دەربارەی بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر، هەرێمی کوردستانیش وەک بەشێک لە جیهان

10:02 - 2024-10-29
هیوا محەمەد
457 خوێندراوەتەوە

هەر جێگەیەکی ئەم جیهانە، بەدەست بڵاوبوونەوەی ئەم ماددانەوە دەناڵێنێت و سەدان ملیۆن کەس ئاڵوودەی بوون

ماددە هۆشبەرەکان بۆتە کێشەیەکی جیهانی و بەرلەوەی پەیوەست بێت بە یاسا و روبەڕوبوونەوەی و لەناوبردنی، پەیوەستە بە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییەوە وەک نەخۆشییەک کە مرۆڤە تووشبووەکان لە حاڵی ئاسایی خۆی دووردەخاتەوە و خۆی لەبیردەکات و دەچێتە دونیایەکی بێمانا و بێ بەرنامە و بێ ئاگاوە.
وەک ماددەکەش، خۆی دەدات لەشانی بازرگانیکردنی نەوت و زێڕ و خواستێکی زۆری لەسەرە و نرخیشی گرانە، چونکە قاچاخە و زۆر جار دەستی بەسەردا دەگیرێت و لەناو دەبرێت، لەبەر ئەوەش بە ئاسانی ناگاتە دەستی بەکارهێنەرانی، ئەوا لە هەموو جێگەیەکی جیهان گرانە. 
ماددەکان جۆریان هەیە زۆرە لە نەرمەوە تا قورس و کاریگەر خێرا و خراپ، بە گشتی تووشبووان ناتوانن بە ئاسانی دەستبەرداری بن، بەڵام ئەگەر ئیرادەیەکیان هەبێت و لەژێر گوشاردا بن، ئەوا دەکرێت دوور بکەونەوە، هێشتاش بە هاوکاریی حەبی ئارامبوون تا ئەو کاتەی بە تەواوی وازی لێدێنن.
ماددە هۆشبەرەکان و یاسای چەند وڵاتێک
ئەگەرچی ئەفغانستان بە یەکێک لە سەرچاوەکانی بەرهەمهێنانی ئەم ماددانە دادەنرێت، بەڵام ئەمریکا زۆرترینی بەکاربەری تێدایە، بە جۆرێک لە ویلایەتی فیلادلفیا چەندین شەقامی بەناوبانگ بە درێژایی چەند کیلۆمەتر کەسانی تووشبوو لەکەناری ئەو شەقامە دەژین و هەمیشەش بێئاگا و بێ هۆشن.  
لە هۆڵەندە بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر سزای نییە بەمەرجێک رێژەکەی کەم بێت، واتا لەو رێژەیە زیاتر نەبێت کە دیاریکراوە، پۆلیس بتگرێت لێت دەستێتنێت و ناوت دەچێتە لیستی رەشەوە، بەڵام نادرێیتە دادگا و حکومدان، لەوێ تەنها راوەدووی ئەوانە دەنێن کە بازرگانیی پێوە دەکەن و بەرهەمی دەهێنن، واتا لە هەوڵی کەمکردنەوەی سەرچاوەکەیدان، لەهەر جێیەکێش یەکێک لەو باندانە بگیرێت و دەست بەسەر ماددەکاندا بگیرێت، ئیتر لە بازاڕدا بە گشتی نرخی دەچێتە سەر.
لە سوید هیچ بوارێک بۆ رێگەدان بە مامەڵە پێوەکردنی و بەکارهێنانی نییە، لەگەڵ ئەوەشدا بەندەری هێلسینگبۆریی سویدی، گەورەترین سەرچاوەی گواستنەوەی ئەو ماددانەیە بۆ هەموو ئەوروپا.
لەوێ حەشیشە ئازادە
لە وڵاتی چیک لە ساڵی 2023 وە بڕیاریان دا کە حەشیشە(ماریوانە)لە دەرمانخانەکان بەبێ رەچەتەی دکتۆر بفرۆشرێت، تا کەسەکان پەنا نەبەنە بەر ماددە مەترسیدارەکانی تر، ئەمەش وایکردووە کە بە پراغی پایتەخت بووترێت ئەمستەردامی شەرقی.
لە بەلجیکاش بە هەمان شێوە کافێی تایبەت بە کێشانی حەشیش هەیە و ئەوانەی بە رێژەی کەم پێیان بێت تووشی کێشەی یاسایی نابنەوە.
لە فەرەنسا بە پێچەوانەوە بەکارهێنەرانی ماددەکان سزا دەدرێن و رووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە و جگە لە زیندانی کردن تا نزیکەی چوار هەزار یۆرۆش غەرامە دەکرێن بە پێی قورسایی تاوانەکە.
هەریەک لە مەکسیک و ئەمریکا، ئەگەرچی بە توندی بە دوایدا دەگەڕێن و قەدەغەیە، بەڵام زۆرترینی ئەو وڵاتانەن کە لێی بەرهەم دێت و بەکاردێت. 
لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیش هەریەک لە سعودیە، تورکیا، میسر لە زۆرترین ئەوانەن کە ئەو ماددانە تیایاندا بەکارهێنەری زۆرە و بازرگانیشی پێوە دەکرێت.
لە عیراق و هەرێمی کوردستان، کەمترین بەکارهێنەری هەیە لەچاو هەندێک وڵاتی دیکە و بازرگانیپێکردنیشی سنووردارە و لەلایەن یاساوە راوەدوو دەنرێن و دەگیرێن.
هەر جێگەیەکی ئەم جیهانە، بەدەست بڵاوبوونەوەی ئەم ماددانەوە دەناڵێنێت و سەدان ملیۆن کەس ئاڵوودەی بوون، بەڵام سەیر لەوەدایە کە بۆ ناشیرینکردنی رووی سلێمانی لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا، پارتی و سایتە رەسمییەکانی سەر بەوان زیاتر ئەو هەواڵانەیان بڵاودەکردەوە کە گوایە لەسلێمانی بوار خوڵقێنراوە بۆ ماددەی هۆشبەر، ئەمە لە کاتێکدا هێزە ئەمنییەکان بە هەموو جۆرێک رووبەڕوویان دەبنەوە و رێپێدراو نییە.
راستە زمانی زبری بانگەشە دێتە کایەوە و بۆ هەر لایەنێک دەبێت، بەڵام درۆی شاخداری لەو چەشنە دەچێتە قاڵبی بوختانەوە و سومعەی شارەکەشی پێ دەڕوشێت، ئەمە لە کاتێکدا ئیدعای ئەوەیان دەکرد کە دڵسۆزی شارەکەن.
بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان، زۆر جار و لە زۆرێک لە وڵاتان دەکرێتە کارتی بردنەوە لە هەڵبژاردندا، بەوەی کاندیدەکان بەڵێنی نەهێشتنی دەدەن، بەڵام لەبەر ئەوەی وەک نەخۆشییەکی کۆمەڵایەتی هاوشێوەی نەخۆشییەکانی تر، دزەی کردۆتە ناو خەڵکەوە، بەتایبەتی گەنجان، ناتوانرێت بەپێی پێویست ئەو بەڵێنانە بهێنرێنەدی، هەر لەبەر ئەمەشە لە ئەوروپا دەیان رێکخروای فێرکاریی هەن لە خۆبەخش و حکومیی، بە هاوکاریی لەگەڵ خوێندنگەکان، لە هەوڵی پێدانی زانیارین لەسەر مەترسییەکانی ئاڵوودەبوون.
پێویستە لە هەرێمی کوردستان، هەنگاوی پێشوەختە بگیرێتەبەر بۆ رێگریی کردن لە بڵاوبوونەوەی تائاستی دیاردە، ئەمەش بە چەند وەزارەتێک دەکرێت لەوانە وەزارەتی کۆمەڵایەتی، پەروەردە و خوێندن، ناوخۆ، تەندروستی، دەکرێت بە هەموان بەرنامەی داڕێژراوی زانیستاینە دابنێن بۆ نەهێشتنی یان رێگرییکردن لە بڵاوبوونەوەی.

وتارەکانی نوسەر