ئەگەر سەیرێکى مێژووى فەرهەنگى گەلانى ناوچەکە بکەین، کورد زۆر دواى ئەو گەلانە بە زمانى نەتەوەیی خۆى دەستى بە نووسین کردووە بەتایبەتى پەخشان، فارسەکان هەر لە کۆنەوە بە زمانى خۆیان شیعر و ئەدەب و نووسینیان هەبووە، لەدواى دروستبوونى دەوڵەتى عوسمانیش زمانى تورکى بۆتە یەکێک لە زمانەکانى نووسین و کارگێڕیی ناوچەکە، لەگەڵ هەبوونى دەسەڵاتێکى گەورەى وەک عوسمانیشدا، بەڵام زمانى فارسى هەژموونى خۆى لە دەستنەداوەو لە دامودەزگاى ئەو دەوڵەتەدا بەکارهاتووە، زمانى عەرەبیش بەهۆى قورئانى پیرۆز و ئایینى ئیسلامەوە لە هەموو وڵاتانى مسوڵماندا گرنگى و بایەخى زۆرى پێدراوە، بەڵام ئەوەى جێگەى سەرنجە زمانى کوردى زۆر درەنگ بۆتە زمانى نووسین.
لە دواى بڵاوبوونەوەى ئایینى ئیسلام سەدان خوێندنگەى ئایینى لە کوردستاندا کراونەتەوە، ئەمەش بۆتە هۆى دەرکەوتنى سەدان زاناى گەورە لە بوارى زمانى عەرەبى و زانستەکانى ئیسلامدا، لەگەڵ نووسینى سەدان دانراو لە بوارەکانى زمانەوانى عەرەبیدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆر درەنگ نووسینى پەخشان بە زمانى کوردى دەستیپێکردووە، هۆى ئەمە چیبووەو بۆچى دەگەڕێتەوە؟ لەمبارەیەوە بەشێک لە لێکۆڵەران و مێژوونووسانى بوارى زمانى کوردى راوبۆچوونى جیاوازیان هەیە و هەریەکە و هۆیەکەى گێڕاوەتەوە بۆ کۆمەڵێک بەربەستى خودى و بابەتى، لەوانە:
یەکەم: زمانى کوردى زمانى نووسین نەبووە
هەندێک لەوانەى گرنگی بە لێکۆڵینەوەى زانستى دەدەن لەبارەى زمانى کوردى و مێژووى نووسین بەم زمانە، پێیانوایە لەدواى بڵاوبوونەوەى ئایینى ئیسلام لە کوردستان و دەرکەوتنى توێژى خوێندەوارى کورد، لەبەرئەوەى پێشتر زمانى کوردى زمانى نووسین نەبووە، نەتوانراوە ئەم زمانە بکرێتە زمانى نووسین و گەشەى پێبدرێت.
لەبەرامبەر ئەوەدا کە هەر لە کۆنەوە زمانى فارسى زمانى نووسین و شیعر بووەو نزیک بووە لە زمانى زمانى کوردیەوە، مەلا و فەقێى کورد ئەو زمانەیان کردۆتە زمانى نووسین و ئەدەب و هەندێک لە بابەتە ئاینییەکان، تەنانەت لە دەسپێکى خوێندنى حوجرە هەندێ وردە کتێبى فارسی خوێندراوە، لە قۆناغێکى پێشکەوتووترى خوێندندا (گوڵستان) و (بوستان)ى شێخى سەعدى خوێندراوە، هەر لێرەوە دەستەى خوێندەوار و شاعیرانى کورد کەوتوونەتە ژێر هەژمونى زمانى فارسیەوە.
دووەم: لە ژێر هەژموونى زمانى عەرەبى و فارسیدا بووە
لە نێو خوێندنگە ئاینییەکانى کوردستاندا زمانى عەرەبى بە چڕوپڕى خوێندراوە، ئەمەش بۆ تێگەیشتن بووە لە سەرچاوەکانى ئایینى ئیسلام کە بە زمانى عەرەبى بوون، لە هەمان کاتدا لە کوردستاندا زمانى فارسى بووەو هەر لە کۆنەوە لە ناوچەکەدا زمانى شیعر و ئەدەب و شانامە بووە، ئەم دوو زمانە هەژموونى زۆریان بەسەر دەستەى خوێندەوارى ئەوکاتەى کوردا هەبووە، ئەمەش وایکردووە گرنگى پێویست بە زمانى کوردى و پێشخستنى نەدەن.
سێیەم: کاریگەرى مەزهەبى ئیمانى شافیعى
لەگەڵ دەرکەوتنى مەزهەبە فیقهییەکاندا کورد پابەندى مەزهەبى ئیمامى شافیعى بووە، مەزهەبى ئیمامى شافيعى زۆر جەخت لە زمانى عەرەبى دەکاتەوە، تەنانەت بەجێهێنانى ئەرکە ئاینییەکانى بە زمانى عەرەبى بە پێویست داناوە، بەدرێژایی مێژوو، مەلاى کورد وتارى هەینى بە زمانى عەرەبى خوێندوەتەوە، هەتا سەرەتاکانى سەدەى بیستەم هەندێک گۆڕانکاریى روویداوەو یەکێک لە وتارەکانى هەینى کراوەتە کوردى. هەتا ئێستاش لە زۆرێک لەناوچە کوردییەکان مەلاى کورد پابەندن بە وتارى عەرەبیەوە، زۆرێک تر لە ئەرکەکانى ئایین بە عەرەبى جێبەجێدەکەن، بێگومان ئەمەش کاریگەریی هەبووە لەسەر گرنگى نەدانیان بە زمانى کوردى، بەڵام بۆچى مەلاى کورد لە حوجرەدا فارسى خوێندوەو گوڵستان و بوستانى شرۆڤە کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا بە زمانى فارسى بوون و زمانى قورئان و سونەت نەبووە؟ ئەمەش ئەو بۆچوونە لاواز دەکات کە پێیانوایە مەلاى کورد زمانى نا عەرەبى بە نادروست زانیوە.
چوارەم: نەبوونى دەوڵەتى کوردى
ئەوانەى نەبوونى نووسین بە زمانى کوردى هەر لە کۆنەوە دەگێڕنەوە بۆ نەبوونى دەوڵەت و دەسەڵاتى سیاسیی کوردى، ئەمانە دەوڵەت و دەسەڵات بە فریادڕەس و خەمخۆرى نەتەوەو نیشتمان دەزانن، ئەوان پێیانوایە دەوڵەت هەموو شتێکە و دەتوانێت زمانێکى تایبەت بکات زمانى رەسمى و کارگێڕیی و زمانى خوێندن و ئەدەب.
ئەم بۆچوونە راستە کە دەوڵەت دەتوانێت زمانى رەسمى بسەپێنێت و گرنگى پێبدات و پێشبخات، ئەمە جگە لەوەى کە خەڵکى وەکو وتە عەرەبیەکە دەڵێت: (خەڵکى لەسەر ئایینى پاشاکانیان) بوونى دەوڵەتى بەهێز دەبێتە هۆى پێشخستن و گەشەکردنى و نەتەوەو زمان و کەلتورەکەى.
هەرچەندە کورد لە سەدەکانى دواییدا میرایەتى و دەسەڵاتى ناوچەیی هەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا میرە کوردەکان گرنگیان بە زمان و کەلتور و مێژووى نەتەوەکەیان نەداوە، تەنانەت بە زمانى فارسى و تورکى و عەرەبى نامە و شیعر و دانراویان داناوە، لە ساڵى 1853دا کاتێک رۆژهەڵاتناس (ئەلێکساندر خۆدزکۆ) پرسیارى لە دوا میرى بابان ئەحمەد پاشا کردووە. کێ هەیە هاوکاریم بکات زانیارى لێوەرگرم لەبارەى زمانى کوردییەوە؟ میرى بابان وتویەتى: مەلا خدرى نالى کە زیاتر بە نازناوەکەیدا ناسراوە (نالى) زۆر شارەزایە لە زمانى کوردى و کتێبێکى لەبارەى زمانى کوردییەوە داناوە، ئەم قسەى میرى بابان بەڵگەیە کە گرنگیدان بە زمانى کوردى خەمى میرە کوردەکان نەبووە، بەڵکو تەنها خەمى تاکە کەس و کەسانى هۆشیارى وەک نالى بووە، ئەم هەوڵانەش نەیتوانیوە زمانى کوردى بکاتە زمانى کارگێڕیی میرایەتیە کوردییەکان.
پێنجەم: هەستى دەروونى و خۆ بەکەمزانین
بەهۆى هەژموونى زمانى فارسى و ئەو دەسەڵات و هەژموونەى فارسەکان هەیانبووە هەر لە کۆنەوە لەلایەک، لەلایەکى ترەو زمانى عەرەبى کە زمانى قورئانى پیرۆزەو زمانى وڵاتان و شارستانیەى ئیسلامى بووە، لەبەرامبەر ئەو دوو زمانە گرنگەدا، تاکى کورد هەستى خۆبەکەمزانینى لا دروستبووە، هەمووکات شانازى کردووە کە بە زمانى فارسى یان عەرەبى بنووسێت، بەڵام شانازى بە زمانى زگماگى خۆیەوە نەکردووە، هەتا ئێستاش بەلاتانەوە سەیر نەبێت هەندێک لە بنەماڵە دەستڕۆیشتووەکانى هەولێر و سنە، بە زمانى تورکمانى یان فارسى قسە بکەن، بۆئەوەى زیاتر شارى بوونى خۆیان بۆ کەسانى بەرامبەر دەربخەن.
شەشەم: کەم دەرەتانى توێژى خوێندەوارى کورد
توێژى خوێندەوارى کورد کە دەرچووى مزگەوتەکان بوون و جگە لە زمانى عەرەبى و فارسى بابەتى ترى زمانەوانیان نەخوێندەوە، ئەو دەرەتان و توانایەیان نەبووە کە بناغەیەک بۆ نووسین بە زمانى کوردى دابنێن و پیت و رێنووسى کوردى دابڕێژن، ئەمەش یەکێکى تر بووە لەو هۆیانەى نووسینى پەخشانى بە زمانى کوردى دواخستووە، لەوانەیە خوێنەر ئەو پرسیارەى لا دروست بێت، ئەى ئەوە نییە شیعریان بە زمانى کوردى نووسیوە، شیعر نووسین بە زمانى کوردى بووە، بەڵام بە ئیملا و پیتى عەرەبى نووسراوە، ئێستاش سەیرى دەستنووسە کۆنەکان بکەین ئەو راستیەمان بۆ روون دەبێتەوە.
حەوتەم: زمانى کوردى زمانى ئەدەبى باڵا نەبووە لەلایان
کاتێک نالى بە زمانى کوردى شیعرى نووسیوە ئەو رەخنەیەی لێگیراوە کە زمانى کوردى زمانى شیعرى میللییە، نابێت بەو زمانە شیعر بنووسرێت، نالى گەورە زۆر توند وەڵامى ئەوانەى داوەتەوە کە ئەو بۆچوونەیان هەبووەو وتویەتى:
کەس بە ئەلفازم نەڵێ خۆ کوردییە و خۆ کردییە
هەرکەسێ نادان نەبێ خۆى تالبى مەعنا دەکات.
بێگومان ئەو رەخنەى لە نالى گیراوە رەگوڕیشەى کۆنى هەبووەو لەوساتەدا دروست نەبووە کە ئاڕاستەى نالى کراوە، دەستەى خوێندەوارى کوردى بەلایەوە وابووە کە زمانى عەرەبى خاوەنى رەوانبێژى و رێزمانە، کەواتە لە توانایدا هەیە وێناى شیعرى و ئەندێشە و واتاى بەرز بخوڵقێنێ، زمانى فارسیش بەهەمان شێوە، بەڵام زمانى کوردى کە هەتا ئەوکاتە هیچ جۆرە نووسین و لێکۆڵینەوەیەک لەبارەى رەوانبێژى و رێزمان و زۆر لایەنى تریەوە نەبووە، بەلایانەوە وابووە کە زمانێکى سادەیە و تواناى خوڵقاندنى شیعرى بەرزى نییە، هەربۆیە نالى دەڵێت: هەرکەسێک نەزان نییە بابێت لێکدانەوە بۆ شیعرە کوردییەکانى من بکات، بزانێت ئاستى وشەسازى و رەوانبێژى و وێناى شیعرى لە چ ئاستێکدایە.
ئەم هۆیانە و زۆر بابەت و بەربەستى تر بوونەتە هۆى ئەوەى زۆر درەنگ کورد لابەلاى زمانى خۆیدا بکاتەوەو بیکاتە زمانى نووسین و خوێندن، ئەو هەوڵانەش هەبوون بەدرێژایى مێژوو هەوڵى تاکە کەسی بوون و لە توانایاندا نەبووە زمانەکە بخەنە سەرپێى و بکرێتە زمانى نووسین، لە سەدەى بیستەمدا بەهۆى پێشهاتە نوێیەکان و دەرچوونى رۆژنامە و گۆڤار و زۆربوونى خوێندنى نوێوە، زمانى کوردیش توانیویەتى پێشبکەوێت و جێگەى خۆى بگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا هەتا ئێستا کورد زمانێکى ستاندارى یەکگرتووى نییە.