زووم

هەواڵی شۆک بۆ ئێمە و میدیاکانیش

10:51 - 2023-07-03
رۆزا دڵشاد مەریوانی
796 خوێندراوەتەوە

«شۆک وێنەیەکی فڵانە ئەستێرە بەبێ ماکیاژە و تەمەنی پێوە دیارە» ئەم ناونیشانە زۆربەمان بەردەوام لە سایت و پەیجەکانی سۆشیال میدیادا بەرچاومان دەکەوێت، لەم ماوەیەدا ناونیشانێکی لەو جۆرەم لەبارەی ئەستێرەی مەکسیکی سەلما حایکەوە بینی، لە یەکێک لە سایتە عەرەبییەکاندا ناونیشانەکە بەجۆرێک نووسرابوو خوێنەر وا هەستبکات تاوانێکی کردووە، کاتێک بە شێوەیەکی سروشتی و بێ ماکیاژ دەرکەوتووە و نیشانەکانی تەمەنی پێوە دیارە، منیش لەبەرئەوەی هەواداری ئەو ئەستێرەیەم و سەرسامی جوانیی و سەرنجڕاکێشیی و فیلمەکانیم کە خاوەنی زۆر فیلمی سەرکەوتووە، کاتێک هەواڵەکەم خوێندەوە جگە لەوەی ژنێکی جوانی سروشتیم بینی لەناوەڕۆکیشدا باس لە جوانیی ئەو ئەستێرەیە کرابوو هەرچەندە ئەمساڵ تەمەنی 57 ساڵ تەواو دەکات، بەڵام ناونیشانێکی لەو جۆرە بۆ؟ بۆچی لەم سەردەمەدا دەگمەنە نەک ئەستێرەیەک، بەڵکو کەسێکی ئاسایی بێ ماکیاژ و فلتەر وێنەیەکی خۆی لە سۆشیال میدیا بڵاوبکاتەوە؟ بۆچی ژنانی ئەم سەردەمە ناتوانن یان نایانەوێت وێنەیەکی سروشتی خۆیان بڵاوبکەنەوە و خەڵکی بیبینێت؟ چونکە بە رای من تا رادەیەک تەمەن و پیری یان ئەگەر بەپێی پێوەرەکانی سەردەم جوان نەبیت بووە بە عەیبە و تاوان، تەنانەت کاتێک وێنەیەکی بێ فلتەر لە ئەکاونتەکەی خۆت بڵاودەکەیتەوە تەماشا دەکەیت چواردەورەکەت پێت دەڵێن ئەوە چییە چۆن وێنەیەکی وات بڵاوکردۆتەوە، وایلێهاتووە ئەگەر کۆپی مۆدێل و فلتەرە باوەکان نەبیت وەک ئەوە وایە تاوانێکت کردبێت، هاوکات جوانیی و نەبوونی هیچ جۆرە چرچی و خەوشیێك لە جەستە و روخساردا بووە بە پێناسەیەک بۆ زۆربەمان و تەنیا ئەوە وەک مرۆڤێک بەهامان دەداتێ، جگەلەوەی نەبوونی ئەو پێوەرانەی لەم سەردەمەدا دانراوە بۆ جەستە و روخسار کە تەنیا پێوەری رووکەشن، وادەکات زۆر کەسی بەهرەمەند و لێهاتوو پێشنەکەون یان سەرکەوتنیان دوابکەوێت.
بەداخەوە لە دۆخێکداین چاومان ئەوەندە دەموچاوەکانی بە فلتەری مۆبایلە زیرەکەکان یان فلتەری پزیشکەکانی جوانکاریی بینیووە بەرگەی ناشیرینییەکانی خۆمان و چواردەورەکەشمان ناگرین، بۆیە لەبەر قسەی خەڵکی یان بۆ هەستکردن بە بەهای خۆمان بەردەوام خەریکی جوانکردنی روخسار و جەستەی خۆمانین، بێگومان زۆربەی لەبەر هۆکارە تەندروستی و دەروونییەکی نییە، بەڵکو لەبەر هۆکارە نا دروستەکەیەتی کە راوبۆچوون و وێنای خەڵکە لەسەرمان، نەوەک پێمان بوترێت ناشیرین، وایلێهاتووە بیرمان چۆتەوە روخساری سروشتی چۆنە و هەر تەمەنە و جوانیی خۆی هەیە و ئەگەر لە سنوورێکی تەندروستدا گرنگی بەخۆمان بدەین دەکرێت وەک سەلما حایک چەند بچینە تەمەنەوە هەر ژنێکی جوان و سەرنجڕاکێش بین، دواجار نازانین تا کەی بە سروشتی دەرکەوتن هەواڵێکی شۆک دەبێت بۆ ئێمە و بۆ میدیاکانیش.  

وتارەکانی نوسەر