ژانری هۆنراوە لە کتێبی کوردیدا

09:53 - 2025-03-13
سمکۆ چنارەیی
28 خوێندراوەتەوە

 

لەبەرکردنی هۆنراوە بەو جۆرەی ئێستا هەیە لە خوێندنگەکاندا باش نییە، پێویستە بە ئاواز و شێوازێکی هونەریی پڕ لە خۆشی و شادی دەربڕین بوترێتەوە


هۆنراوە بەشێکی گرنگە لە کتێبی زمانی کوردی سەرجەم قۆناغەکانی خوێندندا. هەر لە پۆلی یەکەمی بنەڕەتی تا دوانزەی ئامادەیی، لە کتێبی هەر پۆلێکیشدا چەندین هۆنراوە دیاریکراوە، ساڵانە لە تاقیکردنەوەکاندا نمرەی تایبەتی لەسەرە.
سەرەتا پێویستە ئەوە بزانین لەبەرکردنی هۆنراوە بەو جۆرەی ئێستا هەیە لە خوێندنگەکاندا باش نییە و پێویستە بە ئاواز و شێوازێکی هونەریی پڕ لە خۆشی و شادی دەربڕین بوترێتەوە، ئەویش بە جۆرێک بێت کە چەند دێڕێکی کەم لەبەر بکرێت، نەک تەواوی هۆنراوەکە و ژیانی هۆنەرەکەی، دیارە زۆر کەس لەوبارەیەوە وتوویانە لەو هەموو هۆنراوە کوردی و عەرەبییەی کە ساڵانی خوێندکاریی خوێندویانە، بەڵام ئێستا هیچیان بیر نەماوە و سوودیان لێ نەبینیوە، بە هەرحاڵ ئەو هۆنراوانەی ئێستا لەنێو پرۆگرامەکاندان پێویستیان بە پێداچوونەوە هەیە لەلایەن لیژنەکانی دانانی پەرتوکەکانی خوێندنەوە، لەبەرئەوەی هەندێکیان بۆ قۆناغی بنەڕەتی نابن و لە ئاستی تەمەنی منداڵدا نین، بۆ نموونە هۆنراوەی زانست کە لە پۆلی شەشی بنەڕەتی دەخوێنرێت یەک دوو وشەی تێدایە، هەموو مامۆستایەک درکی پێکردووە کاتێک دەخوێندرێت، خوێندکار هەستێکی نامۆی لەلا دروست دەبێت، هەر لەو کتێبە و لە هۆنراوەیەکی دیکەدا کە بە ناوی کەچا کوردە و بادینییە، سەرەڕای جوانیی و بەهێزیی هۆنراوەکە، بەڵام لەبەرئەوەی تایبەتە بە خوێندنی کچ، پرسیار لەلای خوێندکاری کوڕ دروست دەکات کە بۆچی دەڵێت ئەی کەچا رابە بخوینە دا تو سەربەست هەربژی، بۆچی کوڕ و کچی جیاکردووەتەوە؟
جارێکی دیکە ئەوە دەڵێم هۆنراوەکان لە رووی کێش و سەرواوە زۆر دروست و جوانن، خاوەنەکانیشیان هۆنەری بە ئەزموون و ناودارن، بەڵام مەبەست لە سەردەم و تەمەن و رۆژگاری ئەمڕۆیە کە چ جۆرە هۆنراوەیەک بخرێتە نێو پڕۆگرامی خوێندن، تا بەها پەروەردەیی و رەوشتیی و دڵسۆزی بۆ ژیان و ژینگە بەرجەستە بکەن و لەلایەکی دیکەش بە چ شێوەیەک ئەو هۆنراوانە بە خوێندکار راڤە و لەبەر بکرێت.

وتارەکانی نوسەر