یادی كارەسات و راپەڕینی قەڵادزێ

11:45 - 2024-04-25
کوردستان
53 جار خوێندراوەتەوە

جێگر خدر


دوێنێ، بۆ ساڵڕۆژی بۆمببارانی قەڵادزێ و زانكۆی سلێمانی لەو شارەدا، رێوڕەسمی تایبەت رێكخرا و تاجەگوڵینەی رێز و وەفای یەكێتی، سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت، لە مۆنۆمێنتی شەهیدان دانرا.
لە رێوڕەسمەكەدا، لوقمان وەردی لێپرسراوی مەڵبەندی 24ی راپەڕین و ژمارەیەك لە ئەندامانی سەركردایەتی و سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین و لێپرسراوانی حزبی و حكومی و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدانی قەڵادزێ، ئامادەبوون.
هەر لەچوارچێوەی چالاكییەكانی كارەساتەكەدا، زانكۆی راپەڕین بەهاوبەشیی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی، سیمپۆزیۆمێكیان لەژێر ناونیشانی (24/4 بۆردومان و راپەڕینی شاری قەڵادزێ) لە كۆلیژی پەروەردەی قەڵادزێ سەر بە زانكۆی راپەڕین، رێكخست و تێیدا چەندین تەوەری زانستی سەبارەت بەو كارەساتە، لەلایەن توێژەرانەوە پێشكەشكران.

هەڵمەتی ناشتنی 2000 نەمام
لەلایەکی دیکەوە، بۆ یادی 50 ساڵەی بۆردومانی قەڵادزێ، باخچەیەك بەناوی (داستانی دەشتێو) ناونرا و لە هەڵمەتێكیشدا وەكو بەشێك لە هەڵمەتی ناشتنی یەك ملیۆن نەمام بە بڕیاری سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی، بە ئامادەبوونی بڵێسە جەبار فەرمان لێپرسراوی مەكتەبی شەهیدان و تێكۆشەران، عەبدوڵڵا كانی بەردی لێپرسراوی بەشی تێكۆشەران و لوقمان وەردی لێپرسراوی مەڵبەندی راپەڕین، مەكتەبی شەهیدان و تێكۆشەران، هەڵمەتێكی نەمام ناشتنی لە باخچەكەدا رێكخست و زیاتر لە 2000 نەمامی جۆراوجۆر نێژران.

بابەتە پەیوەندیدارەکان