.
نووسه‌ر له گۆشه‌یه‌كی دیكه‌دا تیشك ده‌خاته سه‌ر سوودوه‌رگرتنی گروپ و رێكخراوه تیرۆریستییه‌كانی وه‌ك ئه‌لقاعیده و حزبی ته‌حریر له فه‌زای ئینته‌رنێتیی و كه‌ناڵه ئاسمانییه‌كان و گه‌یاندنی په‌یامه‌كانی له‌و رێگه‌یه‌وه به جیهان و له لاپه‌ره 120 ی كتێبه‌كه‌یدا نووسه‌ر ده‌ڵێت: «ئامڕازه میدیاییه نوێكان هه‌لی گەیشتنی رێكخراوه تێروریستییهكان به جه‌ماوه‌رێكی جیهانیی ده‌ڕه‌خسێنن، لهبریئهوهی ئه‌م رێكخراوانه په‌نا ببه‌نه به‌ر پۆستكردنی ئاسایی و كاسێتی ڤیدیۆ - كه له‌مپه‌ڕ و سانسۆری زۆری له به‌رده‌مدایه - دێن به ئاسانی له رێگه‌ی پێگه ئهلەكترۆنییهكانهوه ئه‌م كاره دەکەن».
له‌و به‌شه‌ی كتێبهكەدا كه ته‌رخانكراوه بۆ باسی په‌یوه‌ندیی نێوان میدیای ئهلەکترۆنی و دیموكراسی كه چۆن سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌م سه‌ره‌تای گۆڕانكاری گه‌وره‌ی دیموكراسی بوو له جیهاندا و چۆن میدیا له‌م بواره‌دا رۆڵێكی كاریگه‌ر و به‌رچاو دهبینێێت، كه له‌گه‌ڵ گه‌شه‌كردنی میدیای ئەلەكترۆنیی رۆژ به‌ڕۆژ پڕۆسه‌كانی سانسۆر و كۆنترۆڵكردن سه‌ختتر ده‌بن و نموونه به وڵاتێكی گه‌وره‌ی وه‌ك چین ده‌هێنێته‌وه، كه له‌گه‌ڵ بوونی سیستمێكی سۆشیالیستیی و تاك حزبیشدا، به‌ڵام كه‌ناڵه ئاسمانییه‌كان و كۆمپانیا میدیاییه زه‌به‌لاحه‌كان و كۆمپانیاکانی ئینته‌رنێت و كۆمپیوته‌ر له گه‌شه‌كردنێكی خێرادان و كاریگه‌رییه‌كی به‌هێزیان له‌سه‌ر سه‌رجه‌م كایه‌كانی ژیانی هاووڵاتانی چین دروستكردووه.
رەخنە و سەرنجەکان
پاشان نووسه‌ر دێته سه‌ر باسی كاریگه‌ریی ئه‌لجه‌زیره له دروستبوونی گۆڕانكارییه دیموكراسییه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، له‌و بارهیهشەوه نووسه‌ر له لاپه‌ڕه 169ی كتێبه‌كه‌یدا ده‌نووسێت: (شێوازی كاركردنی میدیایی ئه‌لجه‌زیره و ئه‌و ناوه‌ڕۆكه‌ی پێشكه‌شی ده‌كات، جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی به ته‌واوه‌تی راكێشاوه‌ته نێو ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه رووماڵیان ده‌كات و قسه‌یان له‌سه‌ر ده‌كات، ئه‌ویش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و متمانه‌یه‌ی كه كه‌ناڵه‌كه لای جه‌ماوه‌ر دروستیكردووه، ئه‌گه‌رچی هه‌ندێك ره‌خنه له لایه‌نداریی و بابه‌تی نه‌بوونی كه‌ناڵه‌كه ده‌گرن، به‌ڵام ئه‌و ره‌خنانه ناتوانن بگه‌نه حه‌قیقه‌ت و كرۆكی كاركردنی ئه‌م كه‌ناڵه)، پاڵپشت به ته‌رحی ئه‌لجه‌زیره، تۆڕی ئینته‌رنێتیش توانیوێتی رۆڵێكی گه‌وره له‌م گۆڕانكارییانه‌دا ببینێت و هه‌نگاوێكی تر به پڕۆسه‌ی ئازادیی راده‌ڕبرین و دیموكراسی بنێت.
خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م كتێبه بۆ ئه‌وانه‌ی خولیای كاری میدیایین و ئه‌وانه‌ش کە له نێو ژینگه‌ی سیاسه‌تدا ده‌ژین، ئاشناییه‌كی باشە سەبارەت بە په‌یوه‌ندیی تێكچڕژاوی نێوان میدیا و سیاسه‌ت بۆ خوێنه‌ر و گرنگی كه‌ناڵی ئاسمانیی و میدیا له گۆڕانكاریه‌كانی ناوچه‌كه‌دا زیاتر ده‌رده‌خات.