ئەوا مانگی حەوت داهات، مووچەی مانگی پێنج نەهات

10:11 - 2025-07-02
هیوا محەمەد
68 خوێندراوەتەوە

سەرەتای حەفتاکانی سەدەی رابردوو بوو، لە شاری قەڵادزێ هەرچی خوێندکاری قوتابخانەکانە کۆکرانەوە و بردیانین لەمبەر و ئەو بەری شەقامەکەی دەستپێکی لای قەڵاوە ریزیان کردین تا لای بانکی رافیدەین کە ئیتر نزیک دەبۆوە لە کۆتایی شارەکە و گۆڕەپانێک بوو، وتیان ئەمڕۆ وەزیر دێت بۆ ئێرە و دەبێت هەموو خەڵکی شار لە پێشوازییاندا بین. ( دواتر زانیمان کە وەزیر نەبوو، بەڵکو پارێزگاری سلێمانی بوو کە ئەوکات عەلی عەبدوڵڵا بوو). ئێمە لە سەرەتای بەیانییەوە لە قوتابخانەوە بردیانین، وڕەی هەر ئۆتۆمبیلێک دەهات دەبووە چەپڵەڕێزان و دەیان وت ئەوە هات، (ئەوکات ئۆتۆمۆبێل کەم بوو هەر سەعاتێک جارێک دانەیەک دەردەکەوت). ماینەوە تا نزیک ئێوارە، ئەوانەی دروشمەکانیان دابەشدەکرد و فێریان دەکردین پێکەوە هاوار بکەین  و بیڵێین، هەمووی پیادا هەڵدان بوو بەشان و باڵی (کاکی وەزیردا). نزیک ئێوارە بوو (هەرچەندە دەبوو بەڕێوەبەران و سەرپەرشتیارانی ئەم پێشوازییە، زوو بیانزانیبایە کە (کاکی وەزیر) نایەت، چونکە ئەو دەم رێگای نێوان قەڵادزێ و سلێمانی زیاتر لە چوار سەعات بوو (لاسلکی و تەلەفۆنیش) هەبوو، دەکرا بزانن کە ئەو کەژاوەیە لە سلێمانییەوە بەڕێکەوتووە یان نا؟ ئیتر پێویست نەبوو ئەو هەموو منداڵە لە کەنار شەقام بمێننەوە، ئەمە جگە لە خەڵکی تری شار.
نازانم چۆن دروشمێک لە کێ وە دزەی کردبوو بۆ ناو خەڵک، کاتێکمان زانی منداڵ و خەڵکی تر پێکەوە هاوارمان دەکرد و دەمانووت: ئەوا ئێوارە داهات، کاکی وەزیر هەر نەهات، ئیتر سەرپەرشتیاران کەوتنە هەڕەشە و بێدەنگکردنی خەڵک و لەوێوە هەرکەس بۆ ماڵی خۆی بڵاوەی پێکرا.
بێ بەرنامەیی لەم پێشوازییەدا لەڕێگەی ئەوانەوە کە ملکەچی بەرپرسێکی ئەوکات بوون و نەیاندەوێرا بڵێن ئەگەر (کاکی وەزیر) نایەت با ئەو خەڵكە چاوەڕێ نەکەن، ئەمە لە کاتێکدا بەرپرسەکان بە ئیسراحەت لە ماڵەوە دانیشتبوون و ژەمە پڵاو و گۆشتی خۆیان دەخوارد و دەیانووت راوەستن وتویانە دێین!
ئەمڕۆ دۆخی مووچەخۆرانی هەرێم بەو بۆنەیەی زیاتر لە 50 ساڵ لەمەوپێش دەشوبهێنم، بەرپرسانی هەرێم، لە سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت، لە وەزیرە پەیوەندیدارەکان، لە کۆشک و شوێنە تایبەتەکانی خۆیاندان، سەدان کەس خزمەتیان دەکەن، دەیان ئۆتۆمۆبێلی گرانبەها لە دەوریانە، سەدان ملیۆن دۆلار لەبن دەستیانە، دەیان کۆمپانیا و پرۆژەی گەورە هی خۆیانە. لە تەڕ دەخۆن و لە وشک دەنوون، ئیتر چ باکیانە مووچەخۆر پارەی کرێ خانووەکەی یان قووتی خێزانەکەی نییە و مووچەکەشی کە لای (حکومەتە) نەیدرێتێ و دەستی دەستی پێ بکرێت؟ ئەوان پێشوەخت دەزانن کە کارێکیان کردووە مووچەکە دوا دەکەوێت یان نادرێت، بەڵام لەڕێگەی میدیاکانەوە خەڵک لە چاوەڕوانیدا دەهێڵنەوە. 
ئاخر ئایا ئەوان دەزانن شێواندنی باری دەروونیی خەڵک چەندە تاوانە؟ دەزانن پڕبوونی خەڵک لە قین و تۆڵە، باجەکەی چەند گرانە؟
ئاساییترین شتێک کە خەڵک دەبێت هەیبێت، وەرگرتنی هەقدەستی ئیشکردنە، تەنانەت لای وەستایەک کاربکەیت دەبێت رۆژانەکەت وەربگریت، لە کوێی ئەم جیهانەدا هەیە حکومەت پابەندی ئەو گرێبەستە نەبێت کە وەزارەتەکەی لەگەڵ فەرمانبەرێکدا کردوویەتی؟ ئایا ئەمە متمانەی خەڵک بە حکومەت لەدەست نادات؟ ئاخر بیر لەوە ناکەنەوە کە تەنها شتێک لەم هەرێمە بەهێز بێت سەقامگیریی و ئاسایشە، ئەمیش دەکەوێتە مەترسییەوە، ئەگەر ئەو متمانەیە و هێڵی پەیوەندیی نێوان خەڵک حکومەت بپچڕێت؟ خەڵک بۆچی ناچار بێت کار بکات بۆ حکومەتێک کە نەتوانێت مووچەکەی دابین بکات؟ ئەمە کوێی لە حکومەت دەچێت؟ جا خۆ هەر مووچە نییە، ئەی چۆن وڵات بەڕێوەدەبات لە بوارەکانی تردا؟

وتارەکانی نوسەر