تەقە و قاقا: (19)

حاجی شێخ رەشیدی شێخاجی

10:13 - 2023-02-15
رەهبەر سەید برایم
366 خوێندراوەتەوە

رەشید عەبدوڵڵا مەعروف ناسراو بە حاجی رەشیدی شێخاجی، پیاوێكی خۆش و خۆشەویست و نیشتمانپەروەر بوو، لە گوندی شێخاجی دۆڵی خەلەكان دەژیا، پاش ئەنفالەكان كەوتە ئۆردوگای حاجیاوا، پێش راپەڕین ماڵی لە گوندی (شێخاجی) لە دۆڵی خەلەكان بوو، ماڵەكەی لەبەر بناری چیای هەیبەسوڵتان بوو، پێشمەرگە لە چیا دەهاتنە خوار میوانی دەبوون حاجی شێخ رەشید لە گوندی دەمانچەی بە قایشی راست و چەپ دەبەست كورسییەكی نایلۆنی هەبوو لە سەربانی بەخۆیی و رادیۆوە دادەنیشت بە دەنگی بەرز رادیۆی دەكردەوە، گوێی لە ئێستگە دەنگی گەلی كوردستان دەگرت لە سروودی مەشخەڵانەوە تا تەواو دەبوو، گوێی لێ رادەگرت.
ئەو دەم (خەلەكان) دامودەزگای بەعسی لێبوو، لەژێر دەسەڵاتی بەعس بوو، جارێك لە (خەلەكان) چەند چەكدارێكی جاش تەشقەڵە بە حاجی شێخ رەشید دەكەن ئازاری دەدەن، حاجی شێخ رەشید بێ چەك بوو كەچی چەكیان دەكا، دوایی بەهەزار حاڵ ئەو كێشەیەی لەیەخە بۆوە، حاجی شێخ رەشید زۆر یەكێتی بوو لەناو (ی.ن.ك) سەر بە (شۆڕشگێڕان) بوو، هەموو جارێ دەیگوت: لە ئەوەلیەوە تا ئاخیری هەر لەگەڵ شۆڕش و یەكێتی و كوردایەتیم، نەدەزانرا ئەوەل و ئاخیرەكەی كامەیە؟ دوایی دەیگوت: من قەت لە یەكێتی دانەبڕاوم بەڵام یەكێتی چەند جار لە من دابڕاوە، من هەر مامەوە یەكێتی رۆییوە و هاتۆتەوە، مەبەستی ئەنفالەكان و سەر سنوور و (31) ئاب و رووداوە سیاسییەكان بوو، بۆیە پێی وابوو دانەبڕاوە و یەكێتی لێی دابڕاوە، حاجی شێخ رەشید پێش راپەڕین لە رێكخستنەكانی ناو (ی.ن.ك) ئەو یەكێتی شۆڕشگێڕانی كوردستان بوو، كۆمەڵە نەبوو بەڵكو شۆڕشگێڕان بوو، زۆرجار كادیرەكانی كۆمەڵە دەچوونە لای دەیانگوت بۆ نابیە كۆمەڵە بۆ شۆڕشگێڕانی؟! حاجی شێخ رەشیدیش دەیگوت: من شۆڕشگێڕانم چۆن دەبمە كۆمەڵە، ئێوە گوێتان لە ئێستگەی دەنگی گەلی كوردستان نییە، هەر جارەی خائین و پیاوخراپێ دادگایی دەكرێ و فەرمانی ئیعدامی بۆ دەدرێ، ئیعدامی شۆڕشگێڕانە دەكرێ، قەت بیستووتە ئیعدامی كۆمەڵانە بكرێ، هەر ئیعدامی شۆڕشگێڕانەیە، بۆیە شۆڕشگێڕانم!
جارێكی دیكە چەند پێشمەرگە و كادیری كۆمەڵە دەچنە لای و پێی دەڵێن: حاجی شێخ رەشید بەس بزانین بۆ هێندە (رەهبەری سەید برایم)ت خۆش دەوێ، خۆ هەر ئەو لێپرسراو و فەرماندە نییە، مەسەلە شێخایەتییە؟ مەسەلە چییە؟ ئەو دەم (رەهبەر سەید برایم) فەرماندەی تیپی (93)ی كۆیە بوو، سنووری تیپی (93)ی كۆیە، دەشتی كۆیە و دۆڵی خەلەكانی دەگرتەوە، حاجی شێخ رەشید دەڵێ: دەك ماڵتان بەقوڕ گیرێ، چۆن رەهبەری سەید برایمم خۆش نەوێ! مام جەلال ئەو هەموو هێز و پێشمەرگە و تیپ و فەرماندەیی هەیە، قەت بیستووتە ناوی یەكێكیان بهێنێ ئێستگەی كوردستان، بەڵام هەموو ئێواران لەگەڵ كردنەوەی ئێستگە ناوی كاكە رەهبەر دەهێنێ! ئێستگە یەك بەخۆی هاوار دەكات و دەڵێ:
هێزی گەلە و هێزی كاكە رابەرمان!
تومەز حاجی شێخ رەشید شێخاجی! لە سروودی مەشخەڵانی شۆڕشی ئەمجارە كە دەڵێ:
هێزی گەلە و (ی.ن.ك)ە رابەرمان!
حاجی شێخ رەشید وا تێگەیشتووە (یا، نون، كاف-ە رابەرمان)وا دەزانێ دەڵێ (هێزی كاكە رابەرمان)چووزانێ (یا، نون، كاف) كورتكراوە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە!!.
حاجی شێخ رەشید، خوا لێی خۆش بێ لە 5/10/2006 كۆچی دوایی كردووە (61)ساڵ ژیاوە.

وتارەکانی نوسەر