سینەما و جینۆساید

نێوەندی بەرجەستەکردنەوەی زام

10:44 - 2024-11-12
پ.ی.د.دڵشاد مستەفا
64 خوێندراوەتەوە


1 - 2

تێبینیی مرۆڤ سەبارەت بە پەیوەندیی سینەما و جینۆساید، پەیوەندییەکی ئاڵۆزە و پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکی هەمەلایەنە و درێژخایەنە، بۆئەوەی ئەو بەستێن و دۆخ و رەهەندانە بزانێت کە بنەما و رەگەزەکانی ئەم پەیوەندییە بەڕێوەدەبەن، ئەو ئاڵۆزییە بەشێوەیەکە هۆکاری راستەقینەی رەخنەگران لە بیرکردنەوە لەم پەیوەندییە روون دەکاتەوە. هەندێک لە رەخنەگران پێیانوایە هێشتا مرۆڤایەتی بەباشی بیری لەو پەیوەندییە ئاڵۆزە نەکردووەتەوە و هەندێکی تر بەپێچەوانەوە وای دەبینن کە ئەو بزاوتی فیلمسازییەی بایەخ بە چیرۆکەکانی جینۆساید و لێکەوتەکانیان دەدات، بەڵگەی ئامادەیی هزرن لەڕێی سینەماوە و ئەو پەیوەندییە بە زیندویی دەهێڵنەوە.

بەدرێژایی مێژوو تراجیدیا مرۆییەکان کاریگەرییان لەسەر فیلمسازان هەبووە و هانیان داون تا ئەو چیرۆکانە بهێننە سەر سکرین، کە ناکرێت لەیاد بکرێن

کاریگەریی تراجیدیاکان لەسەر فیلمسازان
ئەگەر لەڕوانینێکی سادەشدا لەو پەیوەندییە بڕوانین، دەبینین بەدرێژایی مێژوو تراجیدیا مرۆییەکان کاریگەرییان لەسەر فیلمسازان هەبووە و هانیان داون تا ئەو چیرۆکانە بهێننە سەر سکرین، کە ناکرێت لەیاد بکرێن.
جینۆسایدە گەورەکانی دنیا و ئەو تراجیدیایانەی مێژووی مرۆڤایەتییان شەرمەزار کردووە، ئەو زەبروزەنگ و توندوتیژییانەی لەنێو ئەو هەڵمەتی قڕکردنانەدا هەبوون و ئەو شۆکەی تووشی تەواوی ئەو گەلانەیان کردووە، لە وێنەی سینەمایی کاریگەردا بەرجەستە کراونەتەوە.
لەو دەمەی (Alain Resnais) دۆکیۆمێنترییە ئەزمونگەراکەی (Night and Fog) ی دەربارەی هۆڵۆکۆست لەساڵی 1954 دا بەرهەمهێنا، دەرفەتی وێناکردنەوەی کارەساتە مەزنەکان لەبەردەم فیلمکاراندا هێندەیتر ئاوەڵابوو. مرۆڤەکان بواری وردبوونەوە لە زامەکانییەکدییان بۆ رەخساو ئیدی ئەو ئازارانە بە پەنهانی لەنێو ناخ ویادەوەریی کەسەکاندا نەمایەوە و بووە بەشێک لەیادەوەرییەکی گشتی و هاوبەش بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی، ئەوەی ئەو دەرفەتەی رەخساند، ماس میدیا و پێکهاتەکانی بوون کە هۆشیارانە بەکارهات.
ئەگەر بەوردی تەماشای رەوتی فیلمسازیی دنیا و مامەڵەی لەگەڵ ئەو بابەتانەدا بکەین، دەبینین تا هەنووکە سەرقاڵی گێڕانەوەی ئەو جۆرە لە چیرۆکی تراجیدین، فیلمی «بکوژانی گوڵی مانگ» (2023)ی مارتن سکۆرسێزی، یەکێکە لەو فیلمە نوێیانەی کە بابەتی جینۆسایدی خستەڕوو لە فیلمەکەدا کە لیۆناردۆ دیکاپریۆ و رۆبەرت دی نیرۆ و لیلی گلادستۆن رۆڵی سەرەکیی تێدا دەگێڕن، دەرهێنەر کار لەسەر چاودێریکردنی ژیانی هەندێک کەسی هۆزی ئۆسایج لە ناوچەی ئۆکلاهۆما کردووە. فیلمێکە باس لە جینۆساید و چیرۆکی داگیرکردنی زەوی و زەوتکردنی ماف لە خەڵک دەکات کە لە بیستەکانی سەدەی رابردوودا پەیڕەودەکرا. ئەم بەرهەمە ئەوەمان بەبیر دەهێنێتەوە کە سینەما بەهێزی خۆیەوە لەهەموو رۆژگارێکدا بەرجەستەیە و دەتوانێت رابردوومان بەزیندوویی لە وێنەی سەرنجبەردا بخاتەوەیاد و لێنەگەڕێت ئەو تاوانانەی روویانداوە لەیادبکرێن.

مێژووی خوێنینی ئەم هەسارەیە
بەدڵنیایی، مێژووی جینۆساید گەلێک دوورە و سەرەتاکانی لەگەڵ گەورەبوونی خواستی پاوانخوازیی ئینساندا دەستیپێکردووە، بەڵام ئەو رووداوانەی بە تۆمارکراوی ماونەتەوە، ئێستا جارێکی دی بواری وێناکردنەوەیان بۆ رەخساوە، کەمترن لە رووداوە راستەقینەکانی نێو مێژووی خوێنینی ئەم هەسارەیە.
سەرەتاکانی لەناوبردنی جوولەکەکان لەمێژووی دێریندا و دواتر لەڕیشەدەرکێشانی هیندییە سوورەکان لە ئەمریکا و قەتڵوعامی ئەرمەن لەلایەن تورکیاوە و بۆ پرۆسێسی جینۆساید و لاقەکردنی خەڵکی نانکین لە چین لەلایەن سوپای ژاپۆنەوە و لەدوای ئەوانەش هۆلۆکۆستی جوولەکە لەسەر دەستی نازییەکانی ئەڵمانیا و لەناوبردنی گەلی کەمبۆدیا لەلایەن خمایەرۆژەکانەوە و پاشان ئەنفال و کیمابارانکردنی گەلی کورد و بەکۆمەڵ کوشتنەکانی بۆسنا و جینۆسایدی رواندا و دارفۆر و نەیجیریا و چەندانی تر، پێکڕا مرۆڤایەتی و دامەزراوەکانی بە جینۆساید دەیانناسن.

نە دنیا ئەنفال دەناسێ و  نە کوردیش مافی خۆی داوەتێ
هەموو ئەوانەی ئاماژەیان پێکرا، دەرفەتی وێناکردنەوەیان بەتایبەتی لە سینەمادا بۆ رەخساوە و خودی رووداوەکان و قورسایی ئازارەکانی بە چەندین شێوەی جیاواز و لەجیهانبینیی لێکدی جیاوازەوە وێناکراون، بەتەنها کارەسات و نەهامەتییەکەی کوردە هێشتا ئەو دەرفەتەی بۆ نەڕەخساوە و لەگەڵ هەندێک هەوڵی دەگمەندا، وەلێ نە دنیا ئەنفال دەناسێ و نە کوردیش ئەو هەقەی پێ بەخشیووە، ئیدی پرسیاری ئەوەی بەرپرسیار لەو کەمتەرخەمییە کێیە، ئەوەیان قسەیەکی دیکەیە و پێویستی بە لێوردبوونەوەی زیاترە.
رەنگە ئێستا پرسیاری ئەوە بکەین کە سینەما تا چەند توانستی سەرلەنوێ بەرجەستەکردنەوە یان وێناکردنەوەی ئەم تاوانانەی هەیە؟ ئایا دەتوانێت دواساتەکانی بارودۆخی قوربانی لە وێنەیەکی کاریگەردا بەدنیا بگەیەنیت و چۆن؟ ئایا فیلمێک نییە کە لەڕوانگەی تاوانبارەکەیەوە جینۆسایدەکە بگێڕێتەوە؟ ئایا فیلمەکان گەیشتوونەتە ئەو ئاستەی کە ئەخلاق و یاساگەلێک دابمەزرێنن کە رێگریی لە دووبارەبوونەوەی ئەم چەشنە تاوانە بکات؟ 
رەنگە قسە لەسەر ئەوە هەبێت کە سینەما پەیوەندیی راستەوخۆی بەو شێوازی کارکردنەوە نییە، ئەدی ئەرکی ئەو وەک کایەیەک کە دەشێت هزری مرۆیی کاری گەورەی تێدا بکات چییە؟
هەڵبەتە ساڵانێکی زۆر نێوەندی فیلمسازی دنیا سەرقاڵی بەرهەمهێنانەوەی شێوازە جیاوازەکانی زەبروزەنگە کە دژ بە زۆرینەی کۆمەڵە مرۆییەکان کراون، ئەوان ئیدی لە جوغزی نکۆڵیلێکردن و فەرامۆشی رزگاریان بووە، دنیای ئەوان دنیایەکی رۆشنترە و وێنەکانی روونن و بەرجەستەن.زۆرینەی ئەو تاوانانەی دەرهەق بە گەلانی دنیا کراون، لە وێنەی جووڵاو و بە کواڵتی بەرز و بە توانستی گێڕانەوەی بەهێزەوە خراونەتەگەڕ، بەڵام پرسیاری گرنگ بۆ ئێمە لێرەدا ئەوەیە، ئاخۆ ئەنفال چی لەو کارەساتانەی تر کەمترە وا بەو شێوەیە نەبۆتە جێی سەرنجی دنیا؟ خۆ بەرهەمهێنەرانی ئەو فیلمانەی دەربارەی تاوانەکانی دنیا کراون، خەڵکی سەربە خودی نەتەوەکان نین، بەریتانی و فەرەنسی و ئەمریکاییەکان فیلم و دیکۆمێنتاریان دەربارەی بۆسنا و رواندا و دارفۆر دروستکردووە، ئەدی ئێمە و نەهامەتی و زامەکانمان بۆ لە نیگای ئەوان دووربن؟

کەمدەستیی رەوەندی کورد یان بێباکیی لەدوای راپەڕینەوە؟
ئاخۆ رەوەندی کوردی کەمدەست و کەمتەرخەم بووە لەئاست ناساندنی زامەکانیدا؟ ئەی لەدوای راپەڕین و بەرقەرابوونی حکومەت؟ ئەی دوای رووخانی بەعس و بەگەڕخستنی سەرمایەی بیانی لە هەرێمدا و کردنەوەی دەرگاکانی ئەو وڵاتە بەڕووی وەبەرهێنەرەکان؟!، لە هەموو ئەوانەدا چی بەو زامە گەورانەی جەستەی نیشتمان بڕا؟!. رەنگە هەبن بڵێن ئەوانە بەسەرچوون و ئێستا سەردەمێکی نوێیە و پێویستمان بەوەیە دنیا بەشێوەیەکی تر ئاوڕمان لێبداتەوە، با ئیدی ئەو وێنەی قوربانییە لە سیمای خۆمان بکەینەوە. تەنها وەڵامی خێرا بۆ ئەو جۆرە رایە ئەوەیە کە وێناکردنەوەی بەردەوامی هۆڵۆکۆست و بێدەنگنەبوونی جوولەکەکان لەسەر ئەوەی بەسەریان هاتووە، ئەو دەوڵەتی ئیسرائیلەی ئەمڕۆی دروستکرد کە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەزموونێکی کەم وێنەیە.

وتارەکانی نوسەر