سودانی، لەسەر داوای یەكێتی لیژنەیەك بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتوان پێكدەهێنێت

11:53 - 2024-03-28
عیراق
119 جار خوێندراوەتەوە

فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق داواكاری بۆ قەرەبووكردنەوەی مادی بۆ زیانلێكەوتووانی لافاوەكەی هەولێر و سلێمانی و گەرمیان و ئاگرەكەی بازاڕی لەنگەی هەولێر، لە سەرۆك وەزیرانی عیراق دەكات و سەرۆكی فراكسیۆنیش دەڵێت: «سەرۆك وەزیرانی عیراق بەڵێنیدا بەپێی توانا قەرەبووی زیانلێكەوتووان بكاتەوە».

یەكێتی داوای قەرەبووی زیانلێكەوتووانی هەرێم دەكات
كەریم مەلا شكور جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران، بە PUKMEDIAی راگەیاندووە: «لەكۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عیراق، فراكسیۆنەكەمان بەڕ‌ەسمی داوای قەرەبووی زیانی رووداوە سروشتی و نەخوازراوەكانی لە حكومەتی عیراق كرد بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و داوامان لێكرد لەو بودجەیەی بۆ رووداوی سروشتی و نەخوازراو لەعیراق هەیە، قەرەبووی زیانەكانی لافاو لە هەرێم و سووتانی بازاڕ‌ی لەنگەی هەولێر بكاتەوە».

لیژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوە پێكدەهێنرێت
راشیگەیاندووە: بۆ داواكارییەكانمان، محەمەد شیاع سودانی بڕ‌یاریدا لیژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوە لەو رووداوانە پێكبهێنێت، كە ئەندامێكی فراكسیۆنەكەمانی تێدا بێت و ئەوەی لەتوانایدا سەرۆك وەزیراندا هەبێت بۆ زیانلێكەوتووان درێغی ناكات.
لە مادەی شەشی یاسای بودجەی عیراقدا بۆ ساڵانی 2023، 2024، 2025 هاتووە كە سەرۆك وەزیران و وەزیری دارایی عیراق بودجەیەكی یەدەگی نائاسایی بۆ رووداوی سروشتی و نەخوازراو تەرخاندەكەن، پشتبەست بەو مادەیەش فراكسیۆنی یەكێتی لە بەغدا داوای قەرەبووی زیانلێكەوتووانی هەرێم لە حكومەتی عیراق دەكات.

ئەندامێكی فراكسیۆنی یەكێتی لە لیژنەكەی سەرۆك وەزیراندا دەبێت
هەر لەوبارەیەوە، د.نەرمین مەعروف ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و ئەندامی ئەو لیژنەیەی كە لەلایەن سەرۆك وەزیرانی عیراقەوە بۆ خەمڵاندن و لێكۆڵینەوە لە رووداوە نەخوازراوەكان دیاریكراوە، بەPUKMEDIAی راگەیاندووە: «لەڕێی لیژنەكەمانەوە لێكۆڵینەوە لەو رووداوە نەخوازراوانە دەكەین كە لە هەرێمی كوردستان روویانداوە و پاشان لە راپۆرتێكدا بۆ قەرەبووكردنەوە، پێشكەش بە سەرۆك وەزیرانی دەكەین».

لە سلێمانی زیاتر لە 71 ماڵ زیانیان بەركەوتووە
زیانەكانی لافاوەكەی مانگی شوبات لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە زیاتر لە 171 ملیۆن دینار دەخەمڵێنرێت و زیانلێكەوتووانیش رێژەیان لەزیادبووندایە.
ئارام عەلی وتەبێژی بەڕ‌ێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی سلێمانی، بە PUKMEDIAی وتووە: «لە سنووری بەڕ‌ێوەبەرایەتییەكەماندا 71 ماڵ و دوكان بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەركەوتووە، ئەمە جگەلەوەی كە چەند ماڵێكی دیكەش هەن پەیوەندییان بە تیمەكانمانەوە نەكردووە و لەناو راپۆرتی زیانلێكەوتوواندا نین». وتیشی: «بەپێی خەمڵاندنی بەڕ‌ێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سلێمانی زەرەر و زیانەكان بە 171 ملیۆن و 350 هەزار دەخەمڵێنرێت، كە بێگومان پێدەچێت ئەو بڕ‌ە پارەیە زیادبكات، چونكە تائێستاش بەردەوام هاووڵاتیان سەردانمان دەكەن و ناویان لە راپۆرتی زیانەكاندا تۆماردەكەن».

لە گەرمیان 150 ماڵ زیانیان بەركەوتووە
بەهۆكاری ئەوەی شەپۆلی بارانەكە ناوچەی گەرمیانی زیاتر گرتبووەوە، زیانەكان لەو ناوچەیە زیاترن و نزیكەی 150 ماڵ زیانیان بەركەوتووە.
ئیبراهیم محەمەد عەبدولڕ‌ەحمان وتەبێژی بەرگریی شارستانیی گەرمیان بە PUKMEDIAی راگەیاندووە: «بەهۆی دروستبوونی لافاوەوە زیان بە نزیكەی 150 ماڵ لە گەرمیان گەیشتووە، بەپێی لێكۆڵینەوەكان زیانەكان بە دوو  ملیارو 500 ملیۆن دینار دەخەمڵێنرێت و زیانی زۆریش بەر خزمەتگوزارییە گشتییەكانی وەك پرد و رێگەوبان و خوێندنگە گەیشتووە، ئەمە جگەلەوەی چەند كارگەیەكی هاووڵاتیان زیانیان بەركەوتووە».

لە هەولێر 11 ئۆتۆمبێل ژێرئاو كەوتن
بەهۆی ئەو لافاوەی لەناو سەنتەری پارێزگای هەولێر دروستبوو، 11 ئۆتۆمبێل ژێرئاو كەوتن، ئەمە جگەلەوەی ژمارەیەك ئۆتۆمبێل و ماڵ زیانیان بەركەوتووە.
بەرگریی شارستانی هەولێریش لەبارەی زیانەكانی لافاوەكەی رۆژی 15/2/2024، كە شارەكەی گرتبووەوە، لە راگەیەندراوێكدا ئاماژە بەوە دەكات: «11 ئۆتۆمبێل ژێرئاو كەوتوون و ژمارەیەك ئۆتۆمبێلی دیكەش زیانیان بەركەوتووە، كە تائێستا زیانەكان نەخەمڵێنراون و هەر بەهۆی لافاوەكەشەوە ئاو چووەتە چەندین ماڵ و بەڕ‌ێوەبەرایەتییەكەمان بەهانایانەوە چوون، كە زیانی مادی زۆریان هەبووە».
رۆژی 15ی شوباتی 2024، بەهۆی دروستبوونی لافاوەوە زیان بەر زیاتر لە 220 ماڵ كەوت، هەروەها 11 ئۆتۆمبێلیش ژێرئاو كەوتن، بۆ قەرەبووی ئەو زیانانەش فراكسیۆنی یەكێتی، لە راپۆرتێكی گشتگیردا داوای لە محەمەد شیاع سودانی كرد، لەو بودجەیەی كە بۆ رووداوی سروشتی و نەخوازراو لەعیراق تەرخانكراوە، قەرەبووی زیانلێكەوتووانی هەرێمی كوردستان بكرێتەوە.

یەكێتی داواكارییقەرەبووكردنەوەی سووتانی لەنگەی هەولێر دەخاتە بەردەم سودانی
یەكێتی دۆسێی زیانلێكەوتووانی ئاگرەكەی بازاڕ‌ی لەنگەی هەولێر دەخاتەبەردەم سەرۆك وەزیرانی عیراق و پێداگریی لەسەر قەرەبووكردنەوەیان دەكات، بەپێی زانیارییەكانیش %40ی بازاڕ‌ەكە سووتاوە كە نزیكەی 800 دوكانە.
لەكۆبوونەوەكەیاندا لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عیراق، فراكسیۆنی یەكێتی بەڕ‌ەسمی داوای قەرەبووی زیانی ئەو رووداوە نەخوازراوە لە حكومەتی عیراق  كرد كە بەهۆی ئاگرەكەوە لەكاسبكارانی بازاڕ‌ی لەنگەی هەولێر كەوتووە.
ئاگرەكەی بازاڕ‌ی لەنگەی شاری هەولێر زیانی ماددی بە نزیكەی 800 دوكانی جۆراوجۆر گەیاند و لیژنەی لێكۆڵینەوەش لە رووداوەكە پێكهێنراوە، بەرگریی شارستانی شارەكەش ئاشكرایدەكات، كە بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان %40ی بازاڕ‌ەكە سووتاوە.

PUKMEDIA
-

بابەتە پەیوەندیدارەکان