40 ساڵ لەمەوبەر دکتۆر قاسملو چی پێ وتین؟

09:45 - 2024-03-18
عیماد ئەحمەد
134 خوێندراوەتەوە

 عیماد ئەحمەد

ئەم دۆخەی ئێستای کوردستان و عیراقی پێدا گوزەر دەکات یادەوەرییەکی جوانی رۆژانی شاخ و حیکمەتێکی سەرکردەی ژیر و لێوەشاوە، د. قاسملوی بیرخستمەوە کە پێموایە بۆ ئەم هەلومەرجەی ئێستاشمان هەر راستە.   
ساڵی 1984 لێپرسراوی کەرتی رێکخستنی خانەقین بووم، لە هاوینی هەمان ساڵ لە دێی حەسەن مەحەی گەرمیان، لەگەڵ کاک ئازاد هەورامی و چەند پێشمەرگەیەک بە ئۆتۆمبیلەکەی کاک ئازاد بە جادەی سەرەکی کەلار، کفری، دووز، سەنگاو، قەرەداغ، دوکان، سورداش، مێرگەپان، بەرێکەوتین بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی سێی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان کە لە هەواری کانی سێوی مێرگەپان لە بناری پیرەمەگرون بەسترا، ئێوارەیەکی  درەنگ گەیشتینە مێرگەپان.
لەگەڵ گەیشتنمان سەرەتا چاومان بە کاک نەوشیروان کەوت کە لەناو چادرێکی یەک کەسی لەسەر بەتانییەکی خەت خەتی سەوز و سپی بەدیار چرایەک و هەندێ پەرتووکی تایبەتەوە دانیشتبوو.
دوای بەخێرهاتنێکی گەرم و ئەحواڵ پرسین و خواردنەوەی چایەکی بەتام و گفتوگۆیەکی گەرم  دەربارەی کۆنفرانسەکە، من رۆیشتم بۆ لای هاورێیانی دیکەی بەشداربووی کۆنفرانس کە بە دیار کۆمەڵێک ئاگر و چەند مەنجەڵیکی نیسک و چایی خواردنەوەوە خەریک بوون، کاک ئازاد هەر لای کاک نەوشیروان  مایەوە. 
من لای هاوڕێیان قاپێک نیسکم بە نانەوە خوارد، خواردنەکە سادە و پێشمەرگانە بوو، بەڵام بە راستی بەتام بوو، شەو بە دوو بەتانی خەتخەتی تەنک خەوتم کەمێک ساردبوو. دانیشتنی یەکەم رۆژی کۆنفرانسەکە پێشنیوەرۆی رۆژی 12ی تەمووز بوو، بە دار و حەسیر و کورسی پلاستیک هۆڵی کۆنفرانسەکە ئامادەکرابوو. 
دروشمە سەرەکییەکانی کۆنفرانسەکە بریتی بوون لە  (ئەی کرێکاران و گەلانی زۆرلێکراوی جیهان یەکگرن)، (بەرەو بەهێزکردنی کۆمەڵە لە کۆڕی خەباتی چینایەتی)، (بەرەو چەسپاندنی پرەنسیپەکانی رێکخستن).
بە ئارمە ناسراوەکەی چەپ (چەکوش و داس) شوێنەکەیان رازاندبۆوە.
رۆژی یەکەمی کۆنفرانس  سکرتێری کۆمەڵەی ئێران و سکرتێری حزبی دیموکراتی ئێران ئامادە بوون.
کۆنفرانسەکە لە سەروبەندێکدا رێکخرابوو کە  گفتوگۆی نێوان رژێم و یەکێتیی نشتمانیی کوردستان بە هۆی مەسەلەی کەرکوک و خانەقین و دەسوەردانی دەوروبەر لە لێواری تێکچووندا بوو.
لە کۆنفڕانسەکەدا، دکتور عەبدولڕەحمان قاسملو بە زمانە شیرین و پاراوەکەی، وتەیەکی پێشکەش کرد، بەشێکی قسەکانی  تەرخانکراو بوو بۆ گرنگیی بەردەوامبوونی گفتوگۆی نێوان رژێم و یەکێتی کە خۆی ئەندازیارەکەی بوو. دکتۆر قاسملو بۆ پشتیوانی لە دید و بۆچوونەکانی خۆی نموونەیەکی یەکجار سەرنج راکێشی هێنایەوە و  وتی: ئەگەر یەکێک قەرزاری ئێوە بوو بە 100دینار، حاڵیحازر و لەم هەلومەرجەدا تەنیا70 دیناری دەداتەوە، مەنتیق وایە  وەریبگری و دوای ئەوە داوای 30 دینارەکەی دیکە بکەی، نەک بڵێی  یان 100دینارەکە  یان هیچ!
ئەم نموونەیەی دکتۆر قاسملو کە 40 ساڵ لە مەوبەر بووە، ئەوەندە راست و دروستە بۆ هەموو زەمان و مەکانێک دەشێت، بەتایبەتی بۆ هەلومەرجی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان کە پێموایە ئێستا گوێ لە دکتۆر قاسملو بگرین هەرگیز درەنگ نییە، چونکە ئێستاش هیچ لۆجیک نییە کوردستان بخەینە ناو گیروگازی یان هەمووی یان هیچ. هەزار درود لە رۆحی پاکی قاسملوی رابەر و شەهیدی غەدرلێکراو.

وتارەکانی نوسەر