یەکێتی‌ لە پاشەکشەوە بەرەو سەرکەوتن

10:23 - 2022-09-08
هەژار نامیق
397 خوێندراوەتەوە

یەکێتی‌ لە دروستبوونییەوە تا ئەم ساتە بەدەیان کارەسات و نەهامەتیدا تێپەڕیوە، هەرجارەو بەشێوەیەک خۆی رزگارکردووە، لە دوای نەخۆش کەوتنی سەرۆک مام جەلال، یەکێتی‌ بە چەندین قۆناغی دژواردا تێپەڕی کە بەشێکی‌ بە هۆی بارودۆخی هەرێمی‌ کوردستان و بەشێکی تری ناوخۆیی بوو، ئاڕاستە و باڵی جیاواز بۆ سەپاندنی‌ هەژموونی‌ خۆیان هەوڵی ئەوەیان دەدا کە یەکێتی‌ بەلای خۆیاندا پەلکێش بکەن.
لەدوای کۆنگرەی یەکێتییەوە، وادەردەکەوت کە بەشێوەیەک خۆی نوێکردۆتەوە و بەهێز دەبێت، بەڵام بەداخەوە بە هۆی خراپ ئیدارەدانەوە.

پێویستە هیچ کادرێکی‌ دڵسۆزی رێبازی مام سڵ نەکاتەوە لەوەی کێشە و کەموکووڕییەکانی‌ هەر بەرپرسێک لەهەر پلە و پۆستێکدا بن بگەیەنێتە شوێنی خۆی

بەشێک لەو کێشانەی لە چەند ساڵی رابردوو کەڵەکە بوون، هەوڵی چارەسەر کردنیان دەدرا، بەڵام تەنها ئازارەکە سڕ دەکرا و چارەسەری بنەڕەتی‌ نەبوو، ئێستا مەرکەزیەتێک لەناو یەکێتیدا دروست بووە، سەرۆکی یەکێتی‌، هەوڵی رزگارکردنی یەکێتی دەدات لە مەترسی بەردەمی، ئەمەش هەروا ئاسان نییە، چونکە دەبێت چاکسازی لە هەیکەلی رێکخستنی یەکێتیدا بکرێت، بۆ ئەمەش تووشی ئاستەنگی زۆر قورس دەبینەوە، بەڵام بەو پێیەی کە خۆی کەسایەتیەکی‌ سەربازی  و سیاسییە و جووڵەکانی‌ لە بەغدا ئەو راستییە دەسەلمێنن کە بەهەمان شوێن پێیەکانی‌ سەرۆک مام جەلال دەڕوات و کەمترین قسە و زۆرترین کردار.
ئێستا ئیرادەیەکی‌ بەهێز هەیە لەلایەن سەرۆک بافل و کاک قوبادەوە بۆ چارەسەرکردن و بەهێزکردنەوەی یەکێتی‌ و خستنە سەر رێچکەی خۆی، بەڵام پێویستە یەکێتی‌ ساڕێژی برینەکانی‌ بکات، نەک بۆ ماوەیەک سڕیان بکات، هەرکەسیش زیانی پێدەگات لەم چاکسازییەدا گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە کە یەکێتی‌ بخرێتەوە سەر رێچکە ئەسڵییەکەی خۆی. 
بۆ هەستانەوە و بەهێزکردنەوەی یەکێتی، سەرۆک بافڵ بەهێزترین کارەکتەرە، دەبێت پەلە بکات لە چارەسەرکردنی‌ ئەو کێشانە و دەروازەیەکیش بکاتەوە تا کادیران کێشە و گرفتەکانی‌ خۆیان بگەیەننە سەرەوە. 
لە رووی حزبییەوە ئەرکێکی‌ قورس کەوتۆتە سەر شانی‌، ئەویش یەکخستنی‌ یەکێتی و بە مەرکەزی کردنەوەیەتی، چاکسازی و پاکسازی کردنە، کە چەندین ساڵە کەڵەکە بووە و کەس دەستی بۆ نابات.
کاک قوباد ئەرکێکی‌ قورستری ئیدارەدانی لە ئەستۆدایە، ئەویش لادان و دانانی بەشێک لەو بەرپرسانەیە کە لە حکومەت لە پشکی‌ یەکێتیدان و لەپۆستە باڵاکان دەست بەکاربوون، کە  بەشێکیان بۆ مەرام و بەرژەوەندی تایبەتی‌ خۆیان بەکاریانهێناوە.
لە رووی جەماوەر و ئەندامانی یەکێتیشەوە پێویستە هیچ کادرێکی‌ دڵسۆزی رێبازی مام سڵ نەکاتەوە لەوەی کێشە و کەموکووڕییەکانی‌ هەر بەرپرسێک لە هەرپلە و پۆستێکدا بن بگەیەنێتە شوێنی خۆی.
هەمومان دەتوانین یەکێتی‌ بەهێز بکەینەوە،چەند هاوکاری هەبێت، یەکێتی‌ 
بەهێزتر دەبێت.
ئێستا قورسترین ئەرک خراوەتە سەرشانی‌ سەرۆک بافڵ، بێگومان بە هەوڵی هەموو لایەک و بە توانا و لێهاتوویی خۆی دەتوانین کێشەکان بە کۆتا بگەیەنین و یەکێتی پتەو بکەینەوە. 

وتارەکانی نوسەر