پرژە زاهیر جەلال
لە سەرەتاییەوه تا دوا قۆناغەکانی خوێندن، وانەی رێزمانی کوردی وەک سەرەکیترین وانە دەخوێندرێت، هەر لە وشەی سادەوە تا لێکدراو و داڕێژراو، دەزانین چاوگ چییە، وشە و واتاکانی، خاڵبەندی و شێوازی داڕشتن و وشەسازیمان فێرکراوه، لەگەڵ ئەوەی ئەدەب و زمانی کوردی زۆر دەوڵەمەندە بە فەرهەنگ و وشە، بەڵام چەند راگەیاندنێکی بینراو، بیستراو و خوێندراوی کوردی، دۆخەکەیان کاول کردووە، چۆن؟
لە کاتێکدا ئیشی راگەیاندن پەروەردەکردنی چاو و گوێی وەرگرە بە شێوازێکی سوودبەخش و سەلامەت بۆ هەموو تەمەنەکان، دەبێت ورد و ئاگاداربن وەرگر چی دەبینێت و چی دەبیستێت لەو بێژەر و پێشکەشکارەی دەیهێننە پێش کامێرا، هەندێک کەناڵ وشەی (کاژێر) لە جیاتی وشەی (کاتژمێر) بەکاردەهێنن، کە لە زمانی عەرەبیدا بریتییە لە (الساعة) و لە ئینگلیزیدا بریتییە لە (Watch) ، بەڵام لە راستیدا وشەی کاژێر هیچ پەیوەندییەکی بە کاتژمێرەوە نییە.
ئەگەر سەیری فەرهەنگی (هەمبانەبۆرینە)ی (مام هەژار) بکەین، دەبینین وشەی (کاژێر) لە لاپەڕە(600)ی فەرهەنگەکەدا بەم شێوەیە واتاکەی روونکراوەتەوە.
کاژێر: شەویلاکە/ شەویلکە/ شەویلە/ سووچ و قوژبنی ئۆدە(ژوور)/ لوتکەی چێژ لە کاری سێکسیدا/ ئۆدەی تەکیە لە خەڵوەتدا.
ئەوە روونە کە هیچکام لە واتاکان بە مانای کاتژمێر نەهاتوون! یان ئەگەر سەیری فەرهەنگی (تاهیر سادق)یش بکەین کە فەرهەنگێکە تایبەتە بە هاوواتاکانی زمانی کوردی، لە نووسینی خۆیەتی، دەبینین لە لاپەڕە (296)دا بەم شێوەیه واتای وشەی (کاژێر) روونکراوەتەوە.
کاژێر: پەنا/ قوژبن/ پەسیو.
جگە لەمانە لە فەرهەنگەکانی دیکەشدا کاژێر بە مانای کاتژمێر نەهاتووە، شایانی باسە لە هەندێک شێوەزاری کوردیدا وشەی (کاتکۆ) لە بەرامبەر وشەی (الوقت،(time بەکاردەهێنرێت، ئەمەش زۆر جوان و پڕ واتایە، پێویستە هەموو کەناڵەکانی راگەیاندن لە بەکارهێنانی وشە و زاراوەکاندا بە ئاگاییەوە مامەڵە بکەن و گرنگە هەر کەناڵێک زمانەوانی تایبەت و راوێژکاری زمانەوانییان هەبێت، ئەوکات دوچاری هەڵەی لەم جۆرە نابنەوە.
یاخود سەرنجڕاکێشانی بینەر لەلایەن هەندێک بەناو پێشکەشکار ئێستا بووەتە دیاردە، ئەم جۆرەیان هەوڵدەدات روخساری لە پێش چاوی بینەر زۆر جدی و کاریزما دەربکەوێت، پێچەوانەی قسەکانی کە بە تەواوی گاڵتەجاڕی و رابواردنە بەو هەواڵەی خراوەتە بەردەستی تا پێشکەشی بکات، یان ئەو میوانەی هەیەتی تا وتەی لێوەربگرێت، کۆی هەواڵە خۆش و ناخۆشەکان دەکەنە نوکتە، یان بەکارهێنانی وشەی نەشیاو، سێکسی و رستەی بیلا مانا، بە مەبەست، بەڵام ئێستاش نازانن (کاژێر) واتای (کاتژمێر) نییە.!
ئەمانە لە راگەیاندندا بە تەنها هەڵەنین، بەڵکو تاوانن و پێویستە سزای هەبێت، لەبەرئەوەی ئەم وشانە دەچنە سەر زمانی تاکەکان و دووبارەی دەکەنەوە.