رێـڕەو

دەستوەردانی سوپا لە حکومڕانیدا

10:04 - 2023-09-27
فەرید دڵشاد
297 خوێندراوەتەوە

فەرید دڵشاد 



بەشێوەیەكی گشتی كەسانی سەربازیی هەمیشە كاریگەری گەورەیان هەیە لەسەر سیاسەتی دەوڵەتان، بەو شێوەیەی خۆیان دەیانەوێت ئاڕاستەی سیاسەتی وڵات دەكەن، بەتایبەتی دەسەڵاتە سەربازییەكان و پلە و پۆستەكانیان وا دەریاندەخات  ئاست بەرزتر و نەتەوەیی دەركەون.
هەموو ئەو تایبەتمەندییانەی سوپا وا دەكات كاتێك وڵات رووبەڕووی كێشەی ناوخۆیی دەبێتەوە و بەرەو چارەنووسێكی نادیار دەڕوات، سوپا دەستوەردان بكات بۆ چارەسەری كێشەكان و دواتر كاروباری وڵات بداتەوە دەست دەسەڵاتێكی مەندەنی، بەڵام زۆرجار ئەمە روونادات، بەتایبەتی لەوڵاتە نادیموكراسی و دواكەتووەكاندا وەك دەڵێن، سوپا کاروباری وڵات دەگرێتە دەست و دەمێنێتەوە.
لەگەڵ ئەوەی دەسەڵاتی سەربازیی گرنگی بە مانەوەی دەدات و وا خۆی دەردەخات لەبەر چاوی رای گشتی، كە ئەو هاتووە بۆ لەناوبردنی گەندەڵی و رزگاربوون لە دۆخە رووخاوەكە، بەڵام دەستوەردانی سوپا و دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات بە هەڵدانەوەی قۆناغێكی نوێ لە مێژووی ئەو دەوڵەتە سەیر دەكرێت و ئەستەمە دۆخەكە بگەڕێتەوە پێش خۆی.
ئیدی هەر زوو سوپا  دەستدەكات بە چەندین گۆڕانكاری لە وڵاتدا، كە بەلای خۆیەوە گونجاوە، لەگەڵ دەستگرتن بەسەر چارەنووسی دەوڵەتەكەدا خۆی وادەردەخات گۆڕانكارییەكانی بۆ رزگاركردنی گەلەكەیەتی، بەڵام بەپێچەوانەوە سەركردەكانی سوپا بەخێرای ئازادییەكان بەرتەسك دەكەنەوە و مافی هاووڵاتیان پێشێل دەكەن و كەرامەتی مرۆڤەكان لەبەچاو ناگرن.
لەو وڵاتانەی پایەكانی دیموكراسی رەگی داكوتاوە و سوپایەكی نیشتمانی هەیە، لەكاتی بوونی هەركێشەیەك، كاتێك سوپا دەستوەردانیش دەكات بۆ كۆنترۆڵكردنی دۆخەكە، دواتر دەگەڕێتەوە شوێنی خۆی و گۆڕەپانەكە چۆڵ دەكات بۆ دەسەڵاتی مەدەنی، بەڵام لە وڵاتە دواكەوتووەكاندا بەهۆی نەبوونی سوپایەكی نیشتمانییەوە دۆخەكە سەردەكێشێت بۆ كودەتا.
هەموو ئەو هۆكارانە وایكرد لەماوەی رابردوودا شاهیدی بینینی دوو كودەتا بین لە وڵاتی نەیجەر و گابۆن، هەروەك لە ساڵی 2019 لە ڤەنزوێلا و لە ساڵی 2017 لە زیمبابۆی، كە هۆكارەكەی بەهۆی نەبوونی جێگیری سیاسی و كۆنترۆڵنەكردنی ئاسایشی وڵات و شكستی حكومڕانیی لە رووی ئابووری و سیاسییەوە بوو، بەرژەوەندیی شەخسی و ئیقلیمییش لەولاوە بوەستێت.
بەپێی راپۆرتێكی "بزنس ئینسایدەر"ی  ئەمریكی لە 68 ساڵی رابردوودا تاكو ساڵی 2018، 463 كودەتای سەربازیی لە جیهان روویانداوە، واتە لە هەر ساڵێكدا نزیكەی حەوت كودەتا كراوە، لەو ژمارەیەش 233 كودەتا سەركەوتوو بووە و كودەتاچییەكان بەهۆیەوە گەیشتوونەتە دەسەڵات، لە زۆرینەی كودەتاكانیش شەڕی ناوخۆی لێ كەوتۆتەوە و گەشەی ئابووری ئەو وڵاتە پەكی كەوتووە.
زۆربەی كودەتاكان لە ئەفریقا و ئەمریكا و وڵاتانی ئاسیا روویداوە، لەدوای ئەوەش دەسەڵات لە چەندین دەوڵەتی ئەو سێ كیشوەرەوە بۆ كەسانی سەربازیی گواستراوەتەوە و لابردنیان لە دەسەڵات ئەستەم بووە، لەرێگەی گەلەوە نەبووە، بەڵكو بە كودەتای تر رۆیشتوون، لێرەوە بۆمان دەردەكەوێت دەستوەردانی سوپا مەترسیدارە و ئەنجامی باشی لێ ناكەوێتەوە.
ئەزمونی ئەو وڵاتانەی كە سوپا دەستوەردانی كردووە، دەریخستووە كاتێك سوپا دەستوەردان لە كاروباری سیاسەت دەكات و دەسەڵات دەگرێتەدەست، زۆر ئەستەمە ناچار بكرێت دەستبەرداری 
دەسەڵات بێت.

وتارەکانی نوسەر