چیرۆکی ژنێکی رزگاربوو لە زیندانەکانی سوریا

10:48 - 2024-12-16
نەرمین عوسمان محەمەد
84 خوێندراوەتەوە

ئا/ نەرمین عوسمان محەمەد

 

لەدوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، پەردە لە سەر کۆمەڵێک تاوان و چیرۆکی ستەمی ئەو رژێمە لاچوو، کە زۆر دوورن لە مرۆڤایەتییەوە، یەکێک لەو چیرۆکانەی زۆر جەرگبڕە چیرۆکی «رەشا شەربەچی» یە ، ئەو چیرۆکە بە دوو جۆر هەرای نایەوە، چۆن؟

لێكچوونی ناوەکان

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی چیرۆکەکەی ئەم ژنەدا، هەرایەکی گەورە لە سوریادا بەرپا بوو، چونکە زۆربەی خەڵکی سوریا پێی وابوو ئەو چیرۆکە خەمبارە خاوەنەکەی خاتوو (رەشا شەربەتچی) دەرهێنەری بەناوبانگی سوریایە، تا ئەو کاتەی ئەو خانمە دەرهێنەرە روونکردنەوەی خۆی سەبارەت بە بابەتەکە بڵاوکردەوە و وتی «ئەو ناوە ناوی خانمێکی دیکەیە و تەنها ناوەکانمان لە یەکتری دەچێت و بەهەموو جۆرێک هاوسۆزم لەگەڵ ئەو خانمەدا و دەخوازم لە داهاتوودا چیرۆکەکەی ئەو لەگەڵ هاوشێوەکانییدا بنووسرێتەوە و من بتوانم دەرهێنانی بۆ بکەم».

 

رەشا شەربەچی:
زۆر بە توندیی دووانەکەممنا بە سنگمەوەوە ماچم کردن،چونکە دەمزانی نایانبینمەوە

 

ناوەڕۆکی چیرۆکەکە
بۆ جاری دووهەم ئەو چیرۆکە هەرای نایەوە بە هۆی ناوەڕۆکی چیرۆکەکەوە کەواتە چیرۆکەکەی رەشا-ی زیندانیی چۆن روویداوە؟
 چیرۆکی رەشا-ی زیندانیی لەوێوە دەست پێدەکات کاتێک بە دووگیانیی لەجیاتی هاوسەرەکەی لەگەڵ هەرسێ منداڵەکەی راپێچی زیندان دەکرێن، بەتۆمەتی ئەوەی مێردەکەی دژی دەسەڵات بووە، لەپاش سووکایەتی پێکردنێکی زۆر بە خۆی و منداڵەکانی لە نێو زینداندا و لە دوای تێپەڕبوونی چەندین شەو و رۆژی، بە کەم خۆراکیی و کەم ئاویی و نەبوونی پاکوخاوێنی لە زینداندا، ئەو ژنە ژان دەیگرێت و زۆر بە زەحمەت لە زیندانەوە دەگوازرێتەوە بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی سەر بە رژێـم و دەستێک و قاچێکی بە کەلەپچە دەبەستنەوە بەو سیسەمەوەی منداڵی لەسەر دەبێت، لەدوای ژان و هاوارێکی زۆر بێهۆشی دەکەن، کاتێک چاو دەکاتەوە دووانەیەکی بووە، هێشتا رەشا بە جوانیی سەیری رووخساری کۆرپە تازە لە دایک بووەکانی نەکردووە کە پیاوانی رژێم دێنە بەردەمی و کەلەپچەکەی دەستی لە سیسەمەکە دەکەنەوە و بەو هەموو ئازارەوە سەرلەنوێ دەیگوازنەوە بۆ زیندان. لە پاش تێپەڕبوونی شەو و رۆژێک بەسەر لەدایک بوونی منداڵەکانیدا بەرپرسانی زیندانەکە دێنە لای رەشا و پێیدەڵێن:«دوای لە دایک بوونی دووانەکەت ئیتر بۆ تۆ قورس دەبێت چاودێری کردنی پێنج منداڵ لە نێو زینداندا، بۆیە ئەم سێ منداڵەی دیکەت دەبەینە یەکێک لە لانەی بێ دایک و باوکان» هەرچی دەگری و هاوار دەکات و دەپاڕێتەوە کەس وەڵامی رەشا ناداتەوە و منداڵەکانی لێ دەستێنن و پێی دەڵێن: «چونکە ئەو هەموو هات و هاوارەت کرد ناهێلین هیچ پەرستارێک بێت و چارەسەری برینەکانی دوای منداڵ بوونەکەت بکات» ئیتر رەشا بەو دڵە تەنگەوە بەرگەی ئازارەکانی جەستەشی دەگرێت تا ئەو کاتەی دوو رۆژ دوای بردنی منداڵەکانی بۆ لانەی بێ دایک و باوکان دووبارە دێنەوە لای و ئەمجارەیان بە ناوی کوتانەوە منداڵە دووانەکەشی لێ دەسێنن، رەشا دەڵێت «زۆر بە توندیی دووانەکەمم نا بە سنگمەوەوە ماچم کردن، چونکە دەمزانی نایانبینمەوە» هەستەکەی رەشا راست دەبێت و هەر بۆ رۆژی دوایی پێی رادەگەیەنن کە دووانەکەشیان بردۆتە هەمان لانەی بێ دایک و باوکان کە خوشک و براکانیانی لێیە، لەوێوە ئیتر بە تەواوی ژیان لەلای رەشا تاریک دەبێت، کاتێک رژێمی ئەسەد دەڕووخێت و رەشا لە زیندان ئازاد دەکرێت یەکسەر دەچێتە ئەو لانەی بێ دایک و باوکانە کە منداڵەکانی لێن و دەیانگرێتەوە باوەش، بەڵام مەخابن هیچ کام لە منداڵەکانی نایناسنەوە، ئەو دایکە ستەملێکراوە ئێستا وێڕای خۆشبەختی بە گەڕانەوەی منداڵەکانی سەرقاڵی راهێنانەوەیانە زۆر بە گرانی بۆ سەرلەنوێ ناسینەوەی دایکیان.

چیرۆکی ژنە زیندانییەکانی خۆمان
راستە چیرۆکی رەشا چیرۆکێکی زۆر سەختە، بەڵام ئێمەی ژنانی باشووریش بە سەدان چیرۆکی لەو جۆرەمان هەن بە دەستی رژێمی پێشوو بەرامبەر بە ژنانمان کراون، کە شایستەی یادکردنەوە و باسکردنی زیاتر و رێزلێنانی گەورەی خانمانی پاڵەوانی ئەو چیرۆکانەن.   

 

وتارەکانی نوسەر