چییان لە سلێمانی دەوێت؟

09:33 - 2024-08-04
فەرید دڵشاد
236 خوێندراوەتەوە

هەركاتێك رووداوێكی نەخوازراو لە سلێمانی روودەدات، ئیدی هەموو میدیا ئاڕاستەكراوەكان بەچاوی رقەوە روماڵی رووداوەكە دەكەن و دەیانەوێت وا وێنای بكەن كە ئەم شارە نا ئارامە، كەچی هەمان رووداو لە هەولێر یان دهۆك رووبدات نەك روماڵی ناکەن، بەڵكو رووداوەكە پەردە پۆش دەكەن یاخود هەوڵی بەلاڕێدابردنی دەدەن، پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە بۆچی سلێمانی دەكرێتە ئامانج و هەوڵی شێواندنی ناوبانگی دەدرێت؟
ئەوەی یەك تۆز خوێندنەوەی بۆ رووداوەكان هەبێت تێدەگات لەوەی مەبەستێك و پلانێك لە پشت ئەم كارەوە هەیە، میدیای ئاڕاستەكرا و ئۆپۆزسیۆنە ساختە و پۆپۆلیستەكان و پەیجە سێبەرەكانیان لە سنووری سلێمانی وەك مۆرانە دەكەونە وێزەی ئەم سنوورە، بەڵام لە سنووری هەولێر قڕوقەپ و بێدەنگن، وەك دەڵێی نەبای دێ‌ نە بۆران، ئەوەش لەكاتێكدایە بەپێی ئامارەكان رێژەی تاوان لە سنووری هەولێر زیاترە وەك لە سلێمانی.
مانگ نییە لە هەولێر گوێمان لە تەقەی دەمانچە و كڵاشینكۆف و دۆشكە و ئارپی جی نەبێت لە هەولێر بەتایبەت لە سنووری قەزای خەبات شەوان دەڵێی حكومەتی تێدانییە، كەچی میدیای ئاڕاستەكرا و ئۆپۆزسیۆنە ساختە و پۆپۆلیستەكان و پەیجە سێبەرەكانیان وەك شامی شەریف باسی دەكەن، بەڵام لە سلێمانی چۆلەكەیەك بكوژرێ‌ ئیدی دەبێتە هەڵا، كورد وتەنی حەوت گەڕەك تێدەگەیەنن و کێچێك دەكەن بە گایەك.

 

ئەو هەڵمەتی چەواشەكارییەی هەندێك بەناو میدیا دژی سلێمانی و هێزە ئەمنییەكانی بەرپایان كردووە، تەنها دەستی ناوخۆیی لەپشت نییە، بەڵكو دەستی
هەرێمیشی لەپشتە

 

جیاوازییەکە لێرەدایە لە هەولێر ئازادی خواز و لە سلێمانی یاسا شكێنان لە زیندانن، كاتێك لە سلێمانی تاوانێك دەكرێت، بەتایبەت لەلایەن كەسێكی سەر بە هێزە ئەمنییەكانەوە دەستبەجێ‌ ئەو كەسە دەستگیردەكرێت لە هەر پلەو پۆستێكدابێت، لەوەش زیاتر سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی خودی خۆی دەبێتە پارێزەری ئەو كەسەی كە تاوانەكەی بەرامبەر كراوە، بەڵام لە هەولێر لەسەر بیروڕای ئازاد بە كۆمەڵ رۆژنامەنووسان دەخرێنە زیندانەوە.
هەموو ئەوەی میدیای ئاڕاستەكرا و ئۆپۆزسیۆنە ساختە و پۆپۆلیستەكان و پەیجە سێبەرەكانیان دەیكەن بۆ ناشیرینكردنی هێزە ئەمنییەكانی سنووری سلێمانییە ئەو هێزانەی لەشەڕی داعشدا لە ریزی پێشەوە بوون و هەولێری پایتەختیان لە كەوتن پاراست، تۆكمەیی و لێهاتووی و یەكڕیزی ئەو هێزانە بوونەتە فۆبیا بۆ نەیارەكان، بێ‌ ئاگان لەوەی لە سنووری سلێمانی كەمترین تاوانبار لە دەستی یاسا هەڵاتووە و بەزووترین كات تاوانبار دەستگیركراوە.
ئەو هەڵمەتی چەواشەكارییەی هەندێك بەناو میدیا دژی سلێمانی و هێزە ئەمنییەكانی بەرپایان كردووە، تەنها دەستی ناوخۆیی لەپشت نییە، بەڵكو دەستی هەرێمیشی لەپشتە بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ناو و ناوبانگیان لەكەدار بكەن، چونكە تاكە بەربەستن لە بەردەمیان بۆ ئەوەی مەرامە گڵاوەكانیان لەم سنوورە جێبەجێ‌ بكەن، رۆژێك بەناوی هاوكاری كوردانی رۆژئاوا و رۆژێك بەناوی ئەنجامدانی تاوان تۆمەتیان بۆ دادەتاشن.
لە كۆتاییدا بە شیعرێكی داناز عەبدولڕەحمان وەڵامی ئەو میدیا ژەهراویانە دەدەمەوە كە دەڵێت «هەركەس وتی سلێمانی شارێكی شەڕ و ئاژاوەیە، درۆ دەكات، سلێمانی بۆ دوژمنانی وەك كاوەیە».

وتارەکانی نوسەر