بەرەو دیدارەکە

12:29 - 2022-04-16
سدیق عەلی
321 خوێندراوەتەوە

گرنگترین پڕۆژە لە ژیانی هەر حزب و رێكخراوێكی سیاسیدا، ژووان و دیدارە لەگەڵ جەماوەرەكەیدا، واتە ناكرێت حزب لە جوغزی كۆمەڵێك سەركردە و ژمارەیەك ئەندامدا لەقاو بدرێت و بە پەرژینی ئایدیۆلۆژیا، یان بەرژەوەندی، یان بیروبۆچونی كۆمەڵێك سەركردە، لە خەڵكی گشتی جیابكرێتەوە. ناشكرێت بارەگاكانی تەرخان بن بۆ كادر و بەرپرسەكانیان و خەڵكانی دیكە بە ماڵی خۆیانی نەزانن.
حزبی بێ جەماوەر، وەك كۆمپانیایەكی سیاسی وایە كە كارمەند و  خاوەن كارەكانی لەخۆگرتووە و ئەوانەی لە ناویدا كۆبوونەتەوە، خاوەن بەرژەوەندییەكی دیاریكراون، بۆیە لەكاتی هەڵبژاردن و چالاكییە حزبییەكاندا، ناچار دەبێت ئەرك و وەزیفە بە كارمەندەكانی بسپێرێت و ئەو كارمەند و كادرو ئەندامە حزبییانە، وەك جەماوەر و لایەنگر پیشانی لایەنە سیاسییەكانی دیكە بدات، كە ئەوانیش زۆرێكیان بەهۆی بوونی گلەیی و نەبوونی دادگەریی و كەسانی نەشیاو لە پۆست و پلەدا، لە چالاكی و ئەركە حزبییەكاندا بەشدار نابن.
مێژوویەكی هێندە دوور نییە كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لایەنی دڵخوازی جەماوەرێكی بێ شوماری كوردستان بوو، خەڵكانێكی زۆر خۆیان بە خاوەنی سەروەرییەكانی دەزانی و بە سەركەوتنەكانی دڵخۆش و بە كێشە و گرفتەكانی دڵتەنگ دەبوون، لەهەڵبژاردنەكاندا، كەسوكاری شەهیدان و پێشمەرگە و خەڵكی كاسبكار و رۆشنبیر و جووتیار و مامۆستای ئایینی و خوێندكاران و تەواوی چین و توێژەكان، بۆی دەكەوتنەكار و سەرخستنی كاندیدانی حزبەكەیان وەك ئامانجێكی مەزن دەبینی.
ئێستا یەكێتی بەرەو دیدار هەنگاو دەنێت، جگە لە ئەندام و لایەنگرانی خۆی، خەڵكانێكی زۆری بێلایەن، چاوەڕێی ئاكامەكانی ئەو دیدارەن، دەیانەوێ یەكێتی وەك جاران هی هەمووان بێت، خۆی خاوەنی جەماوەر و جەماوەر خاوەنی یەكێتی بن، پێویستە ئەو دیدارە تەنها چالاكییەكی حزبی نەبێت، بەڵكو لە پێناوی ئەو ئامانجە مەزنانەدا ببەسترێت كە یەكێتی لە پێناویاندا دامەزراوە و خەباتی كردووە و هەزاران شەهیدی بۆ بەخشیووە.
 گەنجەكان چاویان لەو دیدارەیە، بۆئەوەی یەكێتی ئایندەیان بۆ مسۆگەر بكات، ژنان چاویان لەو دیدارەیە، تا دادگەری كۆمەڵایەتی لێ بكەوێتەوە، مامۆستایان چاویان لێیەتی تا لە ئاكامیدا نەوەیەكی تەندروست بەرهەم بهێنن، هەژار و كەمدەرامەتەكان چاویان لێیەتی تا لە سایەیدا لە خێرو بێری وڵاتەكە بەهرەمەند بن، جەماوەرە دڵسۆزەكەی یەكێتی چاویان لێیەتی تا جارێكی دیكە بە دەنگێكی دلێرەوە بە خەڵكی كوردستان بڵێن، ئا ئەمە ئەو یەكێتییەیە كە هەموومان خەونمان پێوە دەبینی.

وتارەکانی نوسەر