شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ داوای پێکهێنانی لیژنە لە رووداوی کوشتنی خەسرۆ ئەمیر ئاغا گەردی دەکات

05:55 - 2024-04-25
کوردستان
91 جار خوێندراوەتەوە

نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2024/4/25 لە گوندی گردەچار شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ، سەردانی خانەوادەی خەسرۆ ئەمیر ئاغای گەردی کرد، کە لە رووداوێکی تەمومژاویدا لە لایەن ئاسایشی هەولێرەوە کوژرا.
لە سەردانەکەیدا شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ سەرەخۆشی خۆی گەیاندە کەسوکاری کۆچکردوو و رایگەیاند، پاڵپشتی و پشتیوانی لە داوای رەوای خانەوادەی کۆچکردوو دەکەین کە پێویستە بەزووترین کات لیژنەیەکی هاوبەشی لێکۆڵینەوە پێکبهێنرێت بۆ دەرخستنی راستییەکان.
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ وتیشی، سەرەڕای تێبینی جدیمان لەسەر رووداوەکە دووپاتی دەکەینەوە کە پێویستە سەرجەم هێزە ئەمنییەکان یاساییانە مامەڵە بکەن و لە چوارچێوەی بڕیاری دادگا هەنگاو بنێن، ناکرێت و قبوڵ کراو نییە کەسێک بەبێ گەیشتنی ئاگادارکردنەوەی دادگا بچنە سەر رێگای و لە رووداوێکی تەمومژاویدا بیکوژن.
لای خۆیانەوە کەسوکاری خەسرۆ ئەمیر ئاغای گەردی سوپاسی شاڵاو کۆسرەت رەسوڵیان کردو رایانگەیاند، ئەوان سوورن لەسەر داواکارییەکەی خۆیان و داوا دەکەن بەزووترین کات لیژنەی لێکۆڵینەوە پێکبهێنرێت و هەموو تۆمەتەکانی ئاراستەی خەسرۆ کراوە رەتدەکەنەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان