وتەی هەفتانەی خوێندنگەکان

09:38 - 2024-10-29
سمکۆ چنارەیی
101 خوێندراوەتەوە

فیدباکی باشترین وتار ئەوەیە کە کاتێک تەواو دەبێت، دڵ و دەروونی خوێندکاران خۆش بکات و بە شەوق و دڵخۆشییەوە بەرەو پۆلی خوێندن بڕۆن

 

وتە یان وتار، داڕشتنی قسەو چەند بابەتێکە کە پێویستی بە هونەری تایبەت بە وتاردان هەیە، بۆ نموونە وتاری تایبەت بە یادێک یاخود بۆنەیەکی نیشتمانی و نەتەوەیی جیاوازە لەگەڵ وتاری گشتی، یان بۆنەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی، ئەوەی لەم نووسینەدا مەبەستە، وتاری هەفتانەی خوێندنگەکانە کە رۆژانی کۆتایی هەموو هەفتەیەک و بە دیاریکراوی پێنج شەممان لە کاتی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و پێش دەستپێکی دەوامی ئەو رۆژە لەلایەن کەسێک لە دەستەی کارگێڕیی یان مامۆستایەک قسە بۆ خوێندکاران دەکرێت، هەرچەندە هێشتا زۆر لە خوێندنگەکان ئەوە فەرامۆش دەکەن و بەبێ ریزبوونی خوێندکاران و وتاردان دەوام و وانەخوێندن دەست پێدەکەن، بۆ ئەوانەشی هەفتانە کۆبوونە بە خوێندکاران دەکەن و وتەیان پێشکەش دەکەن پێویستە ئاگاداری چەند خاڵێک بن لەوانە: نابێت خوێندکار جانتای بە کۆڵەوە بێت و لە کاتی وەرزە گەرمەکاندا لەبەر هەتاو و گەرما رابوەستێنرێت، بۆ زستان و سەرماش بە هەمانشێوە، پێویستیشە باسەکان کورت و سەرنج راکێشبن، وشەی نامۆی وەها بەکارنەیەت کە خوێندکاران لێی تێنەگەن بە زمانێکی سادە و دەستەواژەی ئاسان و روون بەکاربێت، نابێت لەسەر چەندین تەوەر قسە بکرێت، چونکە خوێندکاران بێزار و ماندو دەکات و وەک پێویست پەیام و ناوەڕۆکی وتارەکە وەرناگرن،  جەختکردنەوە لەسەر وشەی گرنگ و چەند بارەکردنەوەی تا لە بیر و هزریاندا بچەسپێت،  نابێت باسی بابەتێکی تایبەت بە چەند خوێندکارێک بۆ هەموو خوێندکاران بکرێت، دیارە بەرزی و نزمی تۆنی دەنگ زۆر پێویستە بە مەرجێک بە دووربێت لە هاوارکردن، شوێنی کەسی وتاربێژ بەهای خۆی هەیە نابێت لە شوێنێکدابێت پشتی لە خوێندکاران بێت، واباشە بەشێوەیەکی گشتیی سەیری سیمای خوێندکاران بکات و بەوپەڕی رووخۆشی و خەندە لەسەر لێوەوە وتار بدرێت، لەبەرئەوەی ئەگەر بەو جۆرەبێت بڕوا بەخۆبوونێکی زۆر لە لای خوێندکاران دروست دەبێت و ئەگەر هەر سەرنج و تێبینییەکیشیان هەبێت بەبێ شەرم و دوو دڵی پرسیارت لێ دەکەن و بەستەڵەکی نێوان خۆیان و وتاربێژ لادەبەن،  فیدباکی باشترین وتاریش ئەوەیە کە کاتێک تەواو دەبێت، دڵ و دەروونی خوێندکاران خۆش بکات و بە شەوق و دڵخۆشییەوە بەرەو پۆلی خوێندن بڕۆن، هەروەک سیسیرۆن دەڵێت: باشترین وتاردەر ئەوەیە کە فێردەبێت دڵی بیسەر شاد دەکات و مێشکی دەگۆڕێت.

وتارەکانی نوسەر