دیدار وەک پێویستی بۆ نوێبوونەوە

10:57 - 2022-04-20
جێگر خدر
365 خوێندراوەتەوە

هەر هێزێکی سیاسی گەر بەخۆداچوونەوە و خۆنوێکردنەوەی نەبێت، بەرەبەرە رووە و کزیی هەنگاو دەنێت و پاشان کوژانەوە، ئەمە بۆ ئێرە و بۆ تەواوی دنیا و لە مێژوو و بۆ ئایندەش هەر راستە. 
هێزە سیاسییەکانی باشوری کوردستان لەکەی هەرە گەورەیان ترسیانە لە فۆرمە جیاوازەکانی خۆنوێکردنەوە، یەکێتی بە دیداری دوای کۆنگرە ئەوە دەسەلمێنێت کە؛ هێزێکی نوێگەرە و دەیەوێت بەپێی دۆخ و قۆناغی نوێ خۆی بگونجێنێت.
ناوخۆی حزبەکە و دۆخی سیاسی هەرێم، عیراق و ناوچەکە و بەرکەوتەی هەژموونگەرایی جیهانی، پێویستیی بە خۆنوێکردنەوە هەیە، یەکێتی کە لە راستییدا هێزێکی گاریگەری عیراقییە، باش درکی بە گرفتە ناوخۆیی و دەرەکییەکان کردووە، لە کاتێکی گونجاودا بڕیاری سازدانی دیداری داوە.
دەکرێ دیدار سیاسەتی نوێ بۆ رووداو و پێشهاتی چاوەڕوانکراو و نەکراو دابڕێژێت، دەشێت ببێتە وێستگەی زیاتر خۆدەوڵەمەندکردن بە بیری ژیری نەتەوەیی - خزمەتگوزاری بۆ راوەستانەوە لە بەرانبەر هەر مەترسییەکی سیاسی کە رەنگە بۆ کیانەکەی بێتە پێش، لەو کێماسییە ئابوورییەش رزگاری بکات کە ناحەقانە بەرۆکی دانیشتووانەکەی گرتووە، بە بینینێکی روونەوە رووبەڕووی ببێتەوە و چارەسازی دەرد و ناسۆرییەکانیان بێت.
کە لە دیداردا خەڵکانی دیکەش لە توێژە جیاوازەکان بەشدار و هاوکارن، ئەمە روویەکی جوانتری ئەو پرۆسەی نوێخوازیەیە کە یەکێتی قۆڵی لێهەڵماڵیوە و روونتر نیشانی هەموانی دەدات. بەڵێ، لە دەرەوەی حزبەکەش خەڵکانی دڵسۆز هەن کە درک بە گرنگی مانەوەی یەکێتی دەکەن و دەزانن کە چەندە هێزێکی لەسەرپێ وەستاوە و چەندەش بۆ پرۆسەی نەتەوەیی گرنگە، ئامانج گەر یەکێک بێت هەر کەسێک بێت گرنگ پێکانیەتی، دواجار هەموان لە نێو یەک بازنەداین و سەرکەوتنی پڕۆژەی ستراتیژی سیاسی بە قازانجی هەموان دەشکێتەوە. 
ئەوە زیاتر لە جارێکە یەکێتی هەنگاوی بوێرانە دەنێت، کۆنفرانس و پلینیۆم و دیدار لە پاڵ کۆنگرەکانی، هەوڵی دڵخۆشکەرن بۆ یەکێتییەکان و بۆ ئەوانەشی جاروبار لەو حزبە تۆراون. 
ئاشکرایە لە ماوەکانی رابردوو  یەکێتی چەند جارێک گورزی مامناوەند و گەورەی بەرکەوتووە، بەڵام گیانی داننان بە هەڵە و نوێخوازی نەیهێشتووە ئەو هێزە لە کاریگەرییە زۆرەکەی خۆی لە گۆڕەپانی سیاسی وڵاتدا بکەوێت. 
بۆ ئەمجارەش گەر دیدار لە پێناوی کۆکردنەوەی دیدی جیاواز بێت بۆ خۆنوێکردنەوە و راستکردنەوەی هەڵەکان، ئەوا چارەنووسێکی باشتر چاوەڕێی یەکێتی دەکات و دواجاریش وڵات و کۆمەڵانی خەڵک لێی سودمەند دەبن، ئەوەش ئامانجە سەرەکییەکەیە کە یەکێتی لە پێناویدا دامەزرا.

وتارەکانی نوسەر