ئێوەش دەتوانن دان بە هەڵەی خۆتاندا بنێن؟

10:07 - 2025-07-06
هیوا محەمەد
36 خوێندراوەتەوە

لە وڵاتانی پێشکەوتوو کە خاوەنی کۆمەڵگەیەکی پێگەیشتووی هزری دیموکراسییانەن، مافی مرۆڤ تیایدا پارێزراوە، سەرۆکی حکومەت لە وەرگەڕانی شەمەندوفێرێکدا دەست لەکاردەکێشێتەوە، بەڵام لای ئێمە هیچ کات بەدرێژایی مێژووی سیاسیمان ئەمە رووینەداوە. 
هەرچی نەهامەتییە بەسەر کورد هاتووە لەم پارچەیەی کە لە ناو دەوڵەتی عیراقدایە، هەموو ئەو دروشمە گڕدارانەی کە بوونەتە هۆکاری ماڵوێرانی و کوژرانی سەدان هەزار کەس و وێرانکردنی دەیان هەزار گوند و سڕینەوەی دیمۆگرافیای ئەم پارچەیە کە بووە هۆی گۆڕینی کۆمەڵگەی کوردەواریی بە شێوەیەک کە کەرتی کشتوکاڵی ناوخۆی لاواز کرد تا رادەی نەهێشتنی.
سەرەڕای ئەمانەش، هێشتا نەگەیشتووین بە کەناری ئارامی و لە دەستپێکی ململانێکانداین
(ئەوەش کە جیاوازیی داوەتە قۆناغەکانی رابردوو، یەک جەمسەربوونی جیهان و بەرژەوەندییەکانی زلهێزەکانە لەم ناوچەیە) کە ئێمەش بووینەتە بەشێک لەو پێشهات و رووداوانە لەگەڵ ئەوان. 
با بچین بەندەکانی رێککەوتنی 11 ی ئازاری 1970 بخوێنینەوە، بزانین ئەگەر سەرکردایەتی سیاسیی ئەوکات رازی بوایە پێی، دەستکەوتەکانمان هەر ئەوە نەدەبوو کە ئێستا هەمانە؟ 
ئەی بۆچی ئەو سەدان هەزارەش بوونە قوربانی و ئێستاش چاوەڕوانی بەغدا بین بۆ مووچە؟ ئەی کام دروشم بەدیهات؟ کوان ئەو هەزاران گوندەی بەو هۆیانەوە وێران کران؟
ئێمە بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە ئەوەمان هەڵبژارد کە لەناو عیراقی فیدراڵیدا هەرێمێكی نیمچە سەربەخۆمان هەبێت و خۆمان بەڕێوەیبەرین، چەندە خۆشحاڵ بووین بەوەی کە ئەمە سەرکەوتنێکی گەورەیە؟ بەڵام بۆچی ئێستا گەیشتینە ئەمڕۆ؟ سەرکرادیەتی سیاسیی(حکومڕان) لە هەرێم، تاکەی دەستی دەستی بە خەڵک دەکەن؟ تاکەی ئەم هەیکەلی حکومڕانییە بەم شێوەیە بەڕێوەدەبەن؟
کام حکومەت؟ حکومەتێک لەڕێگەی دەنگدانەوە  پێکهاتبێت، بەڵام دەستی نابێتە بینی خەڵک و بێباکانە پشتی تێکردبێت و لەخەمی ژیانیاندا نەبێت؟

هۆکاری کێشە کۆمەڵایەتییەکان چییە؟
لەهەر کۆمەڵگەیەکدا، هۆکاری کێشە کۆمەڵایەتییەکان بەشێکی گەورەی ئابوورییە، ئەوانەی تووشی ماددە هۆشبەرەکان دەبن، دیسان لە بێکارییەوە دێت کە دەبێتە هۆی گیان لەدەستدانیان، هەستان بەکاری ناڕەوا، تێکدەرانە، دزین، کوشتن، هەمووی لە بێکاریی و بێ پارەییەوە دێت، ئەوەش کە حکومەتی هەرێم چەند ساڵێکە دەیکات، هەنگاو نانە بۆ قووڵکردنەوەی ئەم کێشانە و فراوانکردنییەتی.
ئیتر دەبێت چی چاوەڕوان بکرێت لە بەردەوامیی ئەم سیاسەتە، بەتایبەتی لە مامەڵەکردنی هەرێم لەگەڵ بەغدا؟ 
ئایا ئەوانەی بەغدا سەبارەت بە مووچە و بودجە دەیڵێن لەسەر زاری بەرپرسەباڵاکانیانەوە، راست نین؟ ئەگەر راستن وەڵامی هەرێم چییە و بۆچی خەڵک لە چاوەڕوانیدا دەهێڵێنەوە؟ باشتر نییە راستی ناوەرۆکی کاری حکومەتەکە بە خەڵک بڵێن؟ حکومەتی هەرێم، بۆچی داننانێن بەوەدا کە حکومڕانییەکی ناڕاستییان هەیە و لەتوانایاندا نییە ئیدارەیەکی باش بکەن؟ 
پێشتر لە وتارێکمدا وتم کە تەنها شتێک کە ئێمە لەم هەرێمە تێیدا بەهێزین، بواری ئەمنی و سەقامگیرییە، ئەوا خەریکە دوژمنان و نەیارانمان، ئەوەشمان لێ تێکدەدەن، جا دەڵێن رێوی خۆی بە کوندا نەدەچوو هەژگەڵیشی لە کلکەوە ئاڵابوو!.
هەموو ئەو رووداوانەی کە لە چواردەوری ئەم هەرێمە روودەدەن، بەوە نازانن هۆکاری سەرەکی رەتکردنەوەی ئەو حکومڕانیانە بێزاریی خەڵکە؟ ئەرێ هەر خەڵک نەبوو راپەڕینی کرد؟ ئیتر بۆچی رێگریی نەکەین لە هاتنەپێشی دۆخێکی نەخوازراو؟ 
بۆچی وانەکرێت خەڵک متمانە بە حکومەت بکات و بە بەشێک لەخۆیانی بزانن؟ دەزانن ئێستا لای خەڵک، رەشەباش بێت لۆمەی حکومەت دەکرێت؟ دەزانن خۆڵبارین بەلایانەوە خەتای حکومەتە؟ بۆچی؟ چونکە بێزارن لە کردارەکانی و دەزانن لەپای سیاسەتی حکومەتە کە مووچەخۆران یاری بە قووت و مافیان دەکرێت، دەزانن کە نهێنییەکی شاردراوە سەبارەت بە دیارنەمانی ملیارەها دیناری مووچە هەیە و خەڵک لێی بێ ئاگایە. ئیتر ئەمانە بەس نییە کە بڵێین جامی خەڵک پڕ بووە و وا لێی دەڕژێت!. خۆ دەشزانین پڕبوونی جام و لێڕژانی مانای فەلسەفیی خۆی هەیە؟.

وتارەکانی نوسەر