ئەگەر ژیریی سیاسییان هەبوایە

10:07 - 2023-09-20
هیوا محەمەد
244 خوێندراوەتەوە

هەمیشە وابووە، کاتێک دوو لایەن دەکەونە ناکۆکییەوە، هەنگاو بە هەنگاو شێوازەکانی روبەڕوبوونەوەکانیان دەگۆڕن، تا دەگاتە سەخترین و دڕندانەترین و توندترین گورز وەشاندن.
لای فەرماندە سەربازییەکانیش کاتێک دەچێتە شەڕێکەوە لەگەڵ لایەنی بەرامبەردا، یەکسەر هەرچی هێزی هەیە بەکاریناهێنێت.
نازانم ئەوانەی کە گوایە سەربە پەکەکەن و لەناو شارەکانی ئیقلیمی کوردستاندا بڵاوبوونەتەوە، چ زیانێکیان بۆ تورکیا هەیە؟ ئەرێ بوونەتە هۆکاری لاوازکردنی پێگەی تورکیا لە ناوچەکەدا؟ توانیویانە رێگریی لە پێشکەوتنیان بکەن؟ بوونەتە هۆکاری لاوازکردنی سەربازییان؟
ئاخر ئەگەر سوپای تورکیا خۆی نەیەتە برادۆست و گارە و ئاوە شین و ئەو شوێنانە، ئیتر بۆچی تووشی شەڕ و پێکدادان دەبێتەوە؟
دەبوایە تورکیا کاتێک پەنابەرێت بۆ ناردنی فڕۆکە و درۆن و مووشەک کە هێزی بەرامبەر هێندە زەبر وەشێن بن کە دوژمنەکەیان ناچار بکەن ئەم شێوازە بەکاربهێنێت.
بەرپرسانی تورکیا لە سایەی ئاک پارتیدا، بە هەموو جۆرێک دەیانەوێت ئەمانە بکەنە بیانوو بۆ هاتنە ناوەوە و داگیرکردنی خاکی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی سنووری سلێمانی.
ئەوان چاک دەزانن بەم هێرشانە ناتوانن ئەوەی دەیانەوێت لەناوی بەرن و بنبڕی بکەن، بەردەوام بوونیشی دەگاتە ئەو ئاستەی کە بووترێت جام کە پڕبوو لێی دەڕژێت، دەبێت ئەوە بزانن هەر هێرشێک بۆسەر ئێمە، ئەگەر دوو کەسی تێدا شەهید ببێت، هەستی نەتەوەیی کوردبوون لای 100 کەس دەباتە سەرەوە.
ئێمە هەرچۆن بین لەناو خۆماندا، بەڵام لە بەرامبەر نەیارەکانماندا ئەگەر کار گەیشتە زەبروزەنگ، هاوهەڵوێست دەوەستینەوە، بەتایبەتی کە دێن و بەم جۆرە هێرش دەکەنە سەرمان.
رەفتارەکانی ئێوە دەچێتە قاڵبی کردەوەی تیرۆریستییەوە، کوشتن و هەڵاتن، تێکدان و خۆنەکردنە خاوەنی،  کاری ترسنۆکانەیە.
ئێوە ژیریی سیاسی لاتان لە لاوازیدایە و ئەم کردەوانەتان تورکیا بەرەو هەڵدێر دەبات، سەردەمی بنیاتنانە نەک گەڕانەوە بۆ فراوانخوازیی عوسمانی، ئەو سەردەمە رۆیشت خەڵک لێرەوە بێت بۆ ئیستانبوڵ بۆ فێربوونی خوێندەواری، سەردەمی پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا و بچووکبوونەوەی جیهانە لە پەیوەندیکردن و پێکەوە گرێدانەوە.
مێژوویەکی باشتان لە داگیرکاری و هەڵلووشینی سەروەت و سامانی گەلانی ناوچەکەدا هەیە، بەڵام باشیش دەزانن کە نەتانتوانی تاسەر بڕبکەن و تێکشکان.
ئێوە دەزانن بۆ هەر ستەم و سەرکوتکردنێک، رەتدانەوەی شۆڕشگێڕی و میللی بۆ داکۆکی لەخۆکردن لای خەڵک بەگشتی دروست دەبێت؟
پێتان وانەبێت دەتوانن گروپێک، لایەنێک، کەسێک دەستەمۆدەکەن و هەموو هەنگاوەکانتان سەر دەخات، نۆکەرانی ناوخۆ لەهەر میللەتێک بن، زوو کۆتاییان پێدەهێندرێت.
لە دووریی سەدان کیلۆمەترەوە چیتان لە ئێمە دەوێت؟ ئێمە چاک دەزانین کە ئێوە پێتان خۆشە دەیان بنکە بۆ پەکەکە بکەینەوە لەم دەڤەرە تا ببێتە بیانوو بە دەستانەوە و بەبەرچاوی جیهانەوە بڵێن لەشکرکێشی دەکەینە سەریان و ئەوانە تیرۆریستن. 
ئێمە لە ئێوە زیرەکترین لە خوێندنەوەی ئەو سیناریۆ بۆلیودیە، هەنگاوی لەوجۆرە نانێین تا نەبێتە ئاسانکاریی بۆ هاتنەدی ئەو خەونەتان.
کورد بەشدارە لە پڕۆسەی سیاسیدا و باوەڕیشی پێیەتی و دەمێکە دەزانێت لە رێگەی تفەنگەوە ناتوانێت بگاتە ئامانج، ئەوەی ئێوە ئاواتی پێدەخوازن، راکێشانی کوردە بۆ چەک هەڵگرتن، تا بیکەنە پاساوی شەرعی و یاسایی بۆ جینۆسایدێکی تر. 
ئێوە لاوازیی ژیری سیاسیتان بەرەو زەلکاوتان دەبات، پێتان وانەبێت سەرکەوتنی بەردەوامتان بۆ بەدی دەهێنێت.
ئەوەتان لەبیرنەچێت کە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانتان زۆرە لە هەرێم و مەرج نییە هەر بە چەک رووبەڕووی ئەو سیاسەتە ببینەوە، چونکە ئەگەری زۆرە لەئاستی میللیی فراواندا بایکۆتی کاڵا و کۆمپانیاکانتان بکرێت، لەم تەنگژە ئابوورییەی بەسەر وڵاتەکەتاندا هاتووە و لیرەکەتان لەسەر ئاستی جیهان بێ بەها بووە.

تورکیا ئەگەری لەشکرکێشی زیاتر بۆ سەر هەرێم بە کراوە دادەنێت

وتارەکانی نوسەر