د.ئيسماعيل نه‌جمه‌دين زه‌نگەنه*
يه‌كێك له خاڵه بنچينه‌ييه‌كانى هه‌ر رێكخستنێكى ياسايى بۆ پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن، دياريكردنى سيستمه‌كانى هه‌ڵبژاردنه، ئه‌مانه‌ش بريتين له‌و رێگه و هاوكێشانه‌ى كاريگه‌رى دروست ده‌كه‌ن له‌سه‌ر جۆرى ده‌ره‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردن و دياريكردنى براوه‌كانی.
له هه‌ڵبژاردنى خولى شه‌شه‌مى په‌رله‌مانی كوردستاندا و له‌دواى ئه‌و گۆڕانكارييانه‌ى به بڕيارى دادگاى باڵاى فيدراڵى له ياساى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانی كوردستاندا روويدا، ئيدى پرسيارێك سه‌رده‌ردێنێ، ئه‌و سيستمه هه‌ڵبژاردننانه كامانه‌ن كه له پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستاندا كاريان پێده‌كرێت؟ له خواره‌وه ئه‌و سيستمانه‌ى هه‌ڵبژاردن شه‌ن و كه‌و ده‌كه‌ين، به‌مجۆره:
يه‌كه‌م : هه‌ڵبژاردن فره‌بازنه‌ييه:
ئه‌وه‌ى به درێژايى خوله‌كانى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان پهيڕهویى لێده‌كرا، بريتيبوو له هه‌ڵبژاردن له‌سه‌ر بنه‌ماى يه‌ك بازنه‌یى هه‌ڵبژاردن، واته ته‌واوى ناوچه‌كانى هه‌رێمى كوردستان يه‌ك بازنه‌ى هه‌ڵبژاردن بوون، ده‌نگده‌ران به‌و هۆيه‌وه ده‌يانتوانى له هه‌ر شوێنێكى هه‌رێمه‌وه ده‌نگ بده‌ن به هه‌ر ليست و کاندیدێک كه دڵخوازيان ده‌بوو.
شاراوه نيیه ئه‌م سيستمه خاڵى باشى هه‌بوو، به‌ڵام به‌ده‌ريش نه‌بوو له ره‌خنه و هه‌وڵدان بۆ ئه‌نجامدانى گۆڕانكارى تێيدا، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش به‌شى زۆرى هه‌وڵ و پرۆژه‌ى لايه‌نه سياسيیه ركابه‌ره‌كانيى هه‌رێم له پرۆژه‌كانياندا، بۆ هه‌موارى ياساى هه‌ڵبژاردن خاڵى ده‌ستپێكيان فره‌كردنى بازنه‌كانى هه‌ڵبژاردن بوو، بۆ چوار بازنه، يان چوار ناوچه‌ى هه‌ڵبژاردن.
تا دواجار و به‌هۆى نه‌گەیشتن به رێكه‌وتن له‌ناو په‌رله‌مانى هه‌رێمدا بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ى ياساكه، ناچار په‌نا برايه به‌ر تۆماركردنى داواى ده‌ستووريى دژبه ناده‌ستووريبوونى به‌شێك له ده‌ق و مادده‌كانى ياساى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانی كوردستان و ياسا هه‌مواركراوه‌كانى و بازنه‌كانى هه‌ڵبژاردن كران به چوار بازنه‌ى هه‌ڵبژاردن له‌به‌ر رۆشنايى ژياندنه‌وه‌ى ده‌قێكى ياسايى دواى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ده‌قه هه‌مواركراوه‌كه‌ى، به‌و جۆره‌ش هه‌رێمى كوردستان كرايه چوار بازنه‌ى هه‌ڵبژاردن و به‌پێى داتاكانى كۆمسيۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردن، كورسيیه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان دابه‌شكران به‌سه‌ر ئه‌و چوار بازنه‌يه‌دا.
ئه‌وه‌ش به‌پێى مادده‌ى 1 / يه‌كه‌م و دووه‌م له په‌يڕه‌وى دابه‌شكردنى كورسيیه‌كان و شوێنگرتنه‌وه‌ى ئه‌ندامان ژماره 9ى ساڵى 2024 ده‌رچوو له‌لايه‌ن كۆمسيۆنى باڵاى سەربەخۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانى فيدراڵیيه‌وه، به‌جۆرێك 95 كورسى گشتى له‌كۆى 100 كورسى دابه‌شده‌كرێت به‌سه‌ر چوار بازنه‌ى هه‌ڵبژاردندا به‌مجۆره:
دووه‌م : هه‌ڵبژاردنى ليسته:
له‌سه‌ر بنه‌ماى خۆبه‌ربژێركردن سيستمه‌كانى هه‌ڵبژاردن به‌زۆرى ده‌بنه دووجۆر: هه‌ڵبژاردنى تاكه‌كه‌سى و هه‌ڵبژاردنى ليست. له جۆرى يه‌كه‌مياندا وڵاته‌كه يان هه‌رێمه‌كه ده‌كرێته ژماره‌يه‌كى زۆرى بازنه‌ى هه‌ڵبژاردن، له‌هه‌ر بازنه‌يه‌كه‌وه كه‌سێك يان چه‌ند كه‌سێك براوه‌ى هه‌ڵبژاردن ده‌بن و له‌سه‌ر بنه‌ماى ناوى كه‌سى به‌ربژێره‌كان ده‌نگده‌ران ده‌نگه‌كانيان ده‌ده‌ن.
له‌كاتێكدا جۆرى دووه‌م كه هه‌ڵبژاردنى ليسته، كێبڕكێ له‌سه‌ر بنه‌ماى ليستى پارت و هاوپه‌يمانێتيیه سياسيیه‌كانه و له‌پێشدا ده‌نگده‌ر ده‌بێت ده‌نگ به ليست بدات، ئه‌گه‌رچى خودى ليستيش چه‌ند جۆرێكى هه‌يه: ليستى داخراو، ليستى نيمچه كراوه، يان نيمچه‌داخراو ، ليستى كراوه‌ى ته‌واو يان ئازاد. ئه‌وه‌ش به‌پێى ئه‌وه‌ى ده‌نگده‌ر دواى ده‌نگدانى به ليسته‌كه، تاچه‌ند ده‌توانێت ده‌نگ به به‌ربژێرى دڵخوازى خۆى بدات له‌ناو ليست و ده‌ره‌وه‌يدا.
ئه‌وه‌ى په‌يوه‌نداره به هه‌ڵبژاردنى خولى شه‌شه‌مى په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه، ئه‌وا هه‌ڵبژاردن تێيدا به ليسته و جۆرى ليسته‌كه‌ش كراوه‌يه (دروست نيمچه‌كراوه‌يه)، تێيدا ده‌نگده‌ر دواى ده‌نگدان به ليستى دڵخوازى خۆى، ده‌توانێت له‌ناو كانديداكانيدا ده‌نگ به كانديدێكى دڵخوازى خۆشى بدات.
واته به‌هيچ كلۆجێك ده‌نگده‌ر ناتوانێت ده‌نگ به كانديدێكى ناو ليستێك بدات به‌بێ ئه‌وه‌ى ده‌نگى دابێت به خودى ليسته‌كه له‌پێشدا، دروستى ئه‌م وته‌يه‌ش روونتر له ديزاينى په‌ڕه‌ى ده‌نگدانه‌كه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت، كاتێك ژماره‌ى ليسته‌كانى تێدا تۆماركراوه، به وێنه يان به لۆگۆى حزب و ليسته‌كان، كه‌چى بۆ كانديده‌كان ته‌نها به ژماره‌يه، به‌و جۆره‌ش كه‌سێك ده‌نگ به ژماره‌ى كانديدێك بدات به‌بێ ئه‌وه‌ى ده‌نگى به ليسته‌كه دابێت، ئه‌وا ده‌نگه‌كه‌ى ده‌فه‌وتێت و هيچ به‌هايه‌كى نابێت له به‌رژه‌وه‌ندیى ليست و كانديده‌كان.
ئه‌وه‌شى لێره‌دا گرنگه باس بكرێت، ياساكه رێگه‌ى داوه كانديدى تاكه‌كه‌س خۆى كانديد بكات به ناو و وێنه‌ى خۆيه‌وه، ئه‌وه‌ش به رێگه‌ى گونجاندنى له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنى ليست، نه‌ك جێبه‌جێكردنى هه‌ڵبژاردنى تاكه‌كه‌سى، كاتێك ياساكه دێت شانبه‌شانى ليستى حزبى باس له ليستى تاكه‌كه‌سى ده‌كات، كه تێيدا چه‌ندين كه‌سايه‌تى له‌سه‌ر ئاستى چوار بازنه‌ى هه‌ڵبژاردن خۆيان وه‌ك كانديدى سه‌ربه‌خۆ (دروست وه‌ك ليستى تاكه‌كه‌سى) كانديد كردووه و له‌سه‌ر په‌ڕه‌ى ده‌نگدان ناو و وێنه‌يان هاوشانى ليستى حزبه‌كان تۆماركراوه.
سێيه‌م : هه‌ڵبژاردنى نوێنه‌رايه‌تى رێژه‌ييه :
له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌ژماردنى ده‌ره‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردن و دابه‌شكردنى كورسيیه‌كانى ئه‌نجومه‌نه نوێنه‌رايه‌تيیه‌كان، چه‌ندين سيستمى هه‌ڵبژاردن پهيڕهویى لێده‌كرێت له‌سه‌ر ئاستى وڵاتانى جيهان، باوترين دوو سيستم، سيستمى زۆرينه و سيستمى نوێنه‌رايه‌تیى رێژه‌ييه.
له يه‌كه‌مياندا، له هه‌ر بازنه‌يه‌كى هه‌ڵبژاردن هه‌ر ليستێك يان به‌ربژێرێك بتوانێت زۆرينه‌يه‌كى دياريكراوى ده‌نگه‌كان به‌ده‌ستبهێنێت، ئه‌وا براوه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كه ده‌بێت و كورسيیه‌كه يان ته‌واوى كورسيیه‌كانى ئه‌و بازنه‌يه به‌ده‌ست دەهێنێت. به‌و جۆره‌ش هه‌ر كانديدێك يان ليستێك دۆڕاوى هه‌ڵبژاردن ده‌بێت، ئه‌گه‌ر كۆى ده‌نگى دۆڕاوه‌كانيش زۆر زياتر بن له ده‌نگى براوه‌ى كورسيیه‌كه يان كورسييه‌كان!
هه‌رچى سيستمى نوێنه‌رايه‌تیى رێژه‌ييه، ئه‌وا ئه‌م جۆره سيستمه، جۆرێك له دادپه‌روه‌ریى تێدا به‌رجه‌سته‌يه، چونكه هه‌ر ليستێك به ئه‌ندازه‌ى ده‌نگه‌كانى براوه‌ى كورسى په‌رله‌مانى ده‌بێت، بۆيه له‌م سيستمەدا ده‌بينرێت لايه‌نه سياسييه‌كان زۆرتر نوێنه‌رايه‌تیيان ده‌بێت له په‌رله‌مانه‌كاندا به ئه‌ندازه‌ى ده‌نگه به‌ده‌ستهاتووه‌كانيان، بۆنموونه ليستێك 40 كورسى، يه‌كێكى ديكه 30 كورسى، يه‌كێكى ديكه‌ى تر 2 كورسى .. و به‌وجۆره.
چواره‌م : هه‌ڵبژاردن، به هاوكێشه‌ى تێكڕاى هه‌ڵبژاردن يان كۆلكه‌ى هه‌ڵبژاردنه :
كاتێك ده‌ڵێين هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان له خولى شه‌شه‌ميدا به‌پێى نوێنه‌رايه‌تى رێژه‌ييه، ئه‌وه‌ش به‌واتاى ئه‌وه دێت هه‌ر ليستێكى پارته سياسييه‌كان يان تاكه‌كه‌سييه‌كان به ئه‌ندازه‌ى ده‌نگه‌كانيان براوه‌ى كورسيیه‌كانى هه‌ڵبژاردن ده‌بن، ئه‌وا ئه‌م قسه‌يه رامانده‌كێشێت بۆئه‌وه‌ى هاوكێشه‌يه‌كى ژمێركاریى په‌يڕه‌و بكرێت بۆ گۆڕينى ده‌نگ به كورسى.
له سيستمى هه‌ڵبژاردنى وڵاتانى جيهاندا چه‌ندين هاوكێشه‌ى ژمێركاریى ناسراو هه‌ن بۆ ئه‌نجامدانى ئه‌و بابه‌ته له‌وانه (هرتا كۆتا، سانت ليگۆ ، هۆندت .. تد)، ئه‌وه‌ى له هه‌رێمى كوردستان تايبه‌ت به هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان په‌يڕه‌و ده‌كرێت، هاوكێشه‌ى يه‌كه‌مه، كه به‌تێكڕاى هه‌ڵبژاردن ناسراوه، ناوه‌ڕۆكى ئه‌م هاوكێشه‌يه‌ش بريتيیه له :
ژماره‌ى ده‌نگه دروسته‌كانى بازنه‌ى هه‌ڵبژاردن
تێكڕاى هه‌ڵبژاردن= ژماره‌ى كورسى گشتیى ته‌رخانكراوى بازنه‌كه
بۆ نموونه، ئەگه‌ر له بازنه‌ى هه‌ڵبژاردنى سلێمانى 1080000 مليۆنێك و هه‌شتا هه‌زار ده‌نگى تۆماركراوى دروست دران، ئه‌وا هاوكێشه‌كه به‌م جۆره ده‌بێت :
1080000 دابەش 300000 سى هه‌زار ( تێكڕاى هه‌ڵبژاردن) = 36
دواتر، هه‌ر ليستێكى حزبى يان تاكه‌كه‌سى بتوانێت چه‌ند جارى ( 30000) ده‌نگ به‌ده‌ست بهێنێت، ئه‌وا ئه‌وه‌نده كورسى ده‌بات، وا دابنێين ليستى أ 300000 سێسه‌د هه‌زار ده‌نگى هێنا، ئه‌وا ئه‌و ليسته (10) كورسى په‌رله‌مانى ده‌باته‌وه. دياريكردنى به‌شه كورسى ليسته‌كان بەپێى ئه‌م هاوكێشه‌يه ده‌بێت : ژماره‌ى ده‌نگه دروسته به‌ده‌ستهاتووه‌كانى ليسته‌كه، به‌شه كورسى ليست = دابەش تێكڕاى هه‌ڵبژاردن، به‌و جۆره به‌شه كورسى ليسته‌كان دابه‌شده‌كرێت.
ده‌گونجێ به جێبه‌جێكردنى ئه‌و هاوكێشه‌يه، كورسى ماوه هه‌بێت، واته كۆى كورسييه‌كانى ئه‌و بازنه‌يه، دابه‌ش نه‌كرێت، له‌و گريمانه‌يەشدا كورسى ماوه هه‌يه، له‌و لاشه‌وه ده‌نگى ماوه‌ى ليسته‌كان ده‌مێنێته‌وه چ كورسيیان به‌ركه‌وتبێت پێشتر يان نا؟ بۆ دابه‌شكردنى كورسى ماوه‌ش، ديسان چه‌ند هاوكێشه‌يه‌ك هه‌يه، له‌وانه (زۆرترين ماوه، به‌هێزترين تێكڕا ، هاگنباخ پيشۆف كۆتا، درۆپ كۆتا، ئيمپريال كۆتا..).
ئه‌وه‌ى په‌يوه‌سته به ياساى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان و په‌يڕه‌وى كۆمسيۆن كه له‌سه‌ره‌وه ئاماژه به ژماره و ساڵيان دراوه، ئه‌و هاوكێشه‌يه‌ى وه‌ريانگرتووە، ساده‌ترين هاوكێشه‌يه، ئه‌ويش زۆرترين ماوه‌يه، به‌پێى ئه‌م هاوكێشه‌يه ئه‌و ليسته‌ى دواى گه‌ڕى يه‌كه‌مى دابه‌شكردنى كورسييه‌كان زۆرترين ده‌نگى ماوه‌ى هه‌بێت، ئه‌وا يه‌كه‌مين كورسى ماوه‌ى پێده‌درێت، به‌و جۆره به‌رده‌وامى ده‌بێت تا ته‌واوى كورسييه ماوه‌كان دابه‌ش ده‌كرێت.
دواى دياريكردنى به‌شه كورسیى ليسته‌كان به‌گوێره‌ى ده‌ره‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردن، ئه‌وا چه‌ند پرۆسه‌يه‌كى ديكه هه‌ن، بۆ دابه‌شكردنى كورسيیه‌كانى هه‌ر ليستێك به‌سه‌ر كانديده براوه‌كانيدا، دواتر چۆنێتى دياريكردنى كۆتاى ژنان و دابه‌شكردنى كورسیى كۆتاى پێكهاته‌كان، ئه‌وانه‌ى له سێ خاڵدا باسيان ده‌كه‌ين:
1 - دياريكردنى به‌ربژێرى براوه‌ى كورسى په‌رله‌مانيى:
دواى دياريكردنى به‌شه كورسیى ليسته‌كان، پرسيارێك دێته پێشەوە، چۆن كانديده براوه‌كانى دياريده‌كرێت؟ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ئه‌م پرسياره، ئه‌وا به‌پێى ياسا و په‌يڕه‌وى به‌ركارى هه‌ڵبژاردن، كورسیى ليسته‌كان ده‌درێته ئه‌و به‌ربژێرانه‌ى زۆرترين ده‌نگيان له ليسته‌كه‌دا هێناوه، واته كورسیى يه‌كه‌م ده‌درێته ئه‌و به‌ربژێره‌ى زۆرترين ده‌نگى هێناوه، كورسى دووه‌م ده‌درێته ئه‌و كه‌سه‌ى دووه‌م زۆرترينى هێناوه و به‌وجۆره.
2 - دياريكردنى كۆتاى ژنان:
ئەگه‌ر له دابه‌شكردنى يه‌كه‌ميى كورسيیه‌كاندا به‌سه‌ر ليسته براوه‌كانى هه‌ر بازنه‌يه‌كى هه‌ڵبژاردندا رێژه‌ى كورسى كۆتاى ژنان دروست بوو، واته ژنان توانيیان له سه‌رجه‌م ليسته‌كاندا به ده‌نگى خۆيان رێژه‌كه به‌ده‌ستبهێنن، ئه‌وا ئه‌و كاته هيچ جۆره جێگرتنه‌وه‌يه‌ك روونادات، به‌ڵام ئەگه‌ر رێژه‌كه دروست نه‌بوو، ئه‌وا به‌شه كورسى هه‌ر ليستێك له كۆتاى ژنان، به‌مجۆره دياريده‌كرێت:
ژماره‌ى ئه‌و كورسيیانه‌ى به‌ده‌ستى هێناوه
به‌شه كورسى كۆتاى ژنانى هه‌ر ليستێك = 3
له‌گه‌ڵ به‌هه‌ده‌ردانى هه‌ر كه‌سرێك له‌و دابه‌شكارييه دروست ده‌بێت ، واته ئەگه‌ر ليستێك 10 كورسى هێنا بێت، ئه‌وا 10 دابه‌شى 3 ده‌كرێت و ئه‌نجامه‌كه‌ش (3.333) ده‌رده‌چێت. كه‌سره‌كه‌ى به‌هه‌ده‌ر ده‌درێت و سێ كورسیى كۆتاى ژنانى به‌رده‌كه‌وێت. ئه‌گه‌ر ئه‌م ليسته سێ كورسیى ژنانى بردبێته‌وه، ئه‌وا جێگۆڕكێى تێدا ناكرێت له‌نێوان به‌ربژێرانى ژن و پياودا.
هه‌ر له په‌يڕه‌وه‌كه‌ى كۆمسيۆندا هاوكێشه‌ى ديكه هه‌ن بۆ پێكهێنانى رێژه‌ى كۆتاى ژنان ئەگه‌ر به‌پێى ئه‌و هاوكێشه‌يه‌ى سه‌ره‌وه رێژه‌كه دروست نه‌بوو، سه‌ره‌تا هه‌وڵ ده‌درێت له‌و ليستانه رێژه‌كه دروستببێت كه براوه‌ى دوو كورسى په‌رله‌مانن ( ئه‌وه‌ش سه‌ره‌تا جێگۆڕكێى براوه‌ى كورسیى دووه‌مى ئه‌و ليسته ده‌كرێت كه كه‌متر ده‌نگى هێناوه له ليستى دوو كورسيیه‌كانى ديكه له به‌رژه‌وه‌ندیى ژنان و به‌و جۆره.. )، ئەگه‌ر رێژه‌كه هه‌ر دروست نه‌بوو، ئه‌وا له ليستى يه‌كبراوه رێژه‌كه دروست ده‌كرێت و جيگۆڕكێ له به‌رژه‌وه‌ندیى ژناندا دەکرێت له‌و ليسته كراوه يه‌كبراوه‌ييه‌ى كه‌مترين ده‌نگى هێناوه و به‌وجۆره .. تا رێژه‌كه پێكدێت.
3 - دابه‌شكردنى كورسیى پێكهاته‌كان:
سه‌باره‌ت به دابه‌شكردنى كورسیى پێكهاته‌كان، جياواز له‌كۆتاى ژنان، هه‌ر كانديدايه‌كى پێكهاته‌كان بتوانێت له ليستێكى كراوه‌دا كورسيیه‌كى گشتى بباته‌وه، ئه‌وا كاريگه‌ریى له‌سه‌ر كۆتاى پێكهاته‌كه‌ى ناكات، به‌ڵكو ئه‌و كورسيیه‌ش له رێگه‌ى كانديدى براوه‌ى پێكهاته‌كه‌وه پڕده‌كرێته‌وه.
هاوكێشه‌ى دياريكردنى براوه‌ى كۆتاى پێكهاته، هاوكێشه‌ى زۆرينه‌يه، واته ئه‌و به‌ربژێره‌ى كۆتا كه له‌سه‌ر ئاستى بازنه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كه زۆرترين ده‌نگى هێنابێت، ئه‌و ده‌بێته براوه‌ى كورسيیه‌كه و نوێنه‌رى كۆتاى پێكهاته‌كه‌ى له‌و بازنه‌يه‌دا.
سوود له‌م سه‌رچاوانه وه‌رگيراوه:
1 - هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان_عێراق ژماره 1ى ساڵى 1991 ى هه‌مواركراو.
2 - په‌يڕه‌وى دابه‌شكردنى كورسيیه‌كان و جێگۆڕكێى ئه‌ندامانى په‌رله‌مانى كوردستان_عێراق ژماره 9ى ساڵى 2024.
3 - د.ربيع انور فتح الباب متولي، النظم السياسية، ط1، منشورات الحلبي الحقوقية، بيروت ، 2013.
* دكتۆرا له ياساى گشتى و
شاره‌زا له رێكخستنى ياسايى هه‌ڵبژاردن
دیمەنی وێستگەیەکی دەنگدانی تایبەت 18/10/2024