(53)
لەگەڵ زیادبوونی قەیرانە ئابوورییەکان، ئەو دەستکەوتانەی ژنان لەسەر ئاستی گشتی و تایبەتی پێی گەیشتوون لە دەستی دەدەن و چەندین قۆناغ دەچنە دواوە
باسی خراپیی مێردەکەی دەکرد کە چەند دڵپیس و جنێوفرۆشە و بەردەوام سووکایەتی پێدەکات، پێموت: بۆ بەرگەی دەگریت و وازیلێناهێنیت؟ وتی: ئەی کێ بەخێومان بکات؟! هیچ نەبێت ئەو کاسبە و مەسرەفی ماڵ و منداڵەکانی دەکات، راستە منیش فەرمانبەرم و مووچەکەم بەشم دەکات، بەڵام لە دۆخێکدا هەموو مانگێک وەریبگرم، ئێستا ئەو نەبێت لە برسانا دەمرین.
قسەکانی راست بوون، بە داخەوە لە وڵاتێکدا دەژین هەزاران ژن هەن لەبەرئەوەی هیچ سەرچاوەیەکی ماددییان نییە پێی بژین، تەنانەت ئەگەر فەرمانبەری حکومەتیش بن، ناتوانن وەک ژنێک داوای مافەکانیان بکەن و دژی توندوتیژییەکان بووەستنەوە، لە کاتێکدا حکومەت و وڵاتەکەیان سادەترین مافی هاووڵاتی کە مووچەکەیەتی لەپای کارەکانیان نایانداتێ، وەک نموونەی ئەم چەند مانگە، لەگەڵ قەیرانی دواکەوتن و پاشەکەوتکردنی مووچەی زیاتر لە 10 ساڵەی رابردوو، ئەوەش وایکردووە بەشێکی ژنان نەتوانن داوای مافەکانیان بکەن، لەکاتێکدا هاووڵاتیانی ئەم هەرێمە وەک پلە دوو حیسابیان بۆ دەکرێت، کەواتە ژنێکی بێ دەسەڵات کە توندوتیژیی بەرامبەر دەکرێت و جگە لە مووچەکەی هیچ سەرچاوەیەکی دیکەی نییە پێی بژی، دەبێت لە پلەی چەنددا بێت؟ وەک هەرەمەکەی ماسلۆ کە تۆ بژێوی سەرەتاییت نەبێت ئیتر چۆن بتوانیت وەک هاووڵاتییەک داوای مافی خۆت بکەیت و چۆن وەک ژنێک دژی چەوساندنەوە و توندوتیژییەکانی رەگەزی بەرامبەر بووەستیتەوە؟ وەک ئەو ژنە وتی: «چەند توندوتیژ بێت مەسرەفم دەکات» چونکە هەوڵی مانەوە و خواردن و خواردنەوە لە پێش هەر پێویستییەکی دیکەوە دێت، تەنانەت پێش کەرامەتیش دێت، بەتایبەتی ئەگەر دایک بێت و لە پێناو منداڵەکانیدا ئەوە بکات و نەتوانێت لە رووی داراییەوە بەخێویان بکات و بەرگەی بێنە و بەردەی دادگا بگرێت بۆ چاوەڕوانکردنی وەرگرتنی نەفەقەی منداڵ لە پیاوەکەی، بۆیە ئەو کاتە ناچارە بەو ژیانە رازی بێت.
لەم وڵاتەدا ژیان تەنیا بۆ هاووڵاتییەکی خاوەن داهاتی مامناوەند یان هەژار قورس نییە، بەڵکو لەوە قورستر ژنبوونە، چونکە زۆربەی ئەو پێوەرانەی وەک مرۆڤێک مافت دەپارێزێت نییە، چ جای وەک ژنێک، جگەلەوە لەگەڵ زیادبوونی قەیرانە ئابوورییەکاندا ئەو دەستکەوتانەی ژنان لەسەر ئاستی گشتی و تایبەتی پێی گەیشتوون لە دەستی دەدەن و چەندین قۆناغ دەچنە دواوە، بۆیە دواجار باسی ماف و یەکسانیی جێندەریی بۆ مرۆڤێکی برسی ناکرێت، مرۆڤی برسی چ ژن بێت یان پیاو داوای یەکسانیی و ئازادیی ناکات ئەگەر هێشتا پێداویستییە سەرەتاییەکانی لە ژیاندا پڕ نەکرابێتەوە، بۆیە ژنێک چەندە چەوساوەی دەستی مێردەکەی بێت وەک یەکەم غەریزەی مرۆڤایەتی لە پێناو مانەوەدا ناچارە بەرگە بگرێت.