یەکبێژ

10:19 - 2022-08-11
هیوا محەمەد
145 خوێندراوەتەوە

چاکسازیی نیوەناچڵ

هەرکەس ئەگەر بیەوێت دەتوانێت کارێک بکات و پڕۆسەیەک بەرەو پێش بەرێت یان کێشەیەک چارەسەر بکات، لە حکومڕانیدا کێشەکان تەواو نابن، خەڵک کێشەی جۆرا و جۆریان هەیە، بە تایبەت لە جێگەیەکی وەک ئەم هەرێمەی ئێمە کە هێشتا یاسا نەبۆتە ئەو سەروەرەی کە رێڕەوی خۆی وەرگرتبێت و وەک لاستیک نەکشێت.
ئێمە کاتێک بڕیاری چاکسازیی لە شتێکدا دەدەین، خۆی لە خۆیدا دان بەوەدا دەنێین کە ئەو شتە خراپە و دەمانەوێت چاکی بکەین، بەڵام دواکەوتنی و مانەوەی وەک خۆی یان خراپتر بوونی، دەمان خاتە ژێر پرسیارەوە و دەبێت بڵێین بۆچی ئەم کەیسەمان جوڵاند و بۆچی نەمان توانی چاکی بکەین؟
هەندێک شت هەن کە لەدەستی کارمەندێکی ئاساییشدایە و دەتوانێت چارەسەری بکات، یان لای بەڕێوەبەرێکە پێویست ناکات بگاتە لای سەرووتر و وەزیرێک، هەروا لای وەزیریش زۆر شت هەن پێویست بەوە ناکەن کە سەرۆکی حکومەت یان جێگرەکەی بڕیاری لێبدات یان بخرێتە بەردەم پەرلەمان.
وەزیرێک کەیسێکی دەچێتە بەردەم کە چیرۆکێکی راستەقینەیە و مافی هاووڵاتییەکە تێیدا خوراوە، ئەو دەتوانێت بە بڕیارێکی خۆی هەموو چەوتەکان راست بکاتەوە و مافی خوراو بگەڕێنێتەوە بۆ خاوەنەکەی، ئیتر ئەمە چ پێویست بە لیژنە گرتن و بەدواداچوونی ئەم و ئەو دەکات، رەنگە لای بەڕێوەبەرە گشتییەکەش بکرابایە و پێویستی بەوە نەکردایە کە بخرێتە بەردەم وەزیر.
لەم هەرێمە زوو زوو بڕیاری چاکسازیی دەدرێت، بەڵام پڕۆسەکە زۆر بەخاوی بەڕێوەدەچێت، بە جۆرێک کە هەست دەکەیت ناکرێت یان هێندە خراپە هەرچۆنی چاک بکەیتەوە هێشتا کەمە و هەنگاوی خێراتری دەوێت.
چاکسازی واتا باشترکردن ئەمەش لە رێی لە فیلتەردانەوە دەکرێت، کاتێک بمانەوێت لە فەرمانگەیەکدا چاکسازیی بکەین، دەبێت کەرەستەکان لە بێژنگ بدەین، واتا بە فیلتەردا تێیان بپەڕێنین، لەم پڕۆسەیەشدا دەبینین کێ هەقە و کێش ناهەقە، ئیتر لە پڕۆسەی چاکسازییەکەدا دەبێت ناهەقەکان سزا بدرێن یان دوور بخرێنەوە، تا هەقدارەکان جێێان بگرنەوە، بەڵام ئەگەر فەرمانگەکە هەمووی سزا درا، ئەوا هەڵسەنگاندن بۆ چاکسازییەکە بە پێوەرێکی دادپەروەرانە نەکراوە.
کە نەخۆشێک دەبەیتە لای پزیشک، ئەو چارەسەرییەی بۆی دادەنێت دەبێتە هیوایەک بۆ نەخۆشەکە و پەیڕەوی دەکات و دەرەنجام چاک دەبێتەوە و نەخۆشەکە هەستی پێدەکات، چاکسازی لای بەرپرسان دەبێت ئەنجامەکەی دیار بێت وەک ئەمەی نەخۆشەکە.
داوا دەکرێت کە هەموان پێکەوە هەوڵی دۆزینەوەی کەموکوڕییەکان بدەین و ئەوانەی ژێر بەڕە بخەینە سەر بەڕە، بەڵام کاتێک کەیسێکی ستەملێکراوی هاووڵاتییەک دەدۆزینەوە و دەیخەینە بەردەم بەرپرسان، سەرەتا بە دەستخۆشییەوە لێت وەردەگرن، بەڵام دوایی دەیخەنە سەبەتەی بەدواداچوونەوە، ئەمەش واتا بە تەمای مەبە.
ئاشکرایە کە هەنگاوەکان بۆ زیاتر فراوانکردنی ئەم هەرێمە، دروستکردنی بەرەیەکی سیاسیی، هێزێکی یەکگرتوو، هەموو هەنگاوە سیاسییەکان کە ببنە هۆکاری جێپێ قاییمکردنی هەرێم، لەدەستیی خۆماندا نییە ئەگەر خواستی خۆشمانی لەسەر بێت، بەڵام چاککردنی نێو ماڵەکەمان و دانانەوەی خشتە رووخاوەکان و پینەکردنیان و پڕکردنەوەی کون و کەلەبەرەکان، لەدەست خۆماندایە.

وتارەکانی نوسەر