کاندیدی یەکێتی لە کەرکوک و نەینەوا و تکریت و دیالە و بەغدا بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان هەڵبژێرن، چونکە یەکێتییەک بە نوێنەرایەتی خەڵک لەهەر کوێ هەبێت، ئەوا دەنگی هەموو خەڵک لەوێیە.
پەنجەکانی دەست وەک یەک نین، ئەندامانی خێزانیش ناچنەوە سەر یەک، تواناکانیان، مامەڵەیان، کاراکتەریان، مەرج نییە لە یەک بچێت، تەنانەت کەسایەتیشیان.
دەکرێت ئەوانەی کاندید کراون، تیایاندا لە ئایندەدا رای بگۆڕێت و لابدات لەو بەرنامەیەی کە بۆی دانراوە، ئەمەش پەیوەستە بە ئازادیی رادەبڕین و ئازادیی تاکەوە کە لە کوێدا دەیەوێت کار بکات، بەڵام کاندیدەکانی یەکێتی بۆ هەر پێنج جێگەکە، بەتەواوی لە فلتەر دروان و زۆرێک لەو سیفەتانەیان تێدایە کە بتوانن ببنە نوێنەر و جێگەی متمانەی خەڵک.
دەبێت دەمڕاستی خەڵک، کەسێکی زیرەک و دەوڵەمەند بە تاکتیکی سیاسی و چۆنێتی گەیشتن بە خاڵی مەبەست بێت، لەمەش گرنگتر ئەو کەسە دەبێت دوور بێت لە بیری توندڕەوی و رەتکردنەوە کەسانی دیکە و پەسەند نەکردنیان وەک مەزهەب، نەتەوە، کەسایەتییەکان، کەسێکی سیاسیی ژیر و لەسەرخۆ بێت و مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەکانی بە وردی بکات و هەنگاو بنێت بۆ چارەسەری کێشەیەک کە رووبدات. هەندێک پێیانوایە بە دروشم دان و بەرزکردنەوەی پەنجەی هەڕەشە دەتوانێت مافی خەڵکەکەی بپارێزێت یان بەدەستیان بێنێت، بەڵام بۆ هەر سیاسییەک، نوێنەرێکی خەڵک لە شوێنێکی گشتی و بەڕێوەبردندا پێویستە ئاوڕێک لە چۆنێتی مامەڵەکردنی سەرۆک مام جەلال بداتەوە و دەرسیان لێوەربگرێت، ئەوسا سەرکەوتوو دەبێت ئەگەر بەو رێبازەی ئەودا بڕوات و شێوازی ئەو بەکاربهێنێت.
نوێنەرەکانی کورد لە دیالە زۆرینە نین و زۆرینەش بەدەست ناهێنن و چاوەڕوانی ئەوەش ناکەین، چونکە ئەوێ زۆرینەی غەیرە کوردن، بەڵام بوونی تەنها کەسێک یان زیاتر کە بتوانێت لەسەرخۆ و ژیرانە خۆی بگونجێنێت و کێشەکانی کورد بگەیەنێتە ئەوێ و چارەسەریان بکات، ئەوا بەشدار دەبێت لە خوڵقاندنی کەشی پێکەوە ژیان و فەراهەمکردنی سەقامگیریی لەو ناوچەیە، بە پێچەوانەوە کەسێکی توندڕەوی رەفتار نابەجێ، دەتوانێت ببێتە هۆکاری تێکچوونی پەیوەندییەکانی کورد لەگەڵ ئەوانی دیکە و ئەمەش تەشەنە بستێنێ بۆ سەرتاپای کوردستان.
لە کەرکوک چاوەڕوان دەکەین وەک کورد و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زۆرینە بەدەست بێنین، چونکە وەک نەتەوە زۆرینەین و وەک یەکێتیش گرێدراوی مێژووی خەباتی خەڵکی شارەکەین، ئەوەش کە لەسەر دەستی یەکێتی بۆ کەرکوک کراوە لە رووی ئاوەدانکردنەوە و ئیدارەدانەوە تا پاراستنی ئەمنیی لە دەستی تیرۆریستان، پشکی شێری هەموو لایەنە کوردییەکانی دیکەیە. لێرەوە دەتوانین بڵێین دەرچوونی زۆرینەی کاندیدەکانی یەکێتی و هاوپەیمانیی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە، واتای گەڕانەوەی ناسنامە و شکۆی کەرکوکە بۆ کورد و یەکێتی، ئەمەش لەگەڵ دیالە جیاوازترە و دەکرێت کاندیدەکانی ئەم هاوپەیمانییە کە دەرچوون، لە ئەنجومەنی پارێزگاکە ببنە خزمەتکاری هەموو پێکهاتەکان و رازییان بکەن تا کاری پێکەوەیی بکەن و شارەکەیان و دەوروبەری ئاوەدان بکەنەوە، ئەوکات دەستی دەرەکی و بێگانە ناتوانێت هیچی پێبکرێت، هەروەک چۆن هەرچییەکیان کرد نەیانتوانی سەرکەوتوو بن، تەنانەت لەرێگەی داعش و تیروریستانی دیکەشەوە.
پێویستە کاندیدەکانی یەکێتی بەو ئاڕاستەیە بدوێن کە هەوڵ دەدەن بۆ سەرخستنی ئاشتی و پێکەوە ژیان لە کەرکوک، هەوڵ دەدەن بۆ دابینکردنی مافی هەموان بە یەکسانی، نابێت وا پیشانی بەرامبەرەکانمان بدەین کە ئێمە دەمانەوێت حکومڕانیی شارەکە بگرینە دەست و تۆڵەی خۆمان لەوانە بکەینەوە کە لە چەند ساڵی رابردوودا بەرامبەر بە کورد کردوویانە، ئێمە وەک ئەوان بە هەڵە رەفتار ناکەین، ئەگەرچی خۆشمان خاوەن ماڵین.