چارەنووسی عیراق لە سایەی دادگا و تویتەکاندا

10:21 - 2022-05-18
رێبوار حەمەوەیس
583 خوێندراوەتەوە

تویتەكەی سەید موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر و بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پڕۆژە یاسای ئاسایشی خۆراك كە لە لایەن حكومەتەكەی مستەفا كازمییەوە پێشكەش بە ئەنجومەنی نوێنەران كرابوو،  قەیرانێكی تری خستە سەر كۆی ئەو قەیرانە سیاسی و ئابورییانەی لە دوای هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بەرۆكی عیراقییان گرتووە و لە یەك كاتدا پرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌ و هەوڵەكانی حكومەت بۆ چارەسەركردنی كێشە ئابوورییەكان و پشتیوانیكردنی هەژاران و كەرتە خزمەتگوزارییەكانی وەك كارەبا، ئیفلیج كران.

دوای حەوت مانگ لە هەڵبژاردنی پێشوەختە
دوای زیاتر لە حەوت مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەران، سەید موقتەدا سەدر بۆ جاری سێیەم مۆڵەتی دایە لایەن و فراكسیۆنەكان و هاوپەیمانەكانی و داوای لێیان كرد لە ماوەی 30 رۆژدا حكومەت پێكبهێنن، ئەگەر نا هەڵوێستی تریان دەبێت، ئەو لە سەرەتای مانگی رەمەزاندا مۆڵەتێكی 40 رۆژی و دوای رەمەزانیش مۆڵەتێكی 15 رۆژی دایە چوارچێوەی هەماهەنگی و سەربەخۆكان، بۆ پێکهێنانی حکومەت، بەڵام هیچ یەكێك لەو هەوڵانە سەركەوتوو نەبوون بۆ یەكلاكردنەوەی پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت.
 ئەگەر لە رێی فشاری سیاسی و پەرلەمانییەوە ئەو رەوتە نەتوانێت بەرامبەرەكەی ناچار بكات بە داواكارییەكانی، پەنا بۆ جووڵاندنی شەقام و خۆپیشاندانی جەماوەری دەبات، لە رابردووشدا چەندین جار ئەو ئەزموونەی دووبارە كردۆتەوە.

ئێستا كە رەوشی سیاسی عیراق دووچاری چەقبەستوویی سیاسی هاتووە و هاوپەیمانییە سێ قۆڵییەكەی شكستی هێناوە لە پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی، دوور نییە ئەمجارە پەنا بباتە بەر جوڵاندنی شەقام بۆ ترساندنی نەیارەكانی. لە حاڵەتێكی لەو جۆرەشدا ركابەرەكانی بێدەنگ دانانیشتن و لە هەر كاردانەوەیەكیشدا رەوشی عیراق بەرەو پێكدادانی چەكداری دەڕوات بەو پێیەی هەردوو بەرەكەی شیعە خاوەنی هێزی چەكدارن و سوپا و هێزە ئەمنییەكان ناتوانن كۆنترۆڵیان بكەن.
خۆ ئەگەر پەنا نەباتە بەر جوڵاندنی شەقام و هیچ لایەنێكیش رازی نەبێت بە دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن، ئەوا دوو بژاردە زیاتری لەبەردەمدا نییە، یان رێكەوتن لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پێكهێنانی حكومەتی تەوافوقی نیشتمانی، یاخود بوون بە ئۆپۆزسیۆن، بوونی سەدریش بە ئۆپۆزسیۆن واتە ناسەقامگیری سیاسی بۆ چوار ساڵی داهاتوو دەگەیەنێت.

هەڵوەشاندنەوەی پڕۆژە یاسای ئاسایشی خۆراك
دادگای باڵای فیدراڵی لەسەر سكاڵایەكی باسم خەشان پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە ئەنجومەنی نوێنەران پڕۆژە یاسای ئاسایشی خۆراكی هەڵوەشاندنەوە كە لەلایەن حكومەتی كاربەڕیكەرەوە پێشكەش بە ئەنجومەنی نوێنەران كرابوو.
پڕۆژە یاساكە لەسەر بنەمای ئەو 25 ترلیۆن دینارە ئامادەكراوە، كە لە داهاتی نەوت زیاد بووە و حكومەت بە نیاز بوو  پڕۆژە یاساكە وەك جێگرەوەی یاسای بوودجە بەكاربهێنێت، هەرچەندە بە پێی دەستوور حكومەتی كاربەڕێكەر ناتوانێت پڕۆژە یاسای بودجە پێشكەش بە ئەنجومەنی نوێنەران بكات، پڕۆژە یاساكە لە 10 مادە پێكهاتووە و
 35 %ی پارەكە بۆ كۆبوونی خۆراك و كڕینەوەی گەنمی جوتیاران و شایستەی دارایی ساڵانی رابردووی جوتیاران تەرخانكراوە و 35 %ی تریشی بۆ پڕۆژە تەواونەكراوەكانی چوارچێوەی بودجەی وەبەرهێنان بووە.
هەروەها پشكی شایستەی دارایی غازی سروشتی هاوردەكراو و بەگەڕخستنەوەی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبای لەخۆگرتبوو.
دوای ئەو بڕیارەی دادگا، حكومەت بەپێی یاسای ئیدارەی دارایی تەنها دەتوانێت یەك لەسەر دوانزەی بودجە خەرج بكات و دەستكراوە نابێت بۆ خەرجكردنی ئەو داهاتە زۆرەی دێتە خەزێنەی دەوڵەتەوە.
هەروەها بڕیارەكەی دادگا بە دڵی ئەو پەرلەمانتارانە بوو كە دژی پڕۆژە یاساكە بوون و پێیان وابوو دەستی حكومەت دەكاتەوە بۆ بەهەدەردانی دارایی، ئەوانەشی پشتیوانی پڕۆژە یاساكە بوون دەیانوت رێگری دەكات لە بەرزبوونەوەی نرخی كاڵا و شتومەك و هاوكاریكردنی هەژاران و چارەسەركردنی گرفتی كارەبا.

کاریگەری لەسەر نرخی شتومەک
هەربۆیە بەدوور نازانرێت لەدوای بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی نرخی شتومەك روو لە بەرزبوونەوە بكات و پڕۆژەكانی بەرهەمهێنان و هاوردەكردنی كارەباش پەكیان بكەوێت، دەرئەنجامیش رەنگە جارێكی تر خۆپیشاندان و ناڕەزایی هاووڵاتیان لە پارێزگاكانی عیراق دەست پێبكاتەوە.
ئێستا حكومەتەكەی مستەفا كازمی رێگەچارەیەكی تری لەبەردەمدا نەماوە جگە لەوەی داوا لە لایەنە سیاسییەكان بكات بەرپرسیارێتی قۆناغەكە هەڵبگرن و كاربكەن بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخەی هاتۆتە ئاراوە.

وتارەکانی نوسەر