هیوا محەمەد
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پۆستەکانی ناو حکومەتی دەوێت، تا بەکاریان بهێنێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو دروشم و بەڵێنانەی کە بە خەڵکی داوە
تەنها شتێک کە بە خێرایی لەدوای کۆتاییهاتنی دەنگدان لە هەڵبژاردندا دەکرێت، ئەنجامی بەراییە کە هەموان پەلەیانە بزانن چەند دەنگیان هێناوە، ئیتر دەرچووەکان پاڵی لێدەدەنەوە و بەشوێن دانانی مەرجەکاندا دەگەڕێن تا هەرچی زۆرتر پۆست و پلە بەدەستبهێنن.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بۆ یەکەم جار بە شێوازێکی نوێوە چووە بانگەشەی هەڵبژاردنەوە و بە بەشداریی جەماوەرەکەی و لە رێگەی پەیامەکانی سەرۆکی حزبەوە هەموو ئەو مەرجانەی خستەڕوو کە بۆ پێکهێنانی حکومەت هەیەتی و زۆربەشی پەیوەست بووە بە راستکردنەوەی رەوتی هەڵەی حکومەت. ئێستا یەکێتی نوێنەری ئەو خەڵکەیە کە هاودەنگ و هاوڕاین بۆ چاکسازیی و راستکردنەوەی ئەو چەوتیانە، هەربۆیە بەلای پارتی دیموکراتی کوردستانەوە ئاسان نییە بەخێرایی لەگەڵ مەرجەکانی ی.ن.ک دا بگونجێت و بگاتە ئەنجام، چونکە کێشەکە ژمارەی پۆست نییە بە تەنها هێندەی پەیوەستە بە بەرنامەی نوێی حکومەت و چۆنێتی مامەڵە لەگەڵ کێشەکان و سیاسەتی حکومەت سەبارەت بە بەغدا و پەیوەندیی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی کە بناغەیەکی سەرەکییە بۆ بەڕێوەبردنی هەرێم.
داهاتە سنوورییەکان ناگەڕێنرێنەوە
لە رابردوودا پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا بە چەندین کۆسپدا تێپەڕیون، بەتایبەتی لە بواری ئابووری و بابەتی گەڕاندنەوەی داهاتە سنوورییەکان و هاوتاکردنەوەی لەگەڵ ئەو پارە تەرخانکراوەی کە بۆ مووچە دادەنرێت، بەجۆرێک کە سەرۆک وەزیرانی عیراق دواجار لە پەرلەمانی عیراقدا بە راشکاوی وتی کە کێشەی مووچەی هەرێم پەیوەستە بە خودی هەرێمەوە، چونکە ئەوان بە شەفافانە ئەو داهاتە سنووریانە نانێرنەوە بۆ بەغدا، تا ئەوانیش تەواوکەری مووچەیان بۆ دابین بکەن.
ئەمە یەکێک لەو کێشانەیە کە یەکێتی دەیەوێت راستی بکاتەوە، چیتر ئەو ناشەفافییە نەمێێت و متمانە بێتە کایەوە و هەموو مانگێک لەکاتی خۆیدا مووچە بدرێت و بازاڕ و ژیانی خەڵک ببوژێتەوە.
خاڵێکی تری ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی تەوتینی مووچەیە کە پارتی دەیەوێت لە رێگەی هەژماری منەوە وەک پرۆژەیەکی سەر بەخۆیان بەڕێوەبچێت، ئەمە لە کاتێکدا تەوتین هیچ پەیوەندیی بە بەرژەوەندیی یەکێتییەوە نییە و لە سوودی مووچەخۆرانە بەگشتی.
یەکێتیی دەسەڵاتی دەوێت
بۆ هەموو کێشە کەڵەکەبووەکانی ناو هەرێم، یەکێتی بۆ ئەوەی بتوانێت بەرنامەکانی کاتی بانگەشەی جێبەجێبکات، دەبێت دەسەڵاتێکی وەهای هەبێت کە بیکات، دەبێت لە جێگەی بڕیارداندا هاوبەشی سەرەکی بێت، هێندەش کورسی بەدەستهێناوە کە مافی ئەوەی هەبێت و پارتییش زۆرینەی کورسییەکانی نەهێناوە تا بە بێ یەکێتی بتوانێت حکومەت پێکبهێنێت و لە واقیعیشدا هیچکام لەم دوو حزبە سەرەکییە ناتوانن بەبێ یەک ئەوە بکەن.
بەرژەوەندیی خەڵک لەبەرچاو بگرن
هەموو حزبەکان لە بانگەشەدا بەڵێنی گۆڕانکارییان داوە بە خەڵک، بەڵێنیان داوە کە باری گوزەرانی خەڵک باشتر بکەن، هەربۆیە پێویستە حزبەکان ئەوە بە بیرخۆیان بهێننەوە کە خەڵک چاوەڕوانی گۆڕانکاریی خێرایە و نایەوێت حکومەتێک پێکبێت هاوشێوەی رابردوو بێت، ئەمە زیاتر بە یەکێتی دەکرێت، چونکە یەکێتی دەستی برد بۆ دروشمی چاکسازی و خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت.
ی.ن.ک لە دوا کۆنگرەی خۆیەوە دەستیکرد بە چاکسازیی لە هەیکەلی حزبەکەدا، ئێستاش لەبەرنامەیدا هەیە گۆڕانکاریی لە کەسایەتییەکانی ناو حکومەتیشدا بکات و ئەوانە دووربخاتەوە کە بەپێی پێویست رۆڵیان نەبووە و نەیانتوانییوە لە بوارەکانی خۆیاندا هەنگاوی باش و جددی بنێن، ئیتر کە ئەم حزبە لەناو خۆیەوە چاکسازیی بکات، چۆن داوای گۆڕینی رەوت و بەرنامەی حکومەتیش ناکات؟
ئەوان مل دەنێن بۆ خواستەکان؟
پ.د.ک بەهۆی باشی و پتەویی پەیوەندییان بە تورکیاوە، کەم تا زۆر دەچنە ژێر خواست و مەرجەکانی تورکیا لە پێکهێنانی حکومەت، چونکە ئەو وڵاتە لە کەرکوکیش دەستوەردانیان کرد و دەیانویست پارێزگاری ئەو شارە بە یەکێتی نەدرێت.
بەلای ئەوانەوە پۆستە باڵاکان لە هەرێم نابێت بدرێت بە ی.ن.ک، چونکە ئەوان ئەم حزبە بەوە تاوانبار دەکەن گوایە هاوکار و داڵدەدەری پەکەکەیە، جا ئەگەر هەر سوور بن لەسەر ئەم تێڕوانینەیان بۆ یەکێتی، ئەوا رێگر دەبن لەوەی سەرۆکی حکومەت یان هەرێم لای یەکێتی بێت.
وەزارەتە گرنگەکانی دیکەش وەک ناوخۆ، بەهەمان شێوە، ئەوان کەسێکیان دەوێت هاوکاریی هەواڵگرییان بکات لەناو هەرێمی کوردستاندا.
سەرەڕای ئەم کێشانە کە لە دەسەڵاتی پارتیشدا نییە، هەڵوێستی یەکێتی و پارتی بەرامبەر کێشەکان لەگەڵ بەغداش جیاوازە، یەکێتی دەیەوێت بەغدا بکاتە چەقی یەکلاکەرەوەی هەموو کێشەکانی هەرێم، نەک وڵاتێکی دیکە، چونکە بەمەیان دەبێت ببینە پاشکۆی دەرەکی و ئەجێندای ئەوان جێبەجێبکەین.
بۆ نموونە، رەنگە زۆرینەی پارتییەکان پێیان خۆش نەبێت کە سوپای تورکیا لە دەیان شوێنی بادینان سەربازگەیان داناوە و بە داگیرکاریی دابنێن، بەڵام لەسەر ئاستی سەرکردایەتی حزبەکە نەک ناڕازی نین، بەڵکو رێگەشیان پێداون( هەرچەندە دڵنیام لەوەی کە پارتی ناتوانێت رێگریی لە بوونی سوپای تورکیا لە هەرێم بکات و ناشتوانێت پێیان بڵێت بڕۆنە دەرەوە، چونکە پێشتر خۆی خستۆتە ژێر باری پەیوەندییەکی مەرجدارەوە لەگەڵیان و ئێستا ناتوانێت لێی دەربچێت و کارتی سوور بە روویاندا بەرزبکاتەوە).
لێرەوە گرنگیی سیاسەتی یەکێتی دەردەکەوێت کە دەیەوێت بەغدا بکاتە چەقی یەکلاکەرەوەی پەیوەندییە دەرەکییەکان و بە کردار هەرێم بەشێک بێت لە عیراقی فیدراڵی و بەپێی دەستوور مامەڵە بکات، ئیتر ئەوکات مانەوەی سوپای تورکیا یان هەر لایەنێکی دیکە دەبێتە بڕیار و رەزامەندی بەغدا نەک هەرێم.
ی.ن.ک دەیەوێت چارەسەرکردنی هەموو کێشە داراییەکان و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، لە زووترین کاتدا بکات، ئەمەش شەفافیەتی دەوێت کە لە رێگەیەوە کۆمەڵگەی هەرێم دەبووژێتەوە و پرۆژە وەستاوەکان دەکەونەوە گەڕ، هەر لەبەر ئەمەیە کە سوورە لەسەر دانانی بەرنامەیەکی پتەو بۆ گۆڕینی سیاسەت و رەوتی حکومەتی نوێ، کەواتە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پۆستەکانی ناو حکومەتی دەوێت، تا بەکاریان بهێنێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو دروشم و بەڵێنانەی کە بە خەڵکی داوە.
بە بەرنامەیەکی شەفاف، هەناردەی نەوت لە هەرێمەوە دەستپێبکاتەوە