(54)
ئەو کەسەی وێنەکەی بەکاردەهێنیت و ناوی دەزڕێنیت، با لە رێگەی مۆبایلەوە بێت، بەڵام ئەو ئامێر نییە و وەک تۆ مرۆڤە و هـەسـتـی هەیە، تاوانە ژیانی تێکبدەیت
سیمایەک لە سیماکانی ئەم سەردەمە بە دیوە ناشیرینەکەیدا، گاڵتەپێکردن یان ناوزڕاندنی کەسێکی دیاری کۆمەڵگەیە لە سایت و پەیجەکانی سۆشیال میدیادا، تەنیا لەپێناو کۆکردنەوەی لایک و کۆمێنت و بەرزکردنەوەی ئەکتیڤی پەیجەکانیان، بێگومان ئەگەر ئەو کەسە ژن بێت بابەتەکە قورستر لەسەری دەکەوێت و رەنگە ببێتە هۆی ناوزڕاندنی و کێشەی خێزانیی لێ بکەوێتەوە، بۆ نموونە دەبینین بەشێک لە دیداری خانمێکی بەڕێز وەردەگرن کە بە جۆرێک لە جۆرەکان خەڵک دەیناسن و ناوبانگی هەیە، دوای ئەوەی هیچی لێ نادۆزنەوە بە هۆیەوە تانەی لێبگرن کاپشنێکی نەشیاوی لەسەر دەنووسن کە جێی گاڵتە پێکردن نییە و بگرە زۆربەی زۆری بینەرانی ئەو ڤیدیۆیە هاوڕان لەسەر نەشیاویی ئەو کاپشنە و بە سەرزەنشتکردن و جنێودان و لایکی تووڕەیی بەو پەیج و ئەکاونتانەدا دێنە خوارەوە، بەڵام ئەوەی زۆربەمان لەو ساتانەدا لەبیرمان نییە ئەوەیە، ئەو پەیجانە جۆری لایک و کۆمێنتەکانیان بەلاوە گرنگ نییە، بەڵکو ئەوەی گرنگە ئەو ژمارە زۆرە لە کاردانەوە ئەگەر تووڕەییش بێت لە رێی لایک و کۆمێنتەکانەوە ئەکتیڤی پەیجەکانیان لە سۆشیال میدیا بەرزدەبێتەوە، واتا ئەو پەیجانە بە کۆمێنتکردنی دژ یان لایکی تووڕە سزا نادرێن و ناوەستێنرێن، بەڵکو دەبێت هیچ جۆرە کاردانەوەیەکت بۆیان نەبێت و دەتوانیت لەوەش زیاتر بڕۆیت و ریپۆرتیان بکەیت، لەبەرئەوەی ئەوان ئەکتیڤ و ناوبانگیان دەوێت بە هەر نرخێک بێت تەنانەت ئەگەر لە رێگەی رقیشەوە بێت، چونکە لە دنیای گریمانەکراودا گرنگ بەرزیی ئەکتیڤە کە بە زۆریی لایک و کۆمێنتەکان بەدی دێت، وەک ئەو کەسانەی بە هەر نرخێک بێت ناوبانگیان دەوێت، تەنانەت ئەگەر لە رێگەی خۆنماییشکردن و ئابرووچوونیشەوە بێت، گرنگ ئەوەیە ناویان بێت و خەڵکی بیانناسن نموونەش بۆ ئەوە زۆرە.
یەکێک لەو کەرەستانەی لە سەردەمی تەکنۆلۆژیادا لە رێیەوە توندوتیژیی بەرامبەر ژنان دەکرێت و بۆ ناوزڕاندنی کچان و ژنان بەکاردەهێنرێت، پێگەکانی سۆشیال میدیایە و بەداخەوە تائێستا لەم وڵاتەدا نەتوانراوە یاسایەکی گونجاو بۆ سزادانی ئەوانەی تاوانەکانی نێو دیجیتاڵ میدیا دەکەن دابنرێت، جگەلەوەی تێگەیشتن و هۆشیاریی لەلای زۆربەی بەکاربەرانی سۆشیال میدیا نییە، بەوەی ئەو کەسەی وێنەکەی بەکاردەهێنیت و ناوی دەزڕێنیت یان قسەی نەشیاوی پێ دەڵێیت با لە رێگەی مۆبایلەکەشتەوە ئەو کارە بکەیت، بەڵام ئەو ئامێر نییە و وەک تۆ مرۆڤێکە لە گۆشت و خوێن و هەستی هەیە و نەک تاوانە ئەگەر ژیانی تێکبدەیت و لە ناوبانگی بدەیت، بەڵکو تاوانە ئەگەر بە لایک و کۆمێنتێکیش بێت هەستی بریندار بکەیت و ببیتە هۆکارێک بۆ تێکچوونی دەروونی
ئەو مرۆڤە.