دیدگای كۆن و نوێی یەكێتی دیدگای دیالۆگ و دانوستان و ئاشتییە، تەنها ئەوەش چارەسەرە
«یان كوردستان یان نەمان» ئەمە وتەی بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە كە بەردەوام لە بۆنەكاندا جەخی لێدەكاتەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتەدایە كە هەمیشە یەكێتی پەیڕەویكردووە و خۆی بە خاوەنی دۆزی كورد زانیوە لەهەر چوار پارچەكەی كوردستان و باوەڕی وایە كورد خاوەنی دۆزێكی رەوایە و دەبێت مافەكانی خۆی پێ بدرێت.
گوتاری ئێستای سەرۆكی یەكێتی گوتارێكی نەتەوەیی و كوردانەیە و كاری بۆ دەكات.
ئەو لە یادی نەورۆزی ساڵی رابردوو پەیامێكی ئاڕاستەی گەلی كورد كرد و داوای خەباتی پێكەوەیی و ئازادكردنی سەركردەكانی گەلی كوردی كرد، بەپێچەوانەی ئەو لایەنانەی كە نان و پیاز بە گوتاری ناسیۆنالیزمەوە دەخۆن و لە راستیشدا دژی پارچەكانی تری كوردستان هەنگاو دەنێن.
هەروەك چۆن سەرۆك مام جەلال پشتیوانی پارچەكانی دیكەی كوردستانی كردووە، تاڵەبانی كوڕیش رێچكەكەی بەرنەداوە و كتومت وەك ئەو پەندە كوردییەی دەڵێت :»گیا لەسەر بنجی خۆی دەڕوێتەوە» هاوكاریی پارچەكانی تری كوردستانی كردووە.
كاتێك رۆژئاوای كوردستان لەژێر هەڕەشەی تیرۆرستانی داعش بوو، سەرۆک بافڵ تاڵەبانی پشتی لە براكانی نەكرد و دەستی هاوكاری بۆ درێژكردن و چەكی بۆ رەوانەكردن.
هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی سەرۆكی یەكێتی وایكردووە دوژمنانی گەلی كوردی نیگەران بن، تەنانەت گەشتە ئاسمانییەكانی توركیا بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی راگیراوە، ئەو وەك یەك پاكێج سەیری دۆزی نەتەوەیی كورد دەكات، پێیوایە دەبێت ئەوان پێكەوە بۆ بەرژەوەندیی گەلی كورد شان بەشان خەبات بكەن، دەڵێت:» كوردستان بەیەك چاو دەبینین».
ئێستا رۆژ بەرۆژ كە خاكی كوردستان لەڕێگەی پارتییەوە رادەستی وڵاتێكی دەرەوە دەكرێت، بەڵام تاڵەبانی كوڕ بووە بە رێگر لەبەردەم ئەجێندای وڵاتانی زلهێز بۆ داگیركردنی خاكی كوردستان لەژێر هیچ گوشار و هەڕەشەیەكدا ئامادە نییە پشت لە كوردزمانانی خۆی بكات و دەڵێت:» شەرم كەن لەخۆتان خاكی پیرۆزی كوردستان تەسلیم دەكەن»..
ئێستاش كە باس و خواستی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا هاتۆتە كایەوە و سەرۆك مام جەلال ئەندازیاری ئەو پرۆسەیە بووە، هەر زوو سەرۆک بافڵ تاڵەبانی لە یادی نەورۆزی ساڵی رابردوو لە پەیامێكیدا ئاڕاستەی گەلی كورد كرد و داوای ئازادكردنی سەركردەكانی گەلی كوردی كرد.
هەموو ئەمانە دەرخەری ئەوەن كە دیدگای كۆن و نوێی یەكێتی دیدگای دیالۆگ و دانوستان و ئاشتییە تەنها ئەوەش چارەسەرە.
لەم باس و خواسەی پرۆسەی ئاشتیدا لە توركیا، یەكێتی دەتوانێت رۆڵی كاریگەر بگێڕێت و توركیاش دەتوانێت سوود لە پێگە و پەیوەندییەكانی یەكێتی وەربگرێت بۆ سەركەوتنی پرۆسەكە، هەربۆیە دەبێت هەمووان پشتیوانیی دیدگای كوڕە گەورەی، گەورەی سیاسەتمەدارەكانی كورد بكەین بۆ ئەوە دۆزی نەتەوەی كورد بگەیەنێتە كەناری ئارامی لە هەر چوار پارچەی كوردستان.