مووچە سادەترین مافی مووچەخۆرانە لە جیهادا، کە لە دوای هەر مانگێک کارکردن، وەک بەرهەمی رەنجەکەیان وەریدەگرن، شێوازی وەرگرتنی مووچە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر دەگۆڕێت، لە زۆرینەی وڵاتان تەکنۆلۆژیا بەکاردێنن لە دابەشکردنی مووچەدا، بە ئاسانترین رێگا مووچەکانیان دەچێتە سەر کارتە بانکییەکانیان و دواتر دەتوانن لەڕێی ئامێری بانکی پارە راکێشانی سەر شەقامەکان و شوێنە گشتییەکانەوە، پارەکە رابکێشن یان لەبەرامبەر شت کڕین لە کاسەکان بەکاریبهێنن.
ئەگەر باسی عیراق و کوردستان بکەین دۆخەکە شڕە، بە ئاسانی چارە ناکرێت لە زۆر رووەوە، لەم هەرێمە مووچە مانگی جارێک نییە، بەڵکو بە مەزاجی بەغدا و هەرێم دابەشدەکرێت، ئەگەر دوو مانگ جارێک بێت، سوپاس گوزار و دەست بە نزاین، ئەگەر باسی شێوازی دابەش کردنەکەی بکەین شەرم دەمانگرێت، مووچەخۆر و خانەنشینی رەنج بە زایە، بە گەرما و سەرما دەچن نۆبەت دەگرن، چەندین سەعات دەوەستن تا بەریان دەکەوێت کە نۆبەشیان دێت زۆر جار روویداوە پارە لە بانکدا نامێنێت و دەکەوێتە رۆژێکی تر، هەر ئەمەشە وادەکات کەسەکان هەڵپە دەکەن تا هەرچی زووتر بەریان بکەوێت، یاخود لە کاتی سەرەگرتندا هەندێکیان بەسەر یەکدا دەکەون و بریندار و مردنی تێدەکەوێت بۆ وەرگرتنی قووتی خۆیان هەم سەریان دەڕوات هەم ماڵیان.
ئەگەر باسی رەوشی پەروەردە و خوێندنیش بکەین بە دەست نەهاتنی مووچە و بایکۆتی مامۆستاوە، دەزانین خوێندکار چەند قوربانییە، هۆکاری ئەمانە نەبوونی مووچە و نەبوونی سیستمێکی زیرەکی حکومیی دابەشکردنی مووچەیە، نەک سیستمێکی بانکیی سەر بە حزب کە دیسان سوود لە مووچەخۆر وەربگرێت لە رێی مانەوەی بڕە پارەکە لەو بانکەدا. جێی سەرسوڕمانە هەموان دەزانن ئەمە کێشەیە و کەسیش دەست نابات بۆ چارەسەر.
هەولێر دەڵێت خەتای بەغدایە
وەزیری دارایی عیراق دەڵێت هەرێم لیستەکەی نەناردووە، یان ناردوێتی و بن دیواری زیاد کردووە، لەولاشەوە یەک دوو دەست تێوەردانی تر دەکرێت و گۆمەکە زیاتر دەشڵەقێت، هەولێریش دەڵێت هەموو شتمان ناردووە ئەوان دوایدەخەن و کردویانەتە کارتێکی سیاسی، لەم نێوەندەشدا تەنیا زەرەرمەند، مووچەخۆری خاوەن مافە.
لە ساڵی 2017 وە، پەرلەمان نەیتوانیوە کێشەی مووچە چارە بکات، لە مانگی ئۆکتۆبەری رابردووشدا، دیسان هەڵبژاردن کرا بۆ پێکهێنانی پەرلەمانی کوردستان، کۆمەڵێک کاندید بوونە پەرلەمانتار کە سوێندی یاساییان خوارد بۆ داکۆکیکردن لە مافی گەلەکەیان، بەڵام تا ئەمڕۆ هیچ هەوڵێکیان دیار نییە بۆ چارەسەرکردنی پرسی مووچە و جێبەجێکردنی بەڵینەکانی کاتی بانگەشە.
دەپرسین ئایا پەرلەمانتارەکان خودی خۆیان مانگانە مووچەکانیان وەردەگرن لە کاتێکدا دانیشتنەکانی پەرلەمان بەڕێوەناچێت و پەرلەمان داخراوە؟
کامە سوودی پەرلەمانە کە نەتوانێت پێشگری (نها و بەپەلە و هەنوکە و هەر ئێستا) لەپێش هاتنی مووچەوە لابەرێت؟
هەر سەرەتای مانگ دێت لە تەلەفزیۆن و سۆشیاڵ میدیا هەواڵی هاتن و لە رێگابوونی مووچە پەخش دەکرێت، تا دەبێت بە کۆتایی مانگ و سەرەتای مانگی نوێش مووچەخۆر چاو لەڕێیە و مووچە هەر ناگات، خەڵکی هەرێمیش هێندەی ناڕەزایی دەربڕیوە، تاقەتی نەماوە، ئەگەر دادگایەکی سەربەخۆش لەم هەرێمەدا هەبوایە و دادپەروەرانە بۆ ئەم کەیسەی بروانییایە، دەبوو ئەوانەی بوونەتە هۆکاری ئەمە سزابدرانایە، تا چیدی ژیانی مووچەخۆران بەم جۆرە نەبوایە.
دیمەنی وەرگرتنی مووچە شەرمهێنەرە بۆ سیستمی حوکمڕانی