پەیوەندییەكانی روسیا و بزووتنەوەی تاڵیبان بەم دواییانە گۆڕانكاریان بەسەردا هاتووە، مۆسكۆ بە ئاراستەی كرانەوەی پەیوەندییەكانی دەڕوانێتە تاڵیبان، كە خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی هەردوولا بكات، ئەوەش سەرەڕای ئەو هەڵوێستە دوژمنكارانەیەی كە لە ساڵی 2003 هەیانبووە، كاتێك مۆسكۆ بزووتنەوەكەی وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی ناساند، ئەم گۆڕانكارییە لە سیاسەتی دەرەوەی مۆسكۆ لە چەند ساڵی رابردوودا دەستیپێكردووە، بەم نزیكانەش لە لێكتێگەیشتن و هاوكاریی زیاترى نێوانیان نزیكبوونەتەوە.
لابردنی تاڵیبان لە لیستی تیرۆر
رۆژی17ی نیسانی 2025 دادگای باڵای روسیا بڕیاریدا تاڵیبان لە لیستی رێكخراوە تیرۆریستییەكانی وڵاتەكەی لاببات، ئەمەش دوای زیاتر لە دوو دەیە لە دەستنیشانكردنی وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی، بڕیارەكەی دادگای باڵای روسیا لەسەر بنەمای فەرمانێكی ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی روسیا بوو، كە لە ساڵی 2024 دا دەرچووە و تێیدا ئەگەری هەڵپەساردنی دەستنیشانكردنی تاڵیبان وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی دیاریكرابوو، ئەمەش رێگەی خۆشكرد بۆ دوورخستنەوەی بزووتنەوەكە لە لیستی رێكخراوە تیرۆریستییەكان.
خواستی مۆسكۆ بۆ هاوكاری لەگەڵ تاڵیبان
روسیا هەوڵدەدات پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەفغانستان لە هەموو بوارەكاندا بەهێز بكات، لەوانە بەرزكردنەوەی هاریكاریی بازرگانی و وەبەرهێنان، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی شوێنی ستراتیژیی ئەفغانستان بۆ پڕۆژەكانی داهاتووی وزە و ژێرخانی ئابووریی. لەو چوارچێوەیەدا، زامیر كابولۆڤ، نێردەی تایبەتی سەرۆكی روسیا لە ئەفغانستان پێیوایە بڕیاری لابردنی تاڵیبان لە لیستی تیرۆر، ئامانجی لابردنی ئاستەنگە یاساییەكانی بەردەم دامەزراندنی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەكانی نێوان هەردوو وڵاتە. وەزارەتی دەرەوەی ئەفغانستانيش لە راگەیەنراوێكدا پێشوازی لەو هەنگاوەی روسیا كرد بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوانیان.
هاوكاریی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر
لەبەر رۆشنایی ئەو هەڕەشە ئەمنییانەی كە مۆسكۆ رووبەڕووی دەبێتەوە لەلایەن گروپە چەكدارەكانەوە كە بنكەكانیان لە چەند وڵاتێكە، لە نێویاندا ئەفغانستان، لە مانگی ئاداری ساڵی 2024 مۆسكۆ شایەتحاڵی هێرشێكی تیرۆریستی بوو بۆ سەر هۆڵێكی كۆنسێرت. رێكخراوی تیرۆریستی داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەكە راگەیاند، هاوكات هەندێك راپۆرتی ئەمریكا ئاشكرایان كرد، لقی ئەفغانیی داعش (داعش-خۆراسان) بەرپرسیارە لەو كردەوەیە، ئەمەش هەندێك توێژینەوە خواستەكانی تاڵیبانیان ئاشكرا كردووە بۆ بەهێزكردنی هاوكاری ئەمنی لەگەڵ روسیا بۆ كۆنتڕۆڵكردنی مەترسی داعش لە ئەفغانستان.
كۆتاییهێنان بە گۆشەگیریی تاڵیبان
لە دوای ساڵی 2021ەوە تاڵیبان هەوڵی كۆتاییهێنان بەو گۆشەگیرییە نێودەوڵەتییە دەدات، كە لەسەرییەتی و هەڵمەتێكی دیپلۆماسی دەستپێكردووە بۆ پتەوكردنی پەیوەندییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكانى، نزیكبوونەوەی روسیا و تاڵیبان بەشێكە لە هەوڵەكانی و پێیانوایە ئەم هەنگاوە رێگە خۆش دەكات بۆئەوەی چەند وڵاتێكی تریش هەنگاوی هاوشێوە بنێن، ئەمەش رێگە خۆش دەكات بۆ لابردنی سزا نێودەوڵەتییەكانی سەر ئەفغانستان و دانپێدانانی ئەو وڵاتە بە كورسییەكەی لە نەتەوە یەكگرتووەكان و ئازادكردنی سەروەت و سامانە بلۆككراوەكانی. ئەمەش وادەكات ئەفغانستان لە رووی سیاسی و ئابوورییەوە بەڕووی جیهاندا بكرێتەوە
بەرژەوەندییە ئابوورییەكانی مۆسكۆ لە كابوڵ
بڕیاری روسیا بۆ لابردنی تاڵیبان لە لیستی تیرۆر پەیوەستە بە بەرژەوەندییە ئابوورییە هاوبەشەكانی نێوان مۆسكۆ و كابوڵەوە، روسیا یەكەم وڵات بوو نووسینگەی نوێنەرایەتی بازرگانی لە كابوڵ كردەوە و خواستی خۆی راگەیاند بۆ بەكارهێنانی ئەفغانستان وەك ناوەندێكی گواستنەوە بۆ غازی وڵاتەكەی بەرەو باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا، روسیا ئارەزووی خۆی بۆ دروستكردنی هێڵی بۆری غازی توركمانستان-ئەفغانستان- پاكستان- هیندستان و هێڵی ئاسنی ئەفغانستان- ئۆزبەكستان كە ئۆزبەكستان و پاكستان بەیەكەوە دەبەستێتەوە راگەیاند، جیا لەوە مۆسكۆ دەیەوێت سوود لە كانزا بەنرەخەكانی ئەفغانستان وەربگرێن، ئەمەش باری شانی روسیا سوكتر دەكات لەبەرامبەر سزاكانی رۆژئاوا. لە ئێستاشەوە زیادكردنی 52%ی هەناردەكردنی گازی شلكراوی روسیا بۆ ئەفغانستان لە ماوەی مانگی یەك و دووی ئەمساڵی رەنگدەداتەوە.
كاریگەریی روسیا لە ئاسیای ناوەڕاست
مۆسكۆ، ئەفغانستان وەك بەشێكی سەرەكی لە جیۆپۆلەتیكی ناوچەیی لە ئاسیای ناوەڕاست دەبینێت و دەیەوێت پێگەی بەهێزی خۆی هەبێت، ئەوەش دوای ئەوەدێت پەیوەندییەكانی نێوان چین و تاڵیبان بەرەو پێش چووە، بەتایبەتی لە دانوستانەكانی ژێرخان و وەبەرهێنانەكانی پەیوەست بە دەستپێشخەری پشتێن و رێگا، جیا لەوەش لە چەند مانگی رابردوودا پەیوەندییەكانی نێوان تاڵیبان و ئەمریكا لە سەردەمی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بەرەو پێش چووە، بەتایبەت سەبارەت بە ئاڵوگۆڕ و ئازادكردنی زیندانییەكان، هەربۆیە زۆرێك لە راپۆرتە رۆژئاواییەكان پێشبینی دەكەن هەنگاوەكانی ئێستای روسیا هەوڵدەدات تاڵیبان بۆ هاوپەیمانی دژە خۆرئاوا رابكێشێت و لە هەندێك دۆسییەی ئابووريی و سیاسیی تاڵیبان دژی وڵاتانی رۆژئاوا بەكاربهێنێت
دانپێدانانی روسیا بە حكومەتی تاڵیبان
ئێستا هیچ وڵاتێك دان بە حكومەتی تاڵیباندا نانێت، كە لە مانگی ئابی 2021ەوە دەسەڵاتی لە كابوڵ گرتۆتەدەست، دوای ئەوەی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لە پاش نزیكەی 20 ساڵ لە ئەفغانستان كشانەوە، هەرچەندە هەڵوێستی روسیا هاوتەریبە لەگەڵ هەڵوێستی نێودەوڵەتی سەبارەت بە حكومەتی تاڵیبان، بەڵام مۆسكۆ ئاماژەی بە دووبارە داڕشتنەوەی هەڵوێستی خۆی بەرامبەر بە كابوڵ نیشاندا، لەگەڵ ئەوەشدا روسیا هێشتا دانی بە حكومەتی تاڵیباندا نەناوە، بەڵام هەندێك لە پێشبینییەكان ئەوە دەردەخەن بڕیارەكەی مۆسكۆ بۆ لابردنی تاڵیبان لە لیستی تیرۆر، رێگە خۆش دەكات بۆ فراوانبوونی هاوكاری نێوان هەردوولا و رەنگە لە ماوەی داهاتوودا روسیا دان بە حكومەتی تاڵیباندا بنێت. ئەم هەنگاوە لەگەڵ راپۆرتی دەزگا هەواڵگرییەكانی ئەڵمانیادا یەكدەگرێتەوە كە ئاماژەیان بەوە كردووە، دەستپێشخەرییەكەی ئەم دواییەی كە كرملین پەیڕەوی لێدەكات، هەنگاوی بچووك و وردە بۆ دانپێدانانی رەسمی بە حكومەتی تاڵیبان.
لە ئەفغانستانەوە بۆ ئۆراسیا
لە چوارچێوەی هەوڵەكانی روسیا بۆ بەهێزكردنی جیۆپۆلەتیك و ئابووریی خۆی لە ئاسیای ناوەڕاست، رەنگە مۆسكۆ ئامانجی ئەوە بێت هاوپەیمانەكانی ئێستای لە ناوچەكەدا بەكاربهێنێت، وەك رێكخراوی پەیمانی ئاسایشی بە كۆمەڵ و یەكێتی ئابووریی ئۆراسیا، بۆ تێكەڵكردنی ئەفغانستان بە فەزای ئۆراسیا، ئەفغانستان بە گرنگییەكی گەورەی جیۆستراتیژی و ئەمنی بۆ روسیا دادەنرێت، بەرژەوەندییە جیۆپۆلەتیكی و ئابوورییەكان وایكردووە مۆسكۆ پەیوەندییەكانی لەگەڵ تاڵیبان بەهێزتر بكات، بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەكانی لە ئەفغانستان و لە چوارچێوەی بەرفراوانی ناوچەیی ئاسیای ناوەڕاستدا مسۆگەر بكات.
سەرچاوە: المستقبل للأبحاث والدراسات المتقدمة
پەیوەندییەکانی روسیا و تاڵیبان بەرەو کوێ دەچێت؟