منداڵ و چەک

10:43 - 2025-06-15
نەرمین عوسمان محەمەد
73 خوێندراوەتەوە

لە هەرێمی کوردستان خاوەندارێتیی چەک بەپێی یاسای ژمارە 2 ی ساڵی 2022 بە کۆمەڵێک مەرج رێکخراوە، لەپێناوی پاراستنی سەلامەتیی تاک و کۆمەڵگەدا، بە جۆرێک لەناو ماڵدا خاوەندارێتی چەک مۆڵەتەکەی بۆ ماوەی تەنها دوو ساڵ دەبەخشرێت بە کەسێک، بە مەرجی ئەوەی کە مۆڵەت پێدراو بۆی نییە چەکەکەی لە دەرەوەی ماڵەکەیدا هەڵبگرێت و پێویستە دوای دوو ساڵ مۆڵەتەکەی نوێ بکاتەوە، سەبارەت بە مۆڵەت پێدانی هەڵگرتنی چەک لە دەرەوەی ماڵدا، ماوەکەی تەنها بۆ ساڵێکە و دوای ئەوە هەڵگری چەکەکە پێویستە مۆڵەتەکەی نوێ بکاتەوە، ئەوانە مەرجە گشتییەکانی هەڵگرتنی چەکن ئەگەرنا لە ناواخندا چەندین مەرجی وردتر داڕێژراوە لە رووی یاساییەوە، لەوانە: (هەڵگری چەک پێویستە عیراقی بێت و 25 ساڵی تەواو کردبێت، خاوەن ناوبانگ و رەوشتێکی باش بێت و حوکم نەدرابێت، هیچ جۆرە تاوان یاخود کەتنێکی ئابڕوبەری نەکردبێت و لەڕووی جەستەیی و عەقڵیشەوە شایستەی هەڵگرتنی چەک بێت.)
ئەم مەرجانە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی هەرێمەوە داڕێژراون، بەڵام ئایا خاوەندارێتی و مۆڵەتی هەڵگرتنی چەک لە واقیعدا ئەم یاسایانەی تێدا پەیڕەو دەکرێت؟ لە وەڵامدا دەڵێین: بەداخەوە نەخێر، لەبەرئەوەی هەموو تاکێک دەتوانێت بە ئاسانی چەک دەستەبەر بکات و یەکێک لە قوربانیانیش منداڵانن، تا ئەو ئاستەی لەم ساڵانەی دواییدا، ژمارەیەک لە منداڵان بەهۆی دەستکاریکردن و یاریکردن بە چەکەوە گیانیان لە دەستداوە، لە کاتی ئامادەکردنی ئەم بابەتەدا، پەیوەندیمان بە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانییەوە کرد بۆ دەستکەوتنی ژمارەی ئەو منداڵانەی ساڵانە بەهۆی چەکەوە گیانلەدەست دەدەن، بەڵام بەهۆی جیانەکردنەوەی قوربانیان لەکاتی تۆمارکردنیاندا لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیس، نەمانتوانی ئامارێكی قوربانیانی منداڵمان دەستبکەوێت، بەڵام لە واقیعدا ئەو حاڵەتانە دەبینرێت.
هاوکات لەگەڵ گەڕان بە دوای ئامارەکاندا هەوڵماندا لە هۆکارە دەرونییەکانی بەکارهێنانی چەک لەلایەن منداڵانەوە بکۆڵینەوە، د.كەریم شەریف قەرەچەتانی سەبارەت بەو بابەتە وتی: لە یەکێک لە بەندەکانی پاراستنی مافی منداڵاندا هاتووە نابێت منداڵ تا دەگاتە تەمەنی 18 ساڵ، بەهیچ شێوەیەک چەک هەڵبگرێت، هەروەها نابێت منداڵ بەهیچ شێوەیەک لە ململانێی چەکدارییدا بەکاربهێنرێت، بەڵام کێشەکە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ئەوەیە، کاتێک دایک و باوک چەکدار دەبن و لە ماڵەوە چەکیان هەیە، بەو واتایەی گەورەکان بەرپرسیارن لەوەی منداڵان فێری دەستکاریکردنی چەک ببن یاخود بەکاریبهێنن، لەوانەیە منداڵەکە وەک یارییەک بڕوانێتە ئەو چەکە.
هەندێکجار خێزانەکان وێنەی منداڵەکانیان بە چەکەوە دەگرن ئەمەش هۆکارێکی دیکەی هاندەرە بۆئەوەی منداڵەکە دەستکاری چەک بکات، هاوکات تەماشاکردنی فیلمە جەنگییەکان لەگەڵ منداڵدا هۆکارێكی دیکەیە، هەروەها یارییە ئەلیکترۆنییەکانی هاوشێوەی پۆپجی کە براوە تێیدا ئەوکەسەیە زۆرترین یاریکەر بکوژێت هاندەر دەبێت بۆ توندوتیژیی منداڵ و بەکارهێنانی چەک، لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت بەرپرسی یەکەم لە بەکارهێنانی منداڵ بۆ چەک گەورەکانن، لەبەرئەوەی منداڵ لاسایی گەورەکان دەکاتەوە. لەبەرئەوە پێویستە بە شێوەیەکی یاسایی هەوڵ بدرێت رێگە لە بەکارهێنانی چەک لەلایەن منداڵانەوە بگیرێت، بۆئەوەی چیدیکە منداڵێك بە هەڵە خۆی یان کەسێکی دیکە نەکوژێت.
لەپێناو ئەوەی چیتر منداڵان نەبنە قوربانیی دەستکاریکردنی چەک، پێویستە هەوڵبدرێت هەڵمەتێکی هۆشیاریی فراوان لەسەر ئاستی خوێندنگەکان، میدیا و رێکخراوەکانی منداڵان رێک بخرێت بە مەبەستی رێگریی لە تیاچوونی منداڵان لە رێگەی چەکەوە، لەبەرئەوەی منداڵان سامانی داهاتووی نەتەوەکەمانن.

وتارەکانی نوسەر