حەمەجەزا چۆن هاتە هەولێر و چۆن دەستی بە كاری سیاسی و هونەری كرد

01:15 - 2024-11-27
د. عەبدولواحید ئیدریس
167 خوێندراوەتەوە

حەمەجەزا لەوماوەیەی کە لە شاری هەولێر بووە، بەهۆی گۆرانی و سروودە نیشتیمانی و نەتەوەییەكانییەوە، رووبەڕووی چەندین ئازار و ئەشكەنجە و چەرمەسەری بۆتەوە

دوای ئەوەی هونەرمەندی نەمر حەمەجەزا لە ساڵی 1970 واز لە پێشمەرگایەتی دەهێنێت و لەڕێی مامەخولەی (مەحمود)ی ئاوەڵزاوای دێتە شاری هەولێر، ئاشنایەتی لەگەڵ چەندین كەس دروستدەكات، بەتایبەتی ئەندازیار سلێمان جەبار ئەسعەدی و سەید تەها رەشوانی و لەتیف شاكر‌ و محەمەدی مەلا سەعید ‌و ژمارەیەكی تر، هەموو ئەوانە هاوكاری حەمەجەزا بوون لە نیشتەجێبوونی لە هەولێر و دۆزینەوەی كار و وەزیفە، ئەویش تا لە ژیاندا بوو هەردەم خۆی بەقەرزاری ئەوان دەزانی. 
دۆستە زۆر نزیكەكانی حەمەجەزا بنەماڵەی ئەسعەدی (جەمشید ئەسعەدی، حاكم تەحسین) و جیهانبەخش كۆیی و عیزەدین وەستا خدر و ئەنوەر كەللە و محەمەد مەعصوم و چەندان كەسایەتی تر بوون، هەر لەرێگای ئەو هاوڕێیانەی خۆی بۆ یەكەمجار لە كارگەی جگەرەی هەولێر كار دەكات، دواتر لە پرۆژەكانی پەلەوەر(دەواجن)ی شارەكە بە پلەی نووسەر دادەمەزرێت، پاشان ماڵ و منداڵی دەهێنێتە هەولێر و لە گەڕەكی تەیراوە نزیك مزگەوتی كوێتی نیشتەجێ دەبێت. 
دوای ئەوەی لە ساڵی 1974 دەبێتەوە بە پێشمەرگە، پاشان دوای هەرەس دەچێتەوە ئەو فەرمانگەیە، بەڵام وەریناگرنەوەو پێی دەڵێن تۆ(عائیدون)ی، چەند رۆژێك دواتر لەرێگای(چەتۆی موهەندس)ی هاوڕێی و پارێزەر حەمەسدیق كە ئەمینداری كشتوكاڵ بووە، لە فەرمانگەی كشتوكاڵی هەولێر دادەمەزرێتەوە، تادەبێتە پێشمەرگە لە ساڵی 1981 هەر لەو فەرمانگەیە بەردەوام دەبێت. 
سەرەتای كاری هونەری حەمەجەزا لە شاری هەولێر بۆ ساڵی 1970دەگەڕێتەوە، كاتێك لە یەكێك لە ئاهەنگەكان لە هۆڵی گەل، دەچێتە سەر شانۆ و لەو ئاهەنگە چەند گۆرانییەك پێشكەش دەكات، لە رێگای ئەو ئاهەنگە بۆ یەكەمجار لەهەولێر وەك هونەرمەند دەناسرێت، دواتر یەكەم گۆرانی لەگەڵ كۆمەڵەی هونەر و وێژەی كورد-لقی هەولێر لە ساڵی 1974 لە فیستیڤاڵێك لەبەغدا گۆرانی(بەهار) تۆمار دەكات، گۆرانیەكەش لە شیعری مامۆستا دیلان و ئاوازی هونەرمەند شەوكەت رەشید دەبێت. 
حەمەجەزا لەوماوەیەی کە لە شاری هەولێر بووە، بەهۆی گۆرانی و سروودە نیشتیمانی و نەتەوەییەكانییەوە، رووبەڕووی چەندین ئازار و ئەشكەنجە و چەرمەسەری بۆتەوە، لەوانە لە ساڵی 1975 لەئاهەنگێكدا لەهۆڵی سینەما سیروان كە نووسەر و رۆژنامەنووس عومەر فەرهادی بەڕێوەی دەبات، دەیەوێ شتێك پێشكەش بە جەماوەر بكات، كە ئەوكات بەهۆی نسكۆی شۆڕش تووشی خەم و نائومێدی زۆر هاتبوون، ئەوەبوو مەقامی(شەرتە هەر پێشمەرگە بم تا مردن، سەرم شۆڕ نەكەم لەئاستی دوژمن......)ی پێشكەشكرد، بە جۆرێك سەرجەم ئامادەبووانی ناو هۆڵەكەی هێنایە جۆش و خرۆش، ئاهەنگەكەش لەلایەن تۆمارگەی خەیام تۆماركراوە و رەنگە كاسێتەكەی لەلای كاك جیهانبەخش كۆیی مابێت. 
دواتر لە ئاهەنگێكی تر لە ساڵی 1977 كە ئاهەنگی نەورۆز بوو لە یاریگای هەولێر، چەندین هونەرمەندی گەورەی شارەكە و كوردستان بەشدارییان تێدا كردبوو، حەمەجەزا گۆرانی(بەناز ئەرێ بەناز) پێشكەش دەكات ‌و دواتر لەناو گۆرانییەكە مەقامێك دەڵێت، كە شیعری مامۆستا هێمن بوو دەڵێ:
  
دەمگرێ ئەمما لەگرتووخانە رق ئەستوور ترم
دەمكوژێ ئەمما لەسەر داوا رەواكەی خۆم سوور ترم
لێمدەدا ئەمما بەگژ جەلادەكەم دادێمەوە
كوردم و ناتوێمەوەو ناتوێمەوەو ناتوێمەوە


هەر لەسەر ئەو سروودە لەلایەن دەزگای ئەمنی رژێم لە هەولێر بانگ دەكرێت و لێپێچینەوەی لەگەڵ دەكەن، بەڵام كەسانێك هەبوون لەناو دەسەڵات یان حزبە كارتۆنییە كوردییەكەی سەر بە رژێم، هونەرمەند حەمەجەزایان خۆشدەویست‌ و داكۆكیان لێدەكرد، لەكاتی گیران و سزادانی هەوڵی ئازادكردنیان دەدا. 
هەر لەو ساڵانە و لە ئاهەنگی تر لە هۆڵی گەل بەرهەمێكی سیاسیی پێشكەش بە جەماوەر دەكات، دواتر دائیرەی ئەمن بەوە دەزانن و راستەوخۆ دێن بۆ هۆڵەكە و داوای كاسێتی ئەو ئاهەنگە دەكەن، بەڵام پێش ئەوەی ئەوان بگەن، هونەرمەند عەلی ئەحمەد كە ئەركی تۆماركردنی ئاهەنگەكەی لەئەستۆ بووە، كاسێتێكی تری ئاهەنگەكە ئامادە دەكات، بەبێ ئەوەی سروودەكەی حەمەجەزای تێدابێت و ئەو كاسێتە بە پیاوانی رژێم دەدات، هەر بۆئەوەی تووشی هیچ گرفت و ئازاردانێك نەبێتەوە. 
بەهۆی ئەوەی حەمە جەزا ترسی لە رژێم نەبوو، بەردەوام بوو لە گوتنی سروودی سیاسی ‌و شۆڕشگێڕی، بۆئەمەش چەندجارێكی تر رووبەرووی لێپرسینەوەی دامودەزگاكانی بەعس دەبێتەوە، ئەمجارە لە مانگی نۆی ساڵی 1979لە هەولێر بانگ دەكرێت و دەیبەن بۆ هەیئەی تەحقیقی كەركوك بۆ ماوەی زیاتر لە دوو هەفتە بەندی دەكەن و ئازار و ئەشكەنجەی زۆری دەدەن، دواتر بە هەوڵی پارێزەر حەمەسدیق ئەمینداری كشتوكاڵی هەولێر و عەلی شەعبان ناوێك كە بەڵێندەر و هاوڕێی حەمەسدیق بوو، ئازاد دەكرێت، بەڵام بەڵێننامەی پێ پڕدەكەنەوە بۆئەوەی لەمەودوا وشەی كوردستان و گۆرانی نیشتیمانی نەڵێ.  
حەمەجەزا جگە لەكاری هونەری لەناو شاری هەولێر لە ساڵی 1977ەوە كاری رێكخستن دەكات ‌و لەرێگای قادری حاجی عەلی برای و شەهید جەمال تاهیر  پەیوەندیی بە كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان دەكات و دەبێتە سەرپەرشتیاری شانەیەكی رێكخستن كە سێ كەس بوون، بەناوەكانی(خالید كەركوكی و  عەبدوڵڵا عوسمان و ئەنوەر كەللە)، دواتر هەر لەڕێی براكەی پەیوەندیی بە كاك كۆسرەتەوە دەكات ئەو پەیوەندییە زۆر پتەو دەبێت.
 كاتێك حەمەجەزا دەزانێت پیاوانی رژێم بە دوایدا دەگەڕێن دەچێتە ماڵی ئاوەڵزاوەكەی، چەندرۆژێك خۆی حەشار دەدات تا دەچێتە شاری سلێمانی، هەر ئەوكاتە كاك كۆسرەت ماڵەكەی حەمەجەزا دەگوازێتەوە شوێنی تر، بۆئەوەی بەردەستی رژێم نەكەوێت. حەمەجەزا تا ئەو رۆژەی لە مانگی پێنجی ساڵی 1981 دەبێت بە پێشمەرگە، لە كاری سیاسی و هونەری لەناو شاری هەولێر بەردەوام دەبێت. 
*هاوڕێی نزیكی هونەرمەند حەمەجەزا

نووسەر لەبەردەم ئارامگای هونەرمەند حەمەجەزادا

وتارەکانی نوسەر