ئەشكەوت روخا، پێشمەرگە دانەبڕاوەكان نەڕووخان

10:42 - 2024-04-24
رەهبەر سەید برایم
95 خوێندراوەتەوە

مەلا ساڵحی مەلا سەدرەدینی مەلا ساڵحی مەلا ئەحمەدە ئەفەندی، باپیرە گەورەیان بۆتە خەلیفەی مەولانا خالیدی نەقشبەندی، كەسایەتی و مەلازادە و رێزداربوون، ئەفەندی و نەقشبەندی و ئاینداربوون، دەوڵەتی عوسمانلی زەوی گەرمك تەقتەق و بەشێكی خاكی تەقتەقی پێبەخشیبوون، بەداهاتی مەلایەتی و ژیان و گوزەرانی بۆ نەخشی بوون! خاوەن مەقام بوون دوو باپیرە گەورەیان لە حەیدەرخانەی بەغدا بەخاك سپێردرابوون، بەهۆی رێبازی نەقشبەندییەوە بۆ ئەوێ نێردرابوون، مەلا سەدر برادەری گیانی شێخ حیسامەدینی بابی مام جەلال بوو، دۆستایەتیان خۆش و پڕ سۆز بوو، مەلا ساڵح خەلیفەی رێبازی كوردایەتی بوو، چاوی لە لوولەی تفەنگ و پێشمەرگایەتی بوو، بەوپەڕی باوەڕ و بەجۆش و خرۆش و پەرۆشی، یەك چركە لە خەبات دانەبڕا تا لەناو كفنیان پۆشی، مەلا ساڵح ئەو شاباز و شاهۆیە، لە 29/8/1961 هاتۆتە ژیان لە شاری كۆیە، ساڵی 1980، رووی كردۆتە ئەو شاخ و دەشتە، چەكی شەرەفی هەڵگرتووە بە مەردایەتی، بە نیاز و رێبازی كوردایەتی، سەرەتا لە حزبی سۆسیالیست دەگیرسێتەوە، دواتر سەنگەر دەگوازێتەوە، هەر لەناو ریزەكانی (ی.ن.ك) دەمێنێتەوە، لە هەركوێ با بەرێ و جێ بوو، خۆشی و خۆشەویستی و خەندەی لێ بوو، ئەو شەڕەف و ئەركەی وەرگرت بوو، لە شاخ فەرماندەی كەرت بوو، لە چەندان شەڕ و داستان بەشداربووە، لەسەنگەری پێشمەرگایەتی 2 جار برینداربووە، ئەو كەسانەی بەرز و پیرۆز و بەهێزن، بەزانست و ئازایەتی وڵات دەپارێزن، ئەو لەشاخ و زەوی و ئاسمانی كردبووە راخەر و پێ خەف، ویژدانی ئاسوودەبوو لە رێگای ئازادی و سەنگەری شەرەف، ئێواران هەوری سوور، بەیانیان رێگای دوور، دەیدا لەبەرد وهەرد، نەیدەدا لەپردی نامەرد.
پاكی و كوردایەتی
 لەو رۆژگارانەی ئاسمان و زەوی بە مەرگ چێندرابوون، رێگەباریكەكان بەمین و پۆستاڵ تەندرابوون، ئەو پێشمەرگەبوو، ئەو رۆڵە بەجەرگەبوو، خۆشەویستی خاك و خەڵكی بەخۆڕسكی بوو، پاكی و كوردایەتی زادەی رۆح و لەمێشكی بوو، بەزمانی گوڵ دەهاتە گۆ، چاوی تیژبوو وەك هەڵۆ، رووبەڕوو دەم چەورنەبوو، پاشملەش دەم تەور نەبوو، لەسەرەوە و بنەوە یار بوو، لە حوجرەی مەلایەتی و كونجی كوردایەتی وانەی رەوشت فێربوو، ئەو پەندەی جێ بەجێ دەكرد كە زانای مەزن (بەیدەبا)، بەكەم تەماشای كەسی نەدەكرد چونكە جار هەیە رەشەبا، درەخت لە رەگەوە دەردەهێنێ، بەڵام پوشێك نابا و نایجوڵێنێ، رێزی خۆی دەگرت بۆیە رێزیان دەگرت، خوازەخوازی نەبوو رازی و بێ پرتە پرت، خەڵكی خۆش دەویست خەڵكیش ئەویان خۆش دەویست، دەیانزانی چ گەوهەر و كانێكە لە هەڵوێست، ماڵێكی گچكەی هەبوو بەڵام دڵێكی گەورە، بەهیمەت و بەهەڵمەت و بەهەیبەت بوو، جیاواز و ئازادیخواز و سەرفراز و بێ ئیمتیاز بوو، كونجی قەناعەتی گرتبوو، لە بارەگای پێشمەرگەی دێرین و دانەبڕاوەكان ببووە تاج و كۆمانج، خەمی بۆخۆی بوو خێری بۆ خەڵك.

 

 مەلا ساڵح خەلیفەی رێبازی كوردایەتی بوو، پاكی و كوردایەتی زادەی رۆح و مێشكی بوو، تا بۆ باوەشی نیشتمان گەڕایەوە وازی نەهێنا، چەكی دانەنا، نەبەزی

 

فریشتە نەبوو مرۆڤ بوو
مەلا ساڵح فریشتە نەبوو مرۆڤ بوو، وتەیەكی جوان هەیە بابی رەسول هەمزا تۆف گوتوویەتی، مرۆڤ لە كاتێكدا چۆك دادەدا و دێتە چەماندن، بۆ ئاو خواردنەوە و نوێژكردن و گوڵ چاندن، ئەو پێشمەرگە دێرین و دانەبڕاوانە، ئەو رۆڵە دڵسۆز و نەڕووخاوانە، رادەست نەبوونەوە و نەرووخان خۆیان نەچەماند، بەرنامەرێژ تا راپەرینیان كرد و تەخت و تاراجی بەعسیان بەسەر یەك داڕماند، چۆكیان دانەداو چەكیان دانەنا، تا هەرەسیان بەهەرەس هێنا، لە زەڵێ و قاسمەڕەش، بۆ ئایندەیەكی جوان و گەش، روناكی ئەستێرە و تریفەی مانگیان داگرت بۆ گەل، بەیەكگرتووی كورد و بەرەی كوردستانی و جۆشدانی جەماوەر بە ئێستگەو بێ تەل! لەپاش ئەنفالەكان بەسەریەك دارووخان شاخ و ئەشكەوت! بەڵام پێشمەرگە دانەبڕاوەكان نەسرەوتن نەروخان تا هێزی گەل سەركەوت! سووربوون لەسەر خەبات و پێشمەرگایەتی، لە پێناوی چەسپاندنی مافەڕەواكانی كورد و كوردایەتی!
خۆنەویست و كوردپەرست
مەلا ساڵحی مەلا سەدر، بەنەزاكەت و بەحورمەت و قەدر، دەیویست سەركەوێ، نەیدەویست دەركەوێ، كەسێكی خاكی و سادە بوو، چەكی بەهێزی بەس ئیرادەبوو، بەبێ گەردی، زۆر بە مەردی، بۆ ئامانجێكی پیرۆز، درێژەی بە خەبات و پێشمەرگایەتی دا، نەچەمایەوە و ورەی بەرنەدا، وەستا بەرامبەر هەموو بارێكی نالەبار و ئاڵۆز، بە قوڕ بەسەری، بەدەردەسەری، بە دەربەدەری، هەرمایەوە بەنكوڵكاری و كۆڵنەدەری، خۆڕاگر و پێداگر، باوەڕبەتین و ئاگر، تا بۆ باوەشی نیشتمان گەڕایەوە بەسەربەرزی، وازی نەهێنا، چەكی دانەنا، نەبەزی و نەلەرزی، ئای رۆژگار، زەمانەی بێ وەفا، كێ كێشای جەوروجەفا، كێ كردی سەیروسەفا، كە بە ئاگرێك گەش نەبییەوە، بۆ بەدووكەڵی رەش ببییەوە، مەلا ساڵحی خۆشەویست، بەكردار و خۆنەویست و كوردپەرست، قولابی شێرپەنجە چەنگی لێ گیركرد، لە 29/1/2024 بەرەو مەرگی برد، ڕاكشێ پشووبدە ئەی كۆنە هەڤاڵی شۆڕشگێران، لەگەڵ كاروانی دلێران و مەردان و شێران، بەچاكی و پاكی و روناكی لەژێر خاكی، یادت بەخێر بەگوڵ و یادگاری و غەمناكی، بەهەور و بەسایەقە، گوڵ هەر گوڵی لایەقە!

مەلا ساڵح

وتارەکانی نوسەر