شانیا محەمەد
لە دوای تێپەڕاندنی ساڵێک و چوار مانگ بەسەر پەکخستنی دامەزراوەی پەرلەمانی کوردستاندا، لەلایەن دادگای فیدراڵیی عیراقەوە، گرنگترین کارێک گێڕانەوەی شەرعیەتی پەرلەمانە، ئەویش بە یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانە لە دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن، لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراقەوە کە بە گوێرەی ماددەی سێ لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، دەبێت لەسەر بانگهێشتی سەرۆکی هەرێم لە ماوەی 10 رۆژدا لە رێکەوتی پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەوە کۆبوونەوەی یەکەم ببەستن، ئەگەر بانگهێشتنامەی ئاراستە نەکرا، پەرلەمان بە شێوەیەکی ئاسایی لە کاتژمێر 12:00ی نیوەڕۆی رۆژی دوای ماوەی ئاماژەپێدراو کۆدەبێتەوە.
بەڵام تا ئێستا ئەنجامە رەسمییەکانی هەڵبژاردن لە دوای 14رۆژ لە راگەیاندنی، پەسند نەکراوە، لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراقەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی دواخستنی یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کەواتە هەر لە یەکەمین هەنگاوەوە بۆ دانیشتنی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت ئاستەنگ دروستبووە.
ئەمە لە کاتێکدایە، پێویستە پێکهێنانی کابینەی دەیەمی هەرێمی کوردستان لە دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکان، گەورەترین فراکسیۆنی ناو پەرلەمان ماوەی 90 رۆژی لەبەردەستدا دەبێت بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، هەر بۆیەش لەم ماوەیەدا، سەردان و گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەکانی ناو پەرلەمان دەستپێدەکات، بۆئەوەی لە ماوەی یاسایی دیارییکراودا بتوانرێت حکومەت پێکبهێنرێت.
بە پێی ئەنجامەکان، لەم هەڵبژاردنەدا کورسییەکانی لایەنە سیاسییەکان بەم شێوەیەن: پارتی دیموکراتی کوردستان 39 کورسی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 23 کورسی، نەوەی نوێ 15 کورسی، یەکگرتووی ئیسلامی 7 کورسی، ھەڵوێست 4 کورسی، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 3 کورسی، بەرەی گەل 2 کورسی، بزووتنەوەی گۆڕان 1 کورسی و ھاوپەیمانیی ھەرێمی کوردستان 1 کورسی و پێکهاتەکانیش 5 کورسییان هەیە.
بڕیاری لایەنەکان بۆ چوونەناو کابینەی دەیەمی هەرێمی کوردستان بەم جۆرەیە:
پارتی و یەکێتی بەشداری لە کابینەی دەیەمدا دەکەن، بەڵام جووڵانەوەی نەوەی نوێ مەرجی هەیە، ئەویش ئەوەیە کە پۆستی سەرۆک وەزیران، یان تەواوی پۆستەکانی دیکەیان پێبدرێت، هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان ئامادەن بچنە حکومەتی داهاتووەوە، بەڵام یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و رەوتی هەڵوێست و کۆمەڵی دادگەریی کوردستانی و بزوونتەوەی گۆڕان، رایانگەیاندووە کە ئامادە نین بەشداریی لە حکومەتی داهاتوودا بکەن و بەرەی گەلیش خۆی یەکلایی نەکردۆتەوە.
بەبێ ئەو لایەنانەی کە بە رەسمی رایانگەیاندووە بەشداریی لە حکومەتدا ناکەن، پارتی و یەکێتی و نەوەی نوێ وەک یەکەم و دووەم و سێیەم، بەدوای یەکدا دێن، پەرلەمانی کوردستان لە 100 کورسی پێکهاتووە کە پێنج کورسیی تایبەتە بە پێکهاتەکان، بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان، 50+1 کورسی پێویستە کە هیچ کام لە لایەنە سیاسییەکان بە تەنیا ئەو ژمارەیەی بەدەستنەهێناوە، هەربۆیە هیچ لایەنێک ناتوانێت بە تەنیا حکومەت پێکبهێنێت.
یەکەم سیناریۆ: پێکهێنانی حکومەت لەلایەن سێ یەکەمەکانی هەڵبژاردن پارتی 39 کورسی و یەکێتی 23 کورسی، نەوەی نوێ 15، پێکهاتەکانیش 5 کورسی کۆی گشتی دەبێتە 82 کورسی و دەتواندرێت حکومەت پێکبهێندرێت.
دووەم سیناریۆ: پارتی 39 کورسی و یەکێتی 23 کورسی، پێکهاتەکانیش 5 کورسی کۆی گشتی دەبێتە 67 کورسی و دەتوانن حکومەت پێکبهێنن.
سێیەم سیناریۆ: پارتی 39 کورسی و نەوەی نوێ 15، پێکهاتەکان 5 کورسی، هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان 1 کورسی کۆی گشتی دەبێت 60 کورسی و دەتوانن حکومەت پێکبهێنن.
چوارەم سیناریۆ: پارتی 39 کورسی و یەکێتی 23 کورسی، پێکهاتەکان 5 کورسی، بەرەی گەل 2 کورسی، هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان 1 کۆی گشتی دەبێتە 70 کورسی و دەتوانن حکومەت پێکبهێنن.