شێخ مەحمود لە ساڵی 1922پرۆژەی کردنەوەی زانکۆی هەبووە، بەڵام پرۆژەکەی بەهۆی بارودۆخی سیاسیی ئەوکاتەوە بەردەوام نەبووەو لەباربراوەو شێخیش ناچاربووە سلێمانی بەجێبهێڵێت
لە دوای ئەوەی شێخ مەحمودی حەفید نێوانی لەگەڵ داگیرکاری بەریتانی تێکچووەو شەڕو هێرش لە نێوانیاندا هەڵگیرساوەتەوە، بەهۆی نابەرانبەری هێزی لەشکری کوردستان و سوپای بەریتانیاوە، لە ئەنجامدا لەشکری کورد سەرکەوتوو نەبووەو شێخی حەفیدی فەرماندەی لەشکرەکەش لە رۆژی 18/6/1919لە دەربەندی بازیان بە برینداری دەستگیرکراوە.
لەدوای دەستگیرکردنی رەوانەی دوورگەکانی هیندستان کراوەو ماوەیەک لەوێ دەستبەسەر بووە، پاشان لەژێر فشاری جەماوەردا، داگیرکەری بەریتانی ناچاربووە شێخ بگەڕێنێتەوە بۆ کوردستان، شێخی حەفید لەوماوەیەدا کە دووربووە لە خاکی نیشتمان زۆر وڵات و خەڵکی جیاوازی بینیوەو زیاتر دواکەوتوویی میللەتەکەی بۆ دەرکەوتووە، هەربۆیە لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ سلێمانی لە رۆژی 22 ی ئەیلولی 1922دا، بڕیاری دانانی بناغەی زانکۆیەکی لە شاری سلێمانیدا هەبووە.
لەکاتی پێشوازیکردنی شێخ مەحمود لەلایەن پیاوە گەورەکانی ئەو رۆژگارەی کورد و عەرەبەوە، یەکێک لەو کەسایەتیانەی هەر لە کفری و وێستگەی شەمەندەفەری کنگربانەوە لە پێشوازی شێخدا بووە، مەلا ئەحمەدی فورقانی رۆژبەیانی بووە، دوای گەیشتنەوەیان بە سلێمانی، شێخ رووی کردوەتە مەلا ئەحمەد و پێیوتووە: دەمەوێت خوێندنگەیەکی گەورە لە ئاستی زانکۆکانی وڵاتانی ئیسلامیدا لە مزگەوتی گەورەی سلێمانیدا بکەمەوە، بۆ ئەو مەبەستەش جەنابتان و چەند زانایەکی ترم هەڵبژاردووە ببنە مامۆستای ئەو خوێندنگە و لە ئێستاوە هەریەکە و لە گۆشەیەکی مزگەوتی گەورەدا دەست بکەن بە وانەوتنەوە.
مەلا ئەحمەدی رۆژبەیانی وتویەتی: قوربان من ماڵم لە کەرکوکە و خاوەن ماڵ و مناڵ و ئیشوکارم، ناتوانم بێمە سلێمانی و دەستبەرداری مزگەوت و ژیانی ماڵ و مناڵم ببم. لەگەڵ ئەوەشدا شێخ سوور بووە لەسەر داواکەی، ناچار مەلا ئەحمەد داوای مۆڵەتی20 رۆژی لێکردووە هەتا بگەڕێتەوە ماڵەوەو ئیشوکارەکانی رێکبخات و ئەوکاتە بگەڕێتەوە بۆ سلێمانی و خۆی تەرخان بکات بۆ وانەوتنەوە لە مزگەوتی گەورەدا. مامۆستا محەمەد جەمیل رۆژبەیانی دەگێڕێتەوە کە باوکی لە سلێمانییەوە گەڕاوەتەوەو مەلا محەمەد ئەمینی کوڕی کردووە بە مامۆستا و وانەبێژی مزگەوتی گوندەکەیان و ئیشوکاری ماڵ و مناڵی خستوەتە ئەستۆی و دوای ئەوە گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی.
هەڵبژاردنی زانا گەورەکانی ئەو رۆژگارە لەلایەن شێخەوەو دیارییکردنی مزگەوتی گەورە بۆ ئەو ناوەندە زانستییە، شێخی حەفید ویستویەتی بناغەی زانکۆیەکی وەک ئەزهەر و قەیرەوان و زەیتونە لە شارەکەیدا دابنێت و هەنگاو بە هەنگاو گەشەی پێبدات، چونکە ئەو زانکۆیانەش سەرەتا خوێندنگەی ئایینی بوون و بەپێی تێپەڕینی کات و رۆژگار گەشەیانکردووەو بوونەتە زانکۆی گرنگ لەسەر ئاستی جیهان. زۆرجار ئەو پرسیارە دەکرێت، بۆچی ناوەندە زانستییەکانی گەورەی کوردستان وەک سلێمانی و بیارەو قەرەداغ و ماوەران و شوێنەکانی تر وەک ئەزهەر نەبوونە ناوەندی گرنگی زانستی و زانکۆ؟، بێگومان مامۆستا و دەرچووەکانی ئەم خوێندنگایانە لەڕووی ئاستی زانستییەوە لە زانایانی جیهانی ئیسلامی ئەگەر گەورەتر نەبووبن، ئەوا بێگومان لە ئاستی ئەواندا بوون!. یەکێک لەبەربەستەکانی بەردەم گەشەکردنی ناوەندە زانستییەکانی کوردستان نالەباری هەلومەرجی سیاسی و نائارامی ناوچەکە بووە، هەر بۆ نموونە شێخ مەحمود لە ساڵی 1922پرۆژەی کردنەوەی زانکۆی هەبووە، بەڵام پرۆژەکەی بەهۆی بارودۆخی سیاسی ئەوکاتەوە بەردەوام نەبووەو لەباربراوەو شێخیش ناچاربووە سلێمانی بەجێبهێڵێت و رووی کردوەتە گوند و ناو چیاکانی کوردستان.
یەکێک لەو کەسانەی مێژوو ستەمی لێکردووە شێخ مەحمودی حەفید بووە، زۆرجار ئەوانەی شرۆڤەی سەرنەکەوتنی شۆڕشەکەی دەکەن، ئاماژەیان بەوە کردووە کە تێگەیشتنی سیاسی شێخ لە ئاستی هەلومەرجی رووداوەکانی ئەو رۆژگارەدا نەبووە، لەبەرئەوە نەیتوانیووە پێشهاتە سیاسییەکان لەبەرژەوەندیی گەلەکەی بقۆزێتەوە. ئەم شرۆڤە و بۆچوونانە لۆژیکی نین و ئەو کەسانەی ئەو لێکدانەوانە دەکەن خوێندنەوەی وردیان بۆ مێژووی شێخ مەحمود و شۆڕشەکەی نەبووە، ئەگەرنا بەپێی هەلومەرجی ئەوکاتە شێخ توانیویەتی مامەڵەی پێویست لەگەڵ پێشهاتەکاندا بکات، لەیەکەم رۆژی هاتنی داگیرکەری بەریتانییەوە شێخ وەفدی ناردووەتە لایان لە کفری، دوای چەند رۆژێک لە داریکەلی پێشوازی لە مەیجەرنۆئیل کردووەو رێکەوتنی لەگەڵدا مۆر کردووە. کەسێک لە ساڵی 1922بیرۆکەی کردنەوەی زانکۆی هەبووبێت، کە لە ناوچەکەدا هیچ زانکۆیەک بوونی نەبووە، بێگومان ئەم هەنگاوە جێگەی لەسەر وەستان و نرخاندنە.
لە دوای ئەوەی شێخ بێهیوا بووە لە سەرکەوتنی جووڵانەوەکەی، زۆر بە وردی هۆی شکست و سەرنەکەوتنی شۆڕشەکەی دیارییکردووەو لە چەند دێڕە شیعرێکیدا دەڵێت:
مودەتێ عومرم بە تاڵان چوو لە سووچ و قوژبنا
پێمەلەم زۆر کرد لەبەر ئیمان لە بەحری بێ بنا
شاهبازێ بووم لە مەیدانی شکاری دوژمنا
جەهلی میللەت بۆ زیلەت هات بەسەر شانی منا
شێخی حەفید لەم چوارینەدا هۆی شکست سەرنەکەوتنی شۆڕشەکەی روون دەکاتەوە دەڵێت: هۆی ئەم شکست و سەرنەکەوتن و ژێردەستەیە بەرۆکی گرتووین، هەموو بەهۆی نەخوێندەواری و دواکەوتوویی و نەزانی میللەتەوە بووە، هەربۆیە لە کاتی گەڕانەوە لە ئەسارەت یەکەم بڕیاری کردنەوەی ناوەندێکی خوێندەواریی گرنگ بووە، چونکە تەنها خوێندن و زانستی بەهۆی سەرکەوتن و پێشکەوتن و سەربەستی میللەتەکەی زانیوە.
لە هەمانکاتدا ئەو هەموو ناخۆشی و ژێردەستەیی و داگیرکاریەی بەسەر کورد هاتووە هەمووی گێڕاوەتەوە بۆ نەزانین و نەخوێندەواری، بەلای شێخەوە خەباتی زانست لەپێش خەباتی سیاسی و شۆڕشی چەکدارییەوە بووە، ئەمەش لەدوای ئەوە هاتووە کە ئەزموونی خەباتی سیاسی و چەکداری تاقیکردوەتەوەو سەرکەوتوو نەبووە، هەرچەندە خۆی و لەشکرەکەی، بە شابازی مەیدانی هێرش و شاڵاوی سەربازی وەسفکردووە، بەڵام بەهۆی نەخوێندەواری و دواکەوتووی میللەتەوە نەتوانراوە سەرکەوتن بەدەستبهێنن و خواستەکانی میللەت دەستەبەر بکەن.