״زۆربەی حزب و هاوپەیمانییەكان كاندیدیان بۆ هەڵبژاردن پێشكەش نەكردووە״

10:14 - 2024-03-27
کوردستان
133 جار خوێندراوەتەوە

تائێستا تەنها 36 كاندیدی سەربەخۆ ناویان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پێشكەشكردووە و وادەی ناوتۆماركردنیش تەنها دوو رۆژی ماوە، ئەوەش لەكاتێكدایە كە كۆمسیۆن لە كار و ئامادەكارییەكانی بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەردەوامە و تەئكیددەكاتەوە كە «بایكۆتكردنی هیچ حزب و لایەنێك، كاریگەری لەسەر دواكەوتنی پڕۆسەكە نابێت».
تەنها دوو حزب و سێ هاوپەیمانی، كاندیدیان پێشكەشكردووە

عیماد جەمیل سەرۆكی تیمی راگەیاندنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق بە PUKMEDIAی راگەیاندووە: «تا رۆژی 26/3 تەنها 36 كاندیدی سەربەخۆ ناویان بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پێشكەش بە كۆمسیۆن كردووە و كۆتا وادەش بۆ وەرگرتنی ناوی كاندیدان رۆژی پێنجشەممە 28/3 دەبێت و درێژناكرێتەوە». وتیشی: «بەپێی ئەو ئامارانەی لەبەردەستدایە لە هەولێر 11 كاندید و لە سلێمانی 13 كاندید و لە دهۆكیش 12 كاندید خۆیان تۆماركردووە و هاوكات تەنها دوو حزب لە دهۆك و سلێمانی كاندیدانیان پێشكەشكردووە و سێ هاوپەیمانیش لە سلێمانی و دهۆك و هەڵەبجە ناوی كاندیدەكانیان پێشكەش بە كۆمسیۆن كردووە».

بایكۆتكردنی هیچ حزبێك پڕۆسەكە دواناخات

سەرۆكی تیمی راگەیاندنی كۆمسیۆن ئاماژەی بەوەشكردووە: «هیچ پلانێك نییە بۆ دواخستنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و هەر حزب و لایەنێكیش بایكۆتی پڕۆسەكە بكات كاریگەریی لەسەر پڕۆسەكە دروست ناكات، وەك چۆن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق حزب و لایەن هەبوون بایكۆتی هەڵبژاردنیان كرد و هیچ كاریگەرییەكیشی لەسەر بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە نەبوو». وتیشی: «تیمەكانی كۆمسیۆن بەردەوامن لە كاركردن و ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا كە 10ی حوزەیرانی ئەمساڵە».
20 حزب و دوو هاوپەیمانی و 62 كاندیدی سەربەخۆ بەشداردەبن

بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تێكڕا 20 حزب و دوو هاوپەیمانی و 62 كاندیدی سەربەخۆ بۆ بەشداریكردن لە پڕۆسەكە تۆماركراون، كە لە بازنەكانی هەڵبژاردن بەشداردەبن، بەكۆی گشتیش لە هەرێمی كوردستان سێ ملیۆن و 789 هەزار و 360 دەنگدەر هەن، لەو ژمارەیەش زیاتر لە دوو ملیۆن و 900 هەزار دەنگدەر ناوی خۆیان لە تۆماری بایۆمەتری تۆماركردووە و ئامادەن بەشداریی هەڵبژاردن بكەن.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان یەكێكە لەو 22 حزب و هاوپەیمانییەی، كە بەلیستی سەربەخۆ لە هەر چوار بازنەكەی كوردستان بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستاندا دەكات و بە وتەی رزگار حاجی حەمە لێپرسراوی مەكتەبی هەڵبژاردنی یەكێتیش: «یەكێتی سەرجەم ئامادەكارییەكانی بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردن تەواوكردووە و بۆ هەڵبژاردن ئامادەیە».

PUKMEDIA


#هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان