ئەوانەی لە حزبەکەی خۆیان دەکشێنەوە، یان پشتیان تێدەکەن، یان لەناو حزبەکەی خۆیاندا بە شان و باڵی لایەنێکی سیاسیی دیکەدا هەڵ دەدەن، هیچکامیان لە هەستی نەتەوەیی کوردایەتی یان بە باشتر زانینی ئەو لایەنە نییە، بەڵکو خۆ هەڵواسێنێکی بەرژەوەندی ئامێزە و هیچی تر.
حزبەکانی ئەم هەرێمە، لە کۆنترین حزبەکانی کوردستانن، بە راست و چەپ بە کۆمۆنیست و ئیسلامی، هەر رەوتێکمان بوێت لێرەوە سەریهەڵداوە.
ئەو حزبانەی لە دەرەوەی ئەم هەرێمەن و لە پارچەکانی دیکەی کوردستانن، یان کۆپیی یەک لەم حزبانەی ئێرەن و لاسایی کراونەتەوە، یان لقێکن لەمان و هیچ بەرنامە و نەخشە رێگەیەکی نوێتر لەمانەی هەرێمیان پێ نییە.
ناشکرێت بڵێین حزبێکی راست و دروست لە خەباتکردندا لە هەرێم نییە و هەموویان سیفەتی تەواو باشیان تێدانییە، تا پەنا ببەینە بەر ئینتیمابوونمان بۆ لایەنێکی دەرەوەی هەرێم.
وتارەکەمان لەسەر ئەوە نییە کام لەو حزبانەی پارچەکانی دیکەی کوردستان باشن یان خراپ، بەڵکو باس لەو بازدانە دەکەین کە لە هەرێمەوە دەدرێت بەرەو کارکردن لەگەڵ حزبێکی دەرەوەی هەرێم، هەروەک ئەوەی خۆمان هەموان دژە کورد بین.
حزبە کۆنە کوردییەکانی هەرێم، هەموویان خاوەنی قوربانیدانن، بە چەندین کۆسپدا تێپەڕیون، هەزاران کەس لە ریزەکانیدا بۆ داکۆکی لە خاک و نیشتمان شەهید بوون، شەهیدەکانی سەنگەر و ئەوانەی لە زیندانەکاندا لە سێدارەدران، ئینتیمایەکی حزبییان هەبوو، خۆ لەسەر پیشەکەی خۆیان زیندان نەکران و شەهید نەکران، حزبێک لە پشتیان بوو، ئەوان بۆ ئەم میللەتە لە رێی ئەو حزبەوە گیانی خۆیان فیداکردووە، کەواتە ئەم حزبانە پیرۆزیی خۆیان هەیە و کەس ناتوانێت گاڵتە بە مێژووی خەباتیان بکات، لەوە بگەڕێین کە تا چەندە هەڵەی گەورە و بچووکیان کردووە، ئەمە بۆ هەر حزبێک ئاساییە لە ئەنجامی کارکردندا تووشی هەڵە ببن.
وەک نەتەوەش، کوردی ئەم پارچەیەی کوردستان پشکی زۆرترین قوربانیدانی بەرکەوتووە، وەک کیمیاباران و ئەنفال کردن، هەر ئەمەش وایکردووە کوردی پارچەکانی دیکە هەمیشە هاوسۆزییان بۆی دەربڕیوە.
تاکەکانی ئەم بەشەی کوردستان لەبەر تایبەتمەندێتیی ئەو دۆخانەی تێێدا بوون، زیاتر سەرقاڵی کوردایەتی و سیاسەتکردن بوون، سەدان کەس لە پێش تەواوکردنی پلەی باڵای خوێندن و پێش وەرگرتنی کارنامەکانیان، روویان لە چیاکان کردووە و پەیوەندییان بە شۆڕشەوە کردووە، کاتێک لەم پارچەیەی کورستان بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی و کوردایەتی سەریهەڵداوە، لە پارچەکانی دیکەوە کەسانی قاڵبوەوە لەم بوارەدا خۆیان لەم بزووتنەوانەی ئێرەدا دیتۆتەوە.
پێویستە هەموان ئەم راستییە بزانن کە ناکرێت حزبێکی تازە دەرکەوتوو بێت و مێژووی خەباتی حزبە دێرینەکان و قوربانیدانیان بسڕێتەوە بە بوختان و چەواشەکردنی تاکی نوێ و لەخشتەیان بەرێت، هەرچی خۆشی و ناخۆشی ئێستای ئەم هەرێمە و عیراق هەیە بە خوێنی شەهیدان و ماندووبوون و خەباتی ئەوانەی ئێستا لە گۆڕەپانی سیاسیدان، هاتۆتە دی.
خەباتی هیچ حزبێکی کوردستانی بۆ دروستکردنی دەوڵەتی کوردی نییە و هەموویان پەیوەستن بە دۆخی ناوخۆی ئەو وڵاتەوە کە تێیدان، هەریەکەشمان تایبەتمەندێتی خۆی هەیە.