بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی

مووچە چی لێدێت و چۆن خەرج دەکرێت؟

11:25 - 2024-02-25
هاوڕێ تۆفیق
134 خوێندراوەتەوە

 

پاش خوێندنەوەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، بێنە و بەرە و هەڵایەکی گەورە دروستبوون، هەر کەس و لایەنێک بەگوێرەی ئاوازی خۆی، لێکدانەوەی بۆ کرد، خەڵکی کوردستان مافی خۆیەتی کە راستی و دروستی بڕیارەکان وەکو خۆی بەو شێوەیەی کە دەرچوون بۆی بگوازرێتەوە. 
هەوڵدەدەین بڕیارەکان دیاریبکەین و  شیتەڵێکی روونی بە زمانێکی سادە و شیرینی کوردی بۆ بکەین . 

دۆسێی مووچە: 
-ئەم داوایە لەلایەن سێ هاووڵاتی کوردستانەوە لە دادگا تۆمارکراوە کە هیچ پێگەیەکی حزبی و حکومیی فەرمییان نەبوو. پاش چەندین دانیشتنی دادبینیی دادگا،  پارێزەری ئەو سێ هاووڵاتییە یاداشتی بەرگریی خۆی لە هەموو دانیشتنەکان پێشکەشکرد، بەهەمان شێوە نوێنەری یاسایی سەرۆکی حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان، داوالێکراو بوون و دادگا وەکو لایەنی( خسومە) لەناو پڕۆسەی دادبینییەکەدا داوای کردبوون. 
ئەم هاووڵاتییانە، داوایان دەکرد کە دادگا بڕیاری فەرمانی وەلائی بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگەکانی(ئاب و تەموزی 2023)دەربکات و لە هەمانکاتدا داوایان دەرکرد، کە داوای نێوان هەردوو سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و هەرێم یەکلایی بکرێتەوە کە بەهۆیانەوە نەتوانراوە یاسای بودجە وەکو خۆی جێبەجێبکرێت.
بۆ تێگەیشتنی گشتی پێویستە بپرسین، ئەمری وەلائی چییە؟ دەستەواژەی ئەمری وەلائی، رێوشوێنێکی دادوەریی گورجووگۆڵە،  داوەر وەکو فەرمانێک دەریدەکات، کاتێک کە دوو لایەن لە کێشەیەکدا دەبن، سروشتی کێشەکە و ناکۆکییەکانیان رەهەندی بەپەلەی هەیە، ناکرێ چاوەڕوان بن تا دەرکردنی بڕیاری کۆتایی کە پێویستی بە کاتی زۆر هەیە و  بەو هۆیەوە زیان بە مافیان دەگات،  ئەم فەرمانە راگرتنی کاتییە بۆ کارکردن بە مادەی قانونێک، ئەمەش تا ئەوکاتەی کە دادگا بڕیاری خۆی لەسەر بابەتەکە دەردەکات. 
لەڕاستیدا لە رووی زمانەوانییەوە، ئەو زاراوەیە لە زمانی عەرەبیدا کۆنە و بە گوێرەی فەرهەنگی عەرەبی لە (وەلی، یان والییەوە) هاتووە.  
بەو مانایەی فەرمانی کاربەدەستە، فەرمانی دەسەڵاتدارە، ئەگەر بمانەوێت بە زمانی کوردی وەرگێڕانی بۆ بکەین، ئەوا  نزیکە لە  دەستەواژەی (فەرمانشکۆی دادوەر) کە باوەڕم وایە پڕاوپڕی دەستەواژەکەیە، بەتایبەتی کە لە زمانی ئینگلیزیدادەستەواژەی State Order, Judical Order   ی بۆ بەکاردێت.  لەسەر ئەم داوایە دادگا بڕیاری کۆتایی و بنەبڕی خۆی دەرکرد کە شایەنی پیاچوونەوە و رەخنەلێگرتن و تانەلێدان نییە. 
دادگا کاتێک بڕیارەکانی بەشێوەی نووسراو دەردەکات، کاغەزی بڕیارەکە دوور و درێژە و لە دوو بڕگە پێکهاتووە، ئەوانیش؛:
یەکەم: وردەکاریی بڕیار کە بە زمانی عەرەبی، پێی دەڵێن( حیثیات القرار) بە زمانی شیرینی کوردی باوەڕمان وایە دەستەواژەی تانوپۆی بڕیار پڕاوپڕە بۆی. 
ئەم بەشەی کاغەزی بڕیاری دادگا، وردەکاریی داوای داواکاری تیادا خراوەتە روو، پوختەی وتەکانیان و داواکانیان نووسراوە، بەهەمان شێوە پوختەی وتەکانی لایەنی داوالێکراوی تیا نووسراوە، جەوهەری بەرگرینامەی داواکاری تیانووسراوە، پاشان دادگا روانینی خۆی بۆ بابەتەکان خستۆتەڕوو، شیتەڵی بابەت و تەوەرەکانی بەپشتبەستن بە دەستوور و یاسا کارپێکراوەکان کردووە، ئەمەش وەکو کەرەستەیەک  بۆ تێگەیشتن و هەڵهێنجانی بڕیار.
دەتوانین بڵێین تانوپۆی بڕیار، دەسپێکە بۆ گەڵاڵەکردنی دەرچواندنی بڕیار. 
بڕیاری دادگا: کە بە زمانی عەرەبی، پێی دەڵێن: (قرار الحكم) بەشە گرنگ و چارەنووسسازەکەیە، کە رەهەندی جێبەجێکاری بۆ هەموو لایەنەکان و دەسەڵاتەکانی دەوڵەت هەیە و پێویستە لەسەر هەموو لایەک کە پێوەی پابەند بن و وەکو خۆی جێبەجێی بکەن. 
ئەو دوو خاڵەی سەرەوە، بۆ ئەوەبوو  هەتاوەکو بە شێوەیەکی باش لە مەسەلەکە تێبگەین، خۆی لە راستیدا، ئەو  دوو خاڵە رێبەری رووناکردنەوەن  بۆ تێگەیشتن لە بڕیارەکانی دادگا، چونکە لە عیراق دوو بۆچوونی جیاواز لەسەر ئەم بابەتە هەیە: 

بۆچوونی یەکەم: 
تەنها کار بە ئەو بەشەی بڕیاری دادگا دەکرێ کە پێی دەڵێن؛ بڕیاری داگا( قرار الحكم) و بەشی یەکەم کە تانوپۆی بڕیارە( حیثیات القرار) ئەوا تەنها بۆ بەرچاو روونییە و نرخی قانونی نییە و کاری پێناکرێ. 

بۆچوونی دووەم:
بڕیاری دادگا، بەش بەش ناکرێت و تانوپۆی بڕیار 
(حیثیات القرار) هاوشێوەی بەشی بڕیاری دادگا (قرار الحكم) هێزی قانونی هەیە و لە یەکتری جیاناکرێتەوە. 
ئەمەمان بۆیە باسکرد، چونکە ئەم مەسەلەیە زۆر گرنگ و چارەنووسسازە! بۆ نموونە ئەگەر تەنها بەشی دووەم لە بڕیاری دادگا
(قرار الحكم) کاری پیبکرێ، ئەوا دەقی بڕیاری مووچە ناکۆکە لەگەڵ رووحی دەستوور یەکناگرێتەوە لەگەڵ سیستمی فیدراڵی و رەچاوی پێگەی قەوارەی هەرێمی کوردستانی نەکردووە و بگرە کۆڵەکەیەکی سەرەکی مافی دەستووریی هەرێمەکان کە (مافی پیادەکردنی سیاسەتی دارایی و کارگێرییە) شکاندووە، بە پێچەوانەوە ئەگەر کار بە بۆچوونی دووەم بکرێ و بڕیارەکە هەردوو بەشەکە بگرێتەوە، ئەوا لە تانوپۆی بڕیار (حیثیات القرار) لەم بەشەدا، زۆر بە روونی و ئاشکرایی، پێگەی دەستووریی هەرێم پارێزراوە، گەلی کوردستان لەروانگەی دەستورییەوە رێزلێگیراوە.

رای دادگای فیدراڵی:
دادگا دەڵێن: کار بە هەردوو بەشە دەکرێت و بەهیچ شێوەیەک لەیەکتری جیاناکرێنەوە، بەڵام ئەم رایە پێویستی بە بڕیارێکی شیکردنەوە هەیە( قرار التفسیری) کە دادگاکە دەبێت دەریبکات، ئەویش لەسەر داوای سەرۆک کۆمار، یان سەرۆک وەزیران، یان سەرۆک پەرلەمان دەبێت، هەتاوەکو کۆتایی بەم راو و لێکدانەوە جیاوازانە بهێنرێت، چونکە تا ئێستا، وەزارەتەکان و حکومەتی فیدراڵ، تەنها کار بە بەشی بڕیاری دادگا(قرار الحكم) دەکەن و بەشی یەکەمی بڕیارەکە فەرامۆش دەکەن. 
دەگەڕێینەوە سەر خاڵەکانی بڕیاری دادگا لەسەر مووچە، دادگا بڕیارەکانی بە چوار بڕگە دەرکرد کە ئەمانەن: 
1-پابەندکردنی هەردوو سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و هەرێم بە تەوتینی مووچەی سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێم لە( سەرجەم وەزارەتەکان و دەستەکان و پارێزگاکان و سوودمەندانی هاوکاریی کۆمەڵایەتی و خانەنشینان و سەرجەم مووچەخۆرانی حکومی)  لە یەکێک لە بانکە حکومییەکانی فیدراڵ لە دەرەوەی هەرێم پڕۆسەی تەوتین جێبەجێ بکەن، ئەو بڕە پارەیەش لە پشکی هەرێم کە لە قانونی بودجەدا بۆی دیاریکراوە دابشکێنرێت، ئەم رێوشوێنەش بەبێ گەڕانەوە بۆ نوێنەرایەتی هەرێم و  راستەوخۆ لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ رێکارەکان جێبەجێ بکەن، پێویستە وەزارەتی دارایی فیدراڵ هەموو کارئاسانییەک بکات بۆ خەرجکردنی مووچە و گەیاندنی بە فەرمانبەران و  دەتوانن لە رێگای یەکێک لە بانکە دانپیانراوەکانی بانکی مەرکەزی کە لە هەرێمدا مۆڵەتدارن،  مووچەی فەرمانبەران خەرج بکەن. 

دەبێت لیستی مووچە لەلایەن هەریەکە لە (بەرێوەبەری فەرمانگە و بەڕێوەبەری وردبینی و بەڕێوەبەری خۆیەتی) واژۆ بکرێت و  بەرپرسیارێتی راست و دروستی و بڕی مووچە و لیستەکەی بگرنە ئەستۆ. 
ئەم بڕیارە گرنگەی سەرەوە چەند خاڵێکی گرنگی تێدایە، سەرەتا پێویستە بپرسین (تەوتینی راتب) چییە، لە عیراق هەموو وەزارەت و دەستەکان لەگەڵ بانکە حکومیی و ئەهلییەکان بە ویستی خۆیان، لەگەڵ یەکێک لە بانکەکان رێکەوتنیان کردووە کە مووچە بەشێوەی ئەلکترۆنی بخەنە سەر فیزاکارت و ئیتر وەزارەتەکان ناچن بۆ خەزێنە بە تورەکە پارە بهێن و فەرمانبەرانیش لەبەردەم لیژنەی دابەشکردنی مووچەدا بەشێوەی کاش مووچەکانیان وەربگرن، بەڵکو لە رێگای فیزاکارتەوە مووچەکانیان بۆ دادەبەزێت،  ئەمەش پڕۆسەیەکی پێشکەوتوو و خێرا و شارستانییە و بە کلیکێک مووچەکانیان لەسەر فیزاکارتەکانیان دادەبەزێت. 
پابەندکردنی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بە خەرجکردنی بودجەی فەرمانبەران پاش تەوتینی بودجە و کۆتایهێنان بە ناردنی پارەی قەرز بۆ هەرێم. ئەوەی پەیوەندی بە تەوتینی مووچەوە هەیە لە عیراقدا  ئەم پڕۆسەیە دەیان ساڵە دەستیپێکردوە، ئێستا مەحاڵە بە چەند مانگێک ملیۆنێک مووچە خۆری هەرێم، فیزاکارتی بۆ دەربکەن، ئەی کەواتە چۆن مووچە دەدرێت؟ 
لە دەقی بڕیارەکادا لەبەشی دووەمدا باسی لە لقی بانکە فیدراڵییە حکومییەکان کردوە کە لە هەرێم لقیان هەیە کە ئەوانیش (رافیدەین و رەشید و بانکی بازرگانی عیراقییە). 
ئێستا تەنها بانکی بازرگانی(TBI) لقیان لە شارەکانی هەرێمدا هەیە، هەرچەندە ئەوانیش توانستی مرۆیی و ژێرخانیان سنووردارە، بەڵام بەپێی نەخشە رێگای  دادگای فیدراڵی بێت، ئیتر هەموو فەرمانگەیەک لیستی مووچەی دەبات بۆ ئەو لقەی بانکە فیدراڵییەکە و لە قۆناغی یەکەمدا بەشێوەی کاش وەری دەگرێت و لە درێژخایەندا دەبێت بە فیزاکارت و هاوشێوەی دەرەوەی هەرێمی لێدێت. 
2-پێویستە سەرجەم دامودەزگاکانی هەرێم کە لە بڕگەی یەکەمدا باسکراون لە کۆتایی هەموو مانگێکدا میزانییەی موراجەعە پێشکەشی فەرمانگەی ژمێریاری لە وەزارتی دارایی فیدراڵ بکەن. لە کاتێکدا داوای پارەدارکردنی تر دەکەن بۆ مووچەی مانگی داهاتوویان، ئەمەش هاوشێوەی وەزارەتەکانی تری فیدراڵ دەبێت .
ئەم بڕگەیان رێککارێکی هونەریی وردبینی دارایی رۆتینی ئاساییە و پەیڕەوکراوە.
3-پێویستە سەرۆکی حکومەتی هەرێم سەرجەم داهاتی نەوتی و نا نەوتی تەسلیمی خەزێنەی حکومەتی فیدراڵ بکات. بە گوێرەی قانونی ئیدارەی دارایی دەوڵەت پێویستە هەردوو دەزگای چاودێریی دارایی فیدراڵ و هەرێم، وردبینی بڕگەکانی داهاتی بەدەستهاتووی نەوتی و نانەوتی بکەن.
4-پابەندکردنی سەرۆک وەزیرانی هەرێم کە رێگەبدات دەزگای چاودێری دارایی فیدراڵ لەگەڵ چاودێری دارایی هەرێم پێکەوە وردبینی بکەن بۆ خەرجییەکان و لیستی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و سوودمەندانی تۆڕی هاوکاری کۆمەڵایەتی. 
ئەم بڕگەیەی کۆتایی هیچ کێشەیەکی نییە و رێکارێکی تری وردبینی و دارایی رۆتینی ئاساییە و شایەنی سەرنجدان نییە.

 

 دادگا، حکومەتی فیدراڵی پەیوەستکرد بە خەرجکردنی مووچەی سەرجەم فەرمانبەران و خانەنشینان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە، هاوتای عیراق (اسوه‌ بأقرانهم) واتە کوتومت وەکو باقی فەرمانبەرانی تری عیراق، لە چوارچێوەی جێگیرکردنی مووچە

 
بڕیارەکە لە دژی هەرێمی کوردستانە، یان لەبەرژەوەندییەتی؟ 
لەم باسەدا بە باشی باسی بڕیاری دادگامان کرد کە لە دوو بەش پێکهاتووە ئەوانیش تانوپۆی بڕیار(حیثیات القرار) و بەشی بڕیاری دادگا(قرار الحكم). 
ئەو چوار بڕگەیەی سەرەوە تەنها بەشی بڕیاری دادگا(قرار الحكم)و لە راستیدا رەچاوی سەروەریی دارایی حکومەتی هەرێمی نەکردوە، بگرە رۆڵی وەزارەتی دارایی هەرێمی فەرامۆشکردوە.
لە راستیدا ئەمەش ناکۆکە لەگەڵ دەستوور کە  سیستمی فیدراڵی دەوڵەتی چەسپاندووە، گەڕانەوەیە بۆ سیستمی ناوەندچێتی دەوڵەت، بەڵام ئەگەر بە وردی لە بەشی یەکەمی بڕیارەکە وردبینەوە، کە پێی دەڵێن تانوپۆی بڕیار (حیثیات القرار) بە پێچەوانەوە زۆر بە باشی رۆڵ و پێگەی دەستووریی هەرێم پارێزراوە و بە دەستەواژەی ئاشکراو بێ تەم و مژ باسی سەروەریی هەرێم و گەلی کوردستان کراوە و تیایدا حکومەتی فیدراڵ پابەندکراوە، کە بودجە بۆ هەرێم دابینبکات بۆ ئەوەی بتوانێ ئەرکەکانی جێبەجێبکات و داوا دەکات جگە لە مووچە، دەبێت بودجەی وەبەرهێنانیش بۆ هەرێم دابینبکرێت، ئەمەش پارێزبەندییەکی دەستووریی باشە بۆ شکۆمەندیی و پێگەی هەرێم. 
بە کورتی گرنگترین ئەو خاڵانە کە لە تانوپۆی بڕیار(حیثیات القرار) دەخەینەروو، چونکە رای گشتی و چاودێرەکان تەنها چاویان لەسەر بڕگەی بڕیاری دادگابوو، کە چوار برگە بوو، بەشی یەکەمی تانوپۆی بڕیار 
(حیثیات القرار) یان فەرامۆشکردوە، لە خوارەوە گرنگترین برگەکانی دیاری دەکەین:
1-
لە ناوەڕۆکی دەقی داڕشتنی بڕیارەکەدا باسی سیستمی فیدراڵی کراوە و ئاماژە بە قەوارەی هەرێمی کوردستان وەکو هەرێمێک لە چوارچێوەی سیستمی فیدراڵیدا هاتووە، شکۆی دەستووریی هەرێم رێزلێگیراوە، بەشێوەیەکی بەرز باسی شان و شەوکەتی گەلی کوردستان کراوە و بە باڵای گەلی کوردا هەڵدراوە، هەروەها روونکراوەتەوە کە پێویستە حکومەتی فیدراڵ پارێزگاکان و هەرێمەکان پارەدار بکات و بودجە بۆ هەرێم دابینبکات. بەو شێوەی کە بتوانرێ هەرێم پێداویستییەکانی سەرشانی خۆی هەڵبسوڕێنێت، لەهەمان کاتدا رەچاوی بنەمای ژمارەی دانیشتوان بکرێت. 
2-نابێت بەهۆی کێشەکانی حکومەتی فیدراڵ و هەرێمەوە،  فەرمانبەرانی هەرێم لە مافی مووچە بێ بەش بکرێن.
دادگا دەستەواژەی نابێ (مەحروم بکرێن)ی بەکارهێناوە، زیاتر لەوەش دەڵێ ئەگەر حکومەتی هەرێم پابەندیی خۆی بەرامبەر بە حکومەتی فیدراڵ جێبەجێ نەکرد، نابێت ئەمە بکرێتە هۆیەک بۆ بێ بەشکردنی مووچەخۆران لە مووچەکانیان. 
3-دادگا پشتی بە شیتەڵی ئایینی بەستووە و ئاماژەی بە چەندین دەقی قورئانی پیرۆز کردووە، کە پەیوەستن بە مافی بونیادەم و شکۆی مرۆڤەوە. ئەم شیکردنەوەیە لە قازانجی دەرچوونی  بڕیارەکە نووسراوە،  بۆ ئەوەی پشتیوانییەکی ئاینیی بە بڕیارەکەوە بلکێنرێت.
4-دادگا حکومەتی فیدراڵی پەیوەستکرد بە خەرجکردنی مووچەی سەرجەم فەرمانبەران و خانەنشینان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە، هاوتای عیراق (اسوة بأقرانهم) واتە کوتومت وەکو باقی فەرمانبەرانی تری عیراق، لە چوارچێوەی جێگیرکردنی مووچە، کە بەعەرەبی پێی دەڵێن تەوتینی راتب. 
ئەمەش مانای خەرجکردنی کۆی مووچەیە  بەبێ لێبڕین کە پێی دەڵێن پاشەکەوتکردن، دەبێت مووچە مانگانە بدرێت و لەهەمان کات مووچەش زیاد دەکرێت هاوتای مووچەی حکومەتی فیدراڵیی  دەبێت .

پابەندکردنی سەرۆک وەزیرانی هەرێم کە رێگە بدات دەزگای چاودێریی دارایی فیدراڵ لەگەڵ چاودێریی دارایی هەرێم پێکەوە وردبینی بکەن بۆ خەرجییەکان و لیستی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و سوودمەندانی تۆڕی هاوکاریی کۆمەڵایەتی، 
ئەم بڕگەیە 
هیچ کێشەیەکی نییە

سەرنجی کۆتایی:
دەقی نووسراوی بڕیاری دادگا لەم رۆژانەدا بە واژۆی سەرجەم دادوەرانەوە دەردەچێت، نیەتی دادگا چارەسەرکردنی کێشەی مووچەخۆرانی هەرێمە و چاوەڕوان دەکرێ پێگەی دەستووریی هەرێم و وەزارەتی دارایی هەرێم پارێزراو بێت.
لە کۆتاییدا بە هیوام خەیاڵ پڵاو نەبم و چاوەڕوانییەکەم بێتە دی.

 

دادگای فیدراڵی، لە دەستووردا بە باڵاترین دەسەڵاتی دادوەریی ناسێنراوە

وتارەکانی نوسەر