گـــــمـــۆ

شەڕ، شەڕی دامەزراوەكانە

10:27 - 2023-05-31
فەرید دڵشاد
204 خوێندراوەتەوە

لە دوای ئەو گوڕانكارییانەی لەم دواییەدا روویدا لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و عیراقدا، بەتایبەتی دوای دەرهێنانی دۆسییەی نەوت لە دەستی كورد، پێوستە سەركردەكانی كورد بیر لە پەیڕەوكردنی سیاسیەت و ستراتیجیەتی نوێ‌ بكەنەوە، كە دواجار خزمەت بە كۆی بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان بكات.
ئەوەی دەبینرێت كورد هیچ كارتێكی ئەوتۆی بەدەستەوە ناماوە، كە وەك گوشار بەكاریبهێنێت  دژی بەغدا بۆ ئەوەی خواستەكانی خۆی پێ جێبەجێ‌بكات، هەربۆیە پێویستە كورد نەك تەنها وەك دروشم باسی گەڕانەوە بۆ بەغدا بكات، بەڵكو دەبێت رۆڵ و كاریگەریشی هەبێت و بەكردار هەست بە هەژموونی كورد بكرێت لەناو دامەزراوەكانی عیراقدا.
پێویستە كورد زیاتر لە شیعە و سوننە خۆی بكات بە خاوەنی عیراق  و دامەزراوەكانی عیراق بە هی خۆی بزانێت بەتایبەتی دامەزراوە سەربازی و یاساییەكان، بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە پێگەی خۆی بەهێز بكات، چونكە هیچ رێگەیەكی تری لەبەردەم نەماوە تا شەڕی بەرژەوەندییەكانی بكات تەنها دامەزراوەكانی عیراق نەبێت.
جگە لە پۆستەكانی سەرۆك كۆمار، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، چەندین وەزیر و  ئەو ژمارە زۆرەی پەرلەمانتار، هاوكات كورد پۆستی بریكاری وەزیر، باڵیۆز لە وڵاتان، بەڕێوەبەری گشتی و سەرۆكی دەستەی بەردەكەوێت، نابێت كورد ئەم پۆستانە بەكەم بزانێت و پڕیان نەكاتەوە، بەڵكو لەمەودوا كورد پێویستی زۆری بەو دامەزراوە فەرمییانە دەبێت مافەكان لەوێوە بەدی دێن.
ئەوەی باس دەكرێت كورد زیاتر لە 500 پۆستی لە عیراق بەردەكەوێت، ئەگەر لە كابینەكانی پێشووتر بەهەر بیانوویەك بێت پڕنەكرابنەوە، پێویستە بۆ لەمەودوا بە جدی كار لەسەر پڕكردنەوەیان بكرێت و  بەو ژمارە پۆستەی هەیە خزمەتی هەرێمی كوردستان بكرێت، وەك ساڵانی دوای 2003 بە هەموو هێز و توانامانەوە بڕۆینە بەغدا و بەكاریبهێنن بۆ دابینكردنی ژیانێكی باشتر بۆ هاووڵاتیان.
دەبێت بابەتیانە مامەڵە لەگەڵ خاڵە لاواز و بەهێزەكانی خۆمان بكەین، سیاسەت لەسەر بنەمای هەست و سۆز بینا ناكرێت، دەبێت لەوە تێبگەین راستكردنەوەی باری لاری كورد تەنها گەڕانەوە و رۆچوونیەتی بە كردار بۆ ناو دامەزراوە فەرمییەكانی عیراق، هاوشانی شیعە و سوننە جێ پەنجەمان لەسەر سیاسەتی عیراق بنەخشێنین، هەروەك چۆن لەدوای 2003 بەغدا چەقی هێزی كورد بوو دەبێت ئێستاش وابێت.
لەسەروو ئەوانەشەوە پڕكردنەوەی پۆستەكان نابێت تەنها بۆ مووچە و دەستكەوتی تایبەت بەكاربهێنرێت، بەڵكو دەبێت ئەو پۆستانە بەكەسانی لێهاتوو و شارەزا پڕبكرێنە بۆ بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان بەكاربهێنرێن، تەنانەت لە خولەكانی داهاتووی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران دەبێت زۆر ئاگاداری ئەوە بین كێ‌ دەنێرین بۆ بەغدا، چونكە لەمەودوا تاكە چەكی كورد شەڕكردن دەبێت لەرێگەی دامەزراوەكانەوە.
رۆچوونی كورد بۆ ناو هەموو جومگەكانی سیستمی سیاسی و بەڕێوەبردن و سەربازیی عیراق كاری لە پێشینەمان نەبێت زیانێكی گەورەمان بەردەكەوێت، لەگەڵ ئەوەشدا كاركردن لەسەر پڕۆژەی هاوبەش و هەڵوێستی یەكگرتوویان، تەنها رێگەیە لەم دۆخەدا قەرەبووی لاوازییەكانی كورد بكاتەوە بەرامبەر بەغدا.

وتارەکانی نوسەر