کاریگەریی رای گشتی لەسەر بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی

09:45 - 2024-03-26
دەریا نەجمەدین
133 خوێندراوەتەوە

دەریا نەجمەدین


دەستووری هەمیشەیی عیراق لە چوارچیوەی مادەکانی (91،90،89) ئیش و کارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی دیاری کردووە، لە چوارچێوەی یاسایەک کە ساڵی (2005) دەرچووە و ئیشوکاری دادگاکەی وێناکردووە، کە بەپێی ئەم یاسایە، دادگاکە پێکدێت لە (11) دادوەر کە شارەزایی تەواویان هەم لە یاسا و هەم لە (فیقهی) ئیسلامیشدا هەبێت.

کارەکانی دادگای فیدراڵی
ئیشوکاری ئەم دادگایە چاودێریکردنی دەستووریبوونی یاساکان و پەیڕەوە کارپێکراوەکانە، هەڵبەتە بڕیارەکانیشی بەپێی مادەی (91) لە رەشنووسی دەستووری عیراقدا مولزیمە و هەموو دامودەزگا و لایەنە سیاسییەکان دەبێت پێوەی پابەندبن.
ئەگەرچی ئەم دادگایە لە ساڵی (2005)ەوە دەست بەکاربووە و دامەزراوە، بەڵام ماوەی ساڵێکە لەناو رای گشتی هەرێمی کوردستاندا بە حوکمی کاریگەریی بڕیارەکانی، بۆتە جێگای باس و هاوکات خەڵکیش بەشێوەیەکی گشتی دڵخۆشن بەو بڕیارانە، وەکو ئەوەی کاریگەریی لەسەر باشتربوونی قووتی یەک بەیەکی خەڵک هەبێت.

کاریگەریی لەسەر هەرێم هەیە
 ئەگەر بێت و بڕیارەکانی ئەم دادگایە  یەک بەیەک شیبکەینەوە، لەوە تێدەگەین کە وێڕای ئەوەی بڕیاری تەواو یاسایین، بەڵام کاریگەریی تەواوی لەسەر رەسمکردنی سیاسەتی گشتیی وڵات دروستکردووە. بەتایبەتی هەرێمی کوردستان، وەکو لە چەند هەفتەی رابردوودا بینیمان بڕیارەکانی لایەنێکی سیاسی هەرێمی نیگەران کردووە و هاواری لێ بەرزبۆتەوە، لەسەر بڕیارەكانی تایبەت به (کۆتای پێکهاتەکان لە پەرلەمان) و مووچە و ناردنی لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
دەبێت لەوە تێبگەین، لە سەرتاسەری جیهان و دوای هاتنی ئەمریکاییەکان و دوای ساڵی (2005)یش لە عیراق و جیاکردنەوەی دەسەڵاتی دادوەریی لە هەردوو دەسەڵاتی (جێبەجێکردن) و (یاسادانان )، رێزگرتن لە یاسا و بڕیارەکانی دادگا، لە پێشینەی هەموو وڵاتێکی پێشکەوتوودایە و تاکە هەوڵیشە بە ئاراستەی بە دامەزراوەییکردنی دەوڵەت و لە قاڵبدانی لارییەکان.

عینادیی سیاسی
عینادیی سیاسی و ملنەدان بۆ بڕیارەکانی ئەم دادگایە، دەرگای دۆزەخ بەسەر هەر لایەنێکدا دەکاتەوە، کە پابەند نەبێت بەو بڕیارانە، لەبەر ئەوە پارتی وەكو هێزێکی کوردی و بەشدار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ناکرێت بە سیاسەتی عینادی و لوتبەرزی مامەڵەی ناقانوونی لەگەڵ بڕیارەکانی ئەم دادگایەدا بکات، چونکە هەر هەوڵێک دژ بە بڕیارەکانی ئەم دادگایە، بنەمای قانوونی نییە و سەرکێشیەکی بێ ئەنجامە، لەگەڵ ئەوەشدا  رۆژ بەڕۆژ بارودۆخی دارایی خەڵکی هەرێم سەختتر و دژوارتر دەبێت.
بە بۆچوونی بەندە، لە داهاتوودا، ئەم دادگایە هەر بڕیارێک بدات، نابێت تووشی شۆکمان بکات، قسەیەکی زۆریش لەلایەن هەندێک کەسی بواری قانوونەوە دەکرێت، سەبارەت بەوەی ئەزموونی هەرێمی کوردستان و قەوارەکەی لەبەردەم مەترسی هەڵوەشاندنەوەدایە! پێم سەیر نییە ئەگەر کەسێکی نەشارەزا یاخود کەسی تر قسەی لەم چەشنە بکات، بەڵام پێم سەیرە کەسێک خۆی بە یاساناس بزانێت و بێت لەسەر شاشەی  تیڤی بڵێت هەرێمی کوردستان لە بەردەم هەڵوەشاندنەوەدایە! چونكه له راستیدا دەبێت کۆمەڵانی خەڵک لەوە تێبگەن هەرێمی کوردستان هەرێمێکی دەستووری جێگیرکراوە، دادگایی باڵای فیدراڵی توانای هەڵوەشاندنەوەیی نییە و ئەوە زەحمەتە و ئەستەمیشە، لە راستیدا ئەوەی لەبەردەم مەترسی هەڵوەشاندنەوەدایە، حكومەته بەهۆی پابەندنەبوونی بە بڕیارەکانی ئەم دادگایەوە.

یەکێتی پشتیوانی بڕیارەکانە
یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، وەکو هێزێکی بەشدار و کاریگەر لە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، بەگیانی بەرپرسیارێتی و تێگەیشتن لە دەستوور و قانوون، پشتیوانیی تەواوی بڕیارەکانی ئەم دادگایەی کردووە و پابەندە و بە رێزەوە لێی دەڕوانێت، بۆیە جارێکی تر جەخت لەوە دەکەمەوە، ئەگەر (پارتی) مل نەدات بۆ بڕیارەکانی ئەم دادگایە و بە سیاسەتی عینادی مامەڵە لەگەڵ بەغدادا بكات، ئەو راستییە دەسەلمێنێت کە هەرکاتێک شتێک لە بەرژەوەندیی ئەو حزبە نەبێت، ئامادەیە بەبێ گوێدانە خەڵک و بێ گوێدانە بەرژەوەندیی گەلەکەمان، رەفتار بکات ئەگەر هیچ ئەنجامێکیشی نەبێت.
لە کاتێکدا بڕیارەکانی ئەم دادگایە لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەیەتی،  نەک ئەو هێزەی بەربەست دروست دەکات لە بەردەم جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەدا. شیکردنەوەی دەقە دەستوورییەکانیش بەشێکی دەکەوێتە ژێر کاریگەریی رای گشتییەوە، کاتێک دادگا هەست دەکات (رای گشتی) بە ئاراستەیەکدایە ئەوا دادگاش بە شوێنپێی رای گشتی دەکەوێت: بۆ نموونه دادگایی ئیتیحادی ئەمریکا ناچاربوو هەڵوێستی بگۆڕێت لە لەقەڵەمدانی نادەستووریبوونی یاسایی ریفۆرمەکانی (رۆزفێڵت) و  پەشیمان ببێتەوە،  بۆیە لەساڵی (1937)دا بڕیاری دەستووریبوونی ئەم یاسایەی دا، کاتێک زانی رای گشتی لەپاڵ سەرۆکدایە.

هاووڵاتیانی هەرێم پێشوازی لە بڕیارەکان دەکەن
لەبەر هەموو ئەوانە،  گرنگە دەسەڵاتی سیاسیی لە هەرێمی کوردستاندا، خوێندنەوەی بۆ رای گشتی خەڵک هەبێت، کە چۆن پێشوازیی لەو بڕیارانەی دادگای فیدراڵی دەکەن، دەسەڵاتی ئیتیحادی و دادگایی فیدراڵیش لەوە تێگەیشتوون، دۆخی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی چۆنە و تێدەگەن چۆن هاووڵاتیانی هەرێم پێشوازیی لە بڕیارەکان دەکەن، بۆیە ئەگەر جەماوەر ئاشت نەکرێتەوە لە هەرێمی کوردستان و دەستکاریی کردنی قووتی فەرمانبەران کۆتایی نەیەت، حکومەتی هەرێم پابەند نەبێت بەو بڕیارانەی دراون،  ئەوا جگە لەوەی لێکترازانی سیاسی لە هەرێمدا روودەدات، له ئایندەشدا رەنگە دادگای فیدراڵی بڕیاری توندتر بدات و وابکات هەرێم تەنها به رواڵەت وەك یەكەیەكی فیدراڵی بمێنێتەوە.



وتارەکانی نوسەر