مەرج نییە هەموو تاکێکی کۆمەڵگە تێکەڵی ناو کایە سیاسییەکان بێت و راستەوخۆ لە ریزەکانی حزبێکدا کار بکات، بەڵام مەرجە لەکاتی هەڵبژاردندا، دەنگی خۆی بەکاربهێنێت بۆ سزادان یان ستاییشکردنی ئەو حزبەی کە لەو کاتەدا یان لە رابردوودا حوکمڕانییان کردووە و وڵاتیان بەڕێوەبردووە.
لە هەموو جیهان حوکمڕانیی لە رێگەی حزبی براوەی هەڵبژاردنەوە دەبێت، واتا ئەمە حاڵەتێکی تەندروستی سەر بە سیستمی دیموکراسییە و دەبێت ببێت، ئەوانەی لەناو حزبەکاندا راستەوخۆ کاردەکەن، سەرقاڵی ململانێکان و بەکارهێنانی تاکتیکەکانن بۆ سەرخستنی حزبەکەی خۆیان، ئیتر لێرەوە دەکەونە هەڵەی گەورە و بچووکەوە و بەڵێنی گەورەش دەدەن و کاریشی پێناکەن، بەڵام تاکی دەنگدەر تەنها دەنگی بەکاردەهێنێت و ویژدانی خۆی دەخاتە کار بۆ هەڵسەنگاندن و بەرپرسیارە لەوەی دەنگی بە ئاڕاستەیەکی راست داوە یان نا؟ دەنا بەرپرسیار نییە لەوەی چووبێتە ژێر باری هیچ بەڵێنێکەوە.
دەنگدەر لە کوێدا بەرپرسیارێتی هەڵدەگرێت؟
ئەگەرچی دەنگدەر بەڵێن بە کەس نادات تا لێی بەرپرس بێت، بەڵام دەچێتە ژێرباری ئەو بەڵێنانەوە کە کاندیدێك یان لایەنێک دەیدات و ئەم دەنگی پێدەدات، واتا ئەو دەنگدەرە دەنگی خۆی دەخاتە پاڵ ئەو و دەیەوێت سەریبخات تا ئەو بەرنامەیە پیادە بکات کە ئەم دەیەوێت.
ئاسانە هەڵسەنگاندن بۆ بەرنامەی حزبێک بکرێت، هەر ئەوەشە خولی هەڵبژاردنەکان لە نێوانی چوار بۆ پێنج ساڵ جارێکە، بۆ ئەوەیە بوار بڕەخسێت بۆ حزبی براوە تا ئەو بەڵێن و بەرنامانەی کە داوێتی و دایڕشتووە لەو ماوەیەدا جێبەجێیان بکات، چاوی دەنگدەرەکەش لەسەریەتی و رۆژانە دەیەوێت بزانێت ئایا ئەمانە ئەوانەن کە ئەو بەڵین و بەرنامانەیان خستۆتەڕوو؟
سۆز لەدەرەوەی هەڵسەنگاندنی راستگۆیانەیە
پێویستە دەنگدەر لەرێگەی سۆزەوە نەڕوانێتە کاندید یان لایەنی بەشدار، بەڵکو لەو روانگەیەوە بێت ئەو بەرنامانە جێبەجێبکات کە لە هزری ئەوەی دەنگدەریشدا هەیە و دەیەوێت بێتەدی، ئاخر خۆ هەموو کەس ناتوانێت کاندید بێت و هەمووشیان سیاسەتمەدار نین، بەڵام خەڵک بە بەرچاوییەوە، رۆژانە دەتوانێت ئەو بەرنامانە ببینێت کە حزبی براوە لە رێگەی حکومەتەوە دەیکات.
دەنگدەر نابێت هەلی بێ بنەما بداتە کاندید
کاتێک تاکی کۆمەڵگە وەک(دەنگدەر) خۆی دەبینێتەوە، دەبێت خۆی نەخاتە ژێر چاوەڕوانیی درێژخایەنەوە، بۆ نموونە کاندیدێک یان لایەنێك، بەرنامەیەکی پێشکەشکردووە لەکاتی بانگەشەدا، تیایدا باسی کەمکردنەوەی رێژەی بێکاریی دەکات، بۆ نموونە لە 5 ٪ وە بۆ 3 ٪، ئەگەر لەماوەی ئەو چوار ساڵەدا رێژەکە وەک خۆی مایەوە یان زیاتربوو، ئیتر ئەو دەنگدەرە نابێت جارێکی تر ئەو هەلە بداتەوە ئەو لایەنە و دەنگی بداتێ، دەنا لەم حاڵەتەدا دەنگەکەی بێ بنەمایە و لە تێڕوانینێکی راستەقینەوە نییە و کاریگەریی دیکەی لەسەرە.
خەڵک حزبی دەوێت خزمەتی بکات، ئیتر نابێت بۆ سێ چوار خولی هەڵبژاردن، هەر چەپڵەی بۆ لێبدات و ئەویش هیچی پێنەکرێت.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە لەساڵی 1975 خۆی راگەیاند، ئیتر لە دووەم ساڵی دەرکەوتیندا بووە گەورەترین و کاریگەرترین هێز و حزبی گۆڕەپانەکە، ئەمە لەکاتێکدا حزبی دیکەی لەو بەتەمەنتر هەبوون، بەڵام ئەو کاریگەرییەیان نەبوو.
بینیومانە لەم هەرێمە، حزبی نوێ دروستبوون و هاتوونەتە ناو هەڵبژاردنەوە، بە دەنگەکانیان هاوکێشەکانیان گۆڕیوە، بەڵام لەدوای سێ چوار خولی پەرلەمان، هیچیان بۆ نەکراوە و تواونەتەوە، لێردا تاک نابێت لەگەڵ ئەو حزبەدا بێت و دەنگدەری بێت هەتا بەلادا دێت و هیچ نفوزی نامێنێت، نەخێر دەبێت بە پێچەوانەوە زوو هەڵسەنگاندنی بۆ بکات و لێی بکشێتەوە، چونکە سەردەم هی ئەوە نییە دەنگدەران هەڵبخەڵەتێنیت بۆ مانەوەی خۆت و فریویان بدەیت، دەبێت ئەوەمان بیر نەچێت، لەکایە سیاسییەکاندا کۆمەڵێک بازرگانی سەرمایەداریش هەن حەز دەکەن پلەی حزبییان هەبێت یان سەرۆکی حزب بن، ئیتر حزبەکەیان بچووک و بێکاریگەریش بێت بەلایانەوە گرنگ نییە، لانیکەم رەنگە چەند کورسییەک بهێنن و لەو رێگەیەوە سوودمەند بن لەکاتی دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاساکانی ناو پەرلەمان، بە فرۆشتنەوەیان بەرامبەر نەخێرێک یان بەڵێیەک.
حزبی تازە چۆن پێشوازیی لێدەکرێت؟
لە هەموو کۆمەڵگەکاندا، بیری نوێ و حزبی نوێ دێنەکایەوە و سەرهەڵدەدەن، ئەمەش پەیوەندیی بەو گۆڕانکارییە جیهانیانەوە هەیە کە بەسەر کۆمەڵگەکاندا دێن و هزری تاکەکان کراوەتر و هۆشیارتر دەبن، یان دۆخە خراپە ئابوورییەکان و چەوسانەوە و ستەم و چوونە دەرەوە لە سیستمی دیموکراسی هۆکاری گۆڕین دەبن، لێرەوە تاکەکان کە هەڵگری بیر و تێڕوانینی جیاوازن، بە جیاوازییش دەڕوانن بۆ ئەو بەرنامە و دروشمانەی حزبە نوێیەکە دەیخاتەڕوو، چونکە تاکی دەنگدەر دەیەوێت لەڕێگەی ئەو حزبەوە باشتر بەدەستبێنێت و ئەوەی پێشووتر نەیکردووە ئەم بۆی بکات.
لەکۆمەڵگە پێشکەوتووەکاندا کاندید هەبووە براوە بووە، تەنها لەبەر ئەوەی لەسەر رێژەی پارەی بیمەی کەسێتی قسەی کردووە و بەڵێنی داوە کار لەسەر کەمکردنەوەی و گشتگیریی زیاتری بکات، بە شێوەیەک کە تاکەکان کەمترین تێچوو بدەن و زۆرترین خزمەتگوزارییان پێبگات، بەڵام کە زانیبێتیان لەو ماوەیەدا ئەوە جێبەجێنەکراوە، خێرا سزایان داوە و نەیانهێشتووە لەوێدا بمێنێتەوە.
لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، ئەوەی تائێستا کاری لەسەر دەکرێت، زۆرترینی ناڕاستگۆییەکی بەردەوامە و هەڵخەڵەتاندنی تاکی دەنگدەرە لەسەر حسابی درۆ هەڵبەستن و رەتکردنەوەی ئەوەی کە هەیە، بەڵام لەراستیدا خۆشی ئەگەرچی چەندین خولە دێتە پێش و بەشداریی پەرلەمان دەکات، بەڵام لە فرۆشتنەوەی ویژدانی خۆی بە حزبێکی تر زیاتر، هیچی تری نەکردووە (هەر لەڕاستیشدا ناتوانێت بە چەند کورسییەکی کەمەوە هیچ کاریگەریی هەبێت و دەبێت وەک تەواوکەری سەربار حسابی بۆ بکرێت).
بە بازاڕکردنی کاندیدبوون
تاکەکان کاتێک دەنگ دەدەن و کاندیدەکەی جێگەی متمانەیان ئەوە ناکات کە پێشتر بەڵێنی داوە، ئیتر بێزاریی لای دەنگدەرەکە دروستدەبێت و باوەڕی بە پرۆسەی دیموکراسی و هەڵبژاردن نامێنێت، بۆیە گرنگە بۆ هەر کاندیدێک لە دەرەوەی هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی پلە و پۆست و پارە بۆ خۆی، خۆشی بە بەرپرسیار بزانێت لە پاراستنی هەستی جوانی تاک و رادەی بەشدارییکردنی لە هەڵبژاردندا وەک ئەرکێکی هاووڵاتیبوون، چونکە لە کۆمەڵگەدا هەر تاکێک چەندە مافی هەیە و دەبێت بپارێزرێت، هێندەش ئەرکی لەسەر شانە، یەکێکیش لەوانە بەشداریی کردنە لە هەڵبژاردن و دیاریکردنی نوێنەری راستەقینە و دڵسۆزە بۆ ناو حوکمڕانیی وڵاتەکەی.
ئەگەر کاندید پابەندی بەڵێنەکانی نەبێت، کۆمەڵگەیەکی ناتەندروست دێتەدی و وا لە دەنگدەر دەکات کە لەڕێگەی سۆز و نزیکییەوە لە کاندیدەکە، دەنگی بداتێ، نەک بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی تەندروست، لەڕێگەی حوکمڕانییەکی تەندروستەوە.
چۆن هاوکێشەی سیاسی دەگۆڕێت؟
خەڵک دەبێت بزانێت چۆن هاوکێشە سیاسییەکان لە وڵاتەکەیدا دەگۆڕێت؟ تاکی کۆمەڵگە دەبێت لەوە تێبگات کە هێز دەتوانێت جێ پێی هێزێکی تر لاواز بکات و دووری بخاتەوە، واتا لایەنێکی لاوازی تازە پەیدابوو، ناتوانێت بکەوێتە نێوانی دوو هێزی ململانێکارەوە، ئەگەر خەڵک دەیانەوێت دەسەڵاتی یەکێک لەو دوو حزبە بەهێزەی وڵاتەکەیان کەمبکەنەوە، هەر دەبێت لەڕێگەی یەکێک لەو دوو هێزەوە بێت، هەمیشە هەروابووە، هیچ کات هەردوو حزبی مونافیس وەک یەک خاوەنی هەڵە و کەمتەرخەمیی نین، دەنگدەریش دەبێت لەو درزی جیاوازییەوە بۆیان بڕوانێت، ئێمە دەمانەوێت بە لێسەندنەوە یان کەمکردنەوەی دەسەڵاتی حزبێک لەڕێگەی حزبی بەرامبەرەوە بکەین، نەک حزبێکی نوێ و بچووک بێنینەکایەوە و دەنگی بدەینێ کە دەشزانین ناتوانێت هێندەی ئەوان دەنگی هەبێت لە پەرلەماندا و کاریگەرییشی نابێت لەسەر گۆڕینی رەوتی حکومەت و بەێوەبردن، بەمەش کایە سیاسییەکانی وڵات دەشێوێن و پەرتوبڵاویی دروستدەبێت و سیاسەت قێزەون دەبێت و ئەوانەش کە لەو رێگەیەوە دێنە ناو پەرلەمان، تەنها بۆ مەبەستی بازرگانییە و هیچیان ناتوانن ئەو بەڵێنانە بەجێبێنن کە لەکاتی بانگەشەدا دەیدەن.
دەنگدەر بە دەنگەکەی، سزای لایەنێک دەدات و ستاییشی لایەنێکی تر دەکات