تەقە و قاقا

شیوەنەکەی سێوە

11:43 - 2023-04-05
رەهبەر سەید برایم
330 خوێندراوەتەوە

(23)

لەناو هێزی پێشمەرگە و یەكەكانی (ی.ن.ك) هەر ناوچەی دابەشكرابوو تیپێكی پێشمەرگانەی هەبوو، لەوانە تیپی 44ی چەكووچ لە ناوچەی پشدەر، بەڕێكەوت سێوە لای مەرگە دەبێت، تووشی پێشمەرگەیەك دەبێت لێی دەپرسێ: پێشمەرگەی كام تیپی؟ پێشمەرگەكەش دەڵێ: تیپی 44ی چەكووچ، سێوەش ناوبانگی تیپی واو ناوی شاخی وای هەر نەبیستبوو، بۆیە پێی سەیر دەبێ، پێشمەرگەكەش دەپرسێت جەنابت پێشمەرگەی كام تیپی؟! سێوەش خۆی پێشمەرگەی تیپی 93ی كۆیە بوو، دەڵێ: قوربان منیش پێشمەرگەی تیپی 93ی شەكرشكێنم!!.
لە شەڕی قەیوان-ماوەت، سێوە و چەند پێشمەرگەیەك لە گوندی (مارەڕەش) دەبن، شەڕ و هێرش بوو جێكەشی مەترسیدار بوو، سێوە و برادەران زەوقی ئێشكگریان نابێ و لێی دەخەون، سێوە بە حەمە هەڵدێر لە یەك تیپ پێشمەرگە بوون دەڵێ: تا بەیانی ئێشكگربە، تۆ لە ناومان ساغ و تەواوی، حەمە هەڵدێریش دەڵێ: بۆ بە تەنیا ئێشك بگرم تا بەیانی وەڵاهی منیش دەخەومەوە، سێوەش دەڵێ: وەڵڵاهی بخەوی بگیرێین، بۆ سبەینێ لە بەندیخانە و مونەزەمە تێروپڕت تێهەڵدەدەم!!
سێوە زۆری دەخواردەوە، بۆ خۆشی و پێكەنین تێی هەڵدەكرد و دەیچریكاند، لەناو گۆرانی گوتنەكانیدا، خۆی رێكیخستبوو شینی بۆ حەسەن و حسێن دەكرد، وەك شینی شیعەكان لاسایی دەكردنەوە لەخۆیەوە دەیگوت:
جائە حوسینین ئیلا كوفە
بە سیارەتین مەكشوفە
لەخۆی دەدا بەو شێوە شینی دەگێڕا و دەبووە پێكەنین!!

لە ساڵی 1986 بۆسەیەك دانرایەوە، لە(شیوی ساماڵ) لە نێوان كۆیە و دێگەڵەدا، چەند جاشێك كوژران لەو چالاكییە مەیتەكان لەسەرجادە ڕیزكرابوون، سێوەش چووبە سەر مەیتەكان بەو شێوەیە تەڵقینی دان:
ئەی جاشەكەی كوڕی كەرێ
دوو پێشمەگەی یەكێتیت دێنەسەرێ
پارەت لە باخەڵ دێننە دەرێ
رەوانەت دەكەن لە بۆ سەرێ

بەداخەوە سێوە لە رۆژی 10/5/2006 كۆچی دوایی كرد، مەی خواردنەوە كوشتی و كۆتایی بەژیانی هێنا! دوو كچ و كوڕێكی لەپاش بەجێماوە بەناوی (كەكۆ، قەیوان، لالۆ).

وتارەکانی نوسەر